خوێنڕشتن هەرزانترە ، لە دەنگى هاوڵاتیان
سەرکەوت رەمەزان علی
میلیشیا حوکم دەکات! ئەوەی لە دونیادا تەنها لە وڵاتە دواکەوتوو و دیکتاتۆرەکاندا بینیومانە، ئێستا لە عێراقی “دیموکراتیک”مان رۆژانە بە چاوی خۆمان دەیبینین! ڕێکخراوى ئامنستی ئینتەرناشناڵ خۆی ئاشکرا دەکات: “شەش ساڵ دوای خۆپیشاندانەکانی تشرین، میلیشیا و هێزە ئەمنییەکان هەڵمەتێکى تۆڵە سەندنەوەیان ئەنجام داوە، چالاکوانانى عێراقیان کوشتووە یان لە زیندانە نهێنیەکاندا دەستگیریان کردوون، لە کاتێکدا داواى لێکۆڵینەوەیەان کردووە لەو کەسانەى دەستیان سوور بووە بە خوێنى خۆپیشاندەران”. پرسیارەکە ئەمەیە: دادوەر لەکوێیە؟
حکومەت؟ لای میلیشیایە!دادگا؟ لای میلیشیایە! وەزارەتی ناوخۆ؟ هەر لای میلیشیایە! داوای مافت بکەیت؟ میلیشیا گولەبارانت دەکات! دەنگت بەرز بکەیتەوە؟ میلیشیا ماڵت وێران دەکات! کواتە ئەمە چۆن دیموکراسییەکە لە عێراقدا؟
لەم چەند ڕۆژەى ڕأبردوودا جارێکی تر ژنە چالاکوانێکى بوارى ژنان لە بەغدا کوژرا — تاوانبار لە کوێیە؟
تەنها لەبەر ئەوەى داواى دادپەروەرى و یەکسانى دەکرد! ئەوەى جێگەى تێڕامانیشە هەموو جارێک هێزە ئەمنیەکان دەڵێن “لێکۆڵینەوە دەکەین” دواتریش دەڵێن “هێزێکى نەناسراو” کارەکەى ئەنجامداوە بەڵام هیچ جارێک نەمان بینى هیچ هێزێک یان هیچ میلیشیایەک دەستگیر بکرێت ! لە تشرینی ٢٠١٩دا زیاتر لە ٦٠٠ خۆپیشاندەر کوژران، زیاتر لە ٢٠٠٠٠ برینداربوون دوای شەش ساڵ، هیچ داد و دادوەریەک نەهاتووەتە دى، هیچ بکوژێک زیندانی نەکراوە.
من دەپرسم کوا حکومەتی سودانی؟ کوا وەزیری ناوخۆ؟ کوا دادگا؟ ئەگەر وەزارەتی ناوخۆی ئێستا مەشغووڵی دەستگیرکردنی گەنجانە بە بیانووی “ناوەڕۆکی نامرۆڤانە” ، بەڵام ناتوانێت بکوژى ژنێکی چالاکوان دەستگیر بکات ئەوەى ئاشکرایە ئەم کارە کێ دەیکات!
دەبێت خەڵکی عێراق لەوە تێبگات مامەڵەی ئەم سیستەمە لەگەڵ چالاکوانان بووەتە نموونەی خراپترین بێ بەرپرسیارترین لە جیهان. چیتر نابێت چاوەڕوانی ئەوە بکەین کە ئەم سیستەمە خۆی بەرپرسیارییەتی بگرێتەوە لە هەڵەکانى سیستەمێک کە گولە وەڵامى بۆچوونی جیاواز بێت، هەرگیز ناکرێت چاوەڕێ ئەوە بکەین کە ڕۆژانە ناوى تر زیاد بێت بۆ لیستى کوژراوەکانى ڕێگەى ئازادى دەبێت بە یەکگرتووانە بڵێن “بەسە!”















Post Comment