عەبقەریەتی شەیتان و سەرکەوتنە بەردەوامەکانی !!

عەبقەریەتی شەیتان و سەرکەوتنە بەردەوامەکانی !!

جار بینراوە: (0)

شەیتان بونەوەرێکی یاخیە ، سەرپێچی لە فەرمانی خودا کرد و ڕەتیکردەوە سوجدە بۆ ئادەم ببات و ، بەمە لەعنەتی لێکرا و لە بەهەشت دەرکرا ، لە ژەنەڕال « دێڤید پاتریۆس » فەرماندەی سەربازی پێشووی سوپای ئەمەریکا لە عێڕاق و سەرۆکی پێشووی هەواڵگری ئەمەریکا کە لە کونی دەرزیەوە ئاگای لە هەموو ئەوەی لە ژووری نووستنی سیاسیەکان لە جیهان ڕویدەدا هەیە و ، لێیان پرسی ؛ لەبەرچی دەستت لە گەورەترین هەواڵگری لە جیهان کێشایەوە گووتی ؛ شەیتان هۆکار بوو ، پێیانگووت ؛ جا شەیتان چ بەو کارەوە هەیە ! وەڵامیدایەوە : هەڵیخەڵەتاندم و خیانەتم لە ژنەکەم کرد و لەوە ترسام خیانەت لە نیشتیمانەکەشم بکەم ، بۆیە دەستلەکارکێشانەوەکەم خستەسەر مێزی نوسینگەی ئۆباما و ، جا واملێمەکەن دەستبخەمە ناو گیرفانم و لیستی ناوی ئەو کەسانە دەربهێنم کە بەناوی فەزیڵە و ئەخلاق بڕیار لەسەر چارەنووسی نەتەوە و گەلان دەدەن لەکاتێکدا ئەوان نوقمی خیانەتی سپی و ڕەش بووینە….

هەروەها لە « بیل کلینتۆن »ی سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا-یان لەسەر چیرۆکەکەی لەگەڵ « مۆنیکا لوینسکی » پرسی ، وەڵامی دایەوە : شەیتان لەگەڵ شەهوەتدا نووست و ، بەرگەی سەرنجراکێشیی مۆنیکا-م نەگرت و لەبەردەممدا هیچ بژاردەیەک نەما تەنها داوای لێبووردنکردن لە هێلاری و لە گەلی مەزنی ئەمەریکا .

هەموو ئەو ئابڕوچوونانەی کە لە ئەمەریکا لەنێو سەرکردە و سیاسی و بزنسمان و هونەرمەند…تاد ڕوودەدەن و کارە قێزەوەنەکانیان ئاشکرا دەبن ، بەڵگەی ئەوەن کە کۆمەڵگەی ئەمەریکی شەفافە و قبوڵی ڕەفتاری تاوانی نوخبەی سیاسی و بزنسمان و ئەستێرەکانی هونەری و ی ناکات و ، هەمیشە بەڵگەنامەکان دەخرێنەڕوو و ، وەک ئەو ناوچە لەعنەتیەی ئێمە نیە کە دەشاردرێنەوە و گوێش نادەنە ئابڕووچونەکان بە هەموو جۆرەکانیەوە .

شەیتان کە بەروەڕووی مرۆڤ دەوەستێتەوە وەسوەسە دەکات ، شەیتان لەجەوهەردا هەر تەنها بونەوەرێک نیە ، بەڵکو ڕێبازێکە ، هێزێکی خارق نیە ، بەڵکو زیرەکییەکی لادەرە ، شەڕانگێزێکی فەوزەوی نیە ، بەڵکو بلیمەتێکی ساردە ، دەزانێت چۆن مرۆڤ دژی خودی خۆی ئیستیغلال بکات ، کاتێک ئێمە خوێندنەوەیەکی ووشەیی بۆ خوێندنەوەی هێمایی بەجێدێڵین ، وێنەکە لە ڕیشەوە دەگۆڕێت بەمە ؛ توانایی دەگۆڕێت بۆ دەسەڵات و ، زیرەکی بۆ ئامرازێک بێ پەیوەستێکی ئەخلاقی و ، بەمەش شەیتان دەبێتە بلیمەت ، نەک لەبەرئەوەی بەهێزە ، بەڵکو لەبەرئەوەی قانیعکەرە ، داوا لە مرۆڤ ناکات کە شەڕانگێزبێت ، بەڵکو کەشوهەواکەی بۆ ئامادەدەکات و ، پاشان بەجێی دەهێڵێت و ، دەچێت خەریکی باقیەکەی تر دەبێت ، بلیمەتی شەیتان لەو واقیعە سەردەمەی ئێستاماندا ئەوەیە کە پێویستی بەوە نیە خۆی بشارێتەوە و لە شاراوە ئیشبکات ، لەو سەردەمەدا شەیتان فێربووە جلی سیستەم و نیزام لەبەربکات و ، بە زمانی ژمارە دەئاخڤێت و ، لەسەر مێزی بڕیاربەدەستان دادەنیشێت و ، بۆتە پسپۆر و پاساو بۆ تێکدانی مرۆڤ بەناوی « لێهاتوویی » دێنێتەوە و ، لە ڕووی سیاسیەوە گەلان بە هاوکێشەکانەوە سەیردەکات.

ئەوەتا دەبینین کە ماوەی چەند ڕۆژێکە جیهان بە دوورگە شەیتانیەکەی « جیڤری ئیبستین »ی گەورە گەوادی ئەمەریکی سەرقاڵکراوە ، کە وەکو شەیتانکەی شاعێری گەورەی ئینگلیز « جۆن میلتۆن » لە شاکارە بەناوبانگەکەی « بەهەشتی لەدەچوو » وایە کە هەمیشە لە ئازارێکی دەروونی وادا دەژیا کە نەیتوانی بەرگەبگرێت و ، ئیبستین-یش لەبەر ئەو ئازارە لە ساڵی 2019 لە بەندینخانە خۆی کوشت ، ئەو ئابڕووبەریە وەک پەتای کۆڕۆنا بڵاوبوەوە ، کۆڕۆنا جیاوازی نەدەکرد لەنێوان مرۆڤەکان ، هەژار و دەوڵەمەند و گەورە و بچووک ، بەڵام پەتای ئیبستین ئەو دەستبژێرانەی کردە ئامانج کە جیهان بەڕێوەدەبەن، , سیاسەتمەداری دیار و سەرۆکی وڵاتان و ئەمیر و وەزیر و بزنسمان و مامۆستای زانکۆ ، لەوانە ئەو چەهرە سەخیفە کە ناوی تۆم باراک- لە لیستەکەدایە و ئەمەریکا بۆ ئەو ناوچەیەی ئێمەی داناوە ، ئیبستین وەحشێکی شەیتانی بوو ، بەڵام لەهەمان کاتدا عەبقەری بوو کە دەستەبەری چێژ و مەلەزاتی بۆ ئەو نوخبەیە دەکرد کە تەمەنایان بۆ دەکرد و ، پاشان «ئەو » ئیستیغلالی ئەو زانیاریانەی دەکرد کە لێیوەردەگرتن بۆ بەدیهێنانی پارە و نفوزی زیاتر لەسەر ئەوان ، ئەو نوخبەیە کە نە ڕەوشت و نە پڕنسیپ نەیدەجوولاندن ، تەنها چێژی شەهوانی لە غەریزە شەڕانگێزیەکانیان نەبێت ، قووڕسە تاوانباری هەموو ئەوانە بکرێت کە چووینە ناو بازنەی ئیبستین ، لەوانە فەیلەسوف و زمانناس « نئۆم چۆمسکی » کە نامەی ڕێزوئیحترام-یان لەگەڵ ئیبیستین ئاڵوگۆر دەکرد و ، هەروەها « لاری سارمز »ی ئەکادیمیست و سەرۆکی زانکۆی هارڤارد.

پەتای ئیبستین هەر لە ئەمەریکا نیە ، لە هەموو سوچێکی ئەم جیهانە هەیە و ، ئەمە هەرتەنها ئابڕوچوونێکی سیاسی و سێکسی نیە ، بەڵکو داڕمانی ئەخلاقی ئەو دەستبژێرەیە کە لەڕووی سیاسی ئابووری جیهان بەڕێوەدەبەن .

بەکورتیەکەی ئەو تسۆنامیە شەیتانیە لە خۆرهەڵات و خۆرئاوای داوە ، ئەمە نە میدیاکارێک یان ڕۆژنامەنووسێک داینەهێناوە ، بەڵکو وەزارەتی دادی ئەمەریکا ئەو گەندەڵخانەیە و داچۆڕانەی لەنێوەندی نوخبەدا ئاشکرا کردووە کە مۆنۆپۆلی فلوسی جیهان- یان کردووە ، ئەمە شکستی ئەو شارستانیەیە کە بانگەشەی بۆ بەهاکان دەکرد ، ئەم تسۆنامیە هاواری دەنگێکی تاساوی قوربانیانیەکانی ئەو دوورگەی شەیتانەکان بوو کە ڕزگاربووبون لە دۆزەخی دورگەی شەیتان و بەهێزەوە هاتنە ناو کۆمەڵگای ئەمەریکا ، دەنگێکی بە ئازار و مەینەتدار کە لایەنێکی لاوازی چیرۆکەکە بوو ، ئەم دەنگە بوو کە پاڵپشتی گەورەی پیاوانی قانون و دادوەری بەدەستهێنا .

بابەتى تر

👤
Live: 108 Today: 1,652 📊 Click Here