ئازادی ڕادەربڕین لە کابینەی نۆدا..!

ئازادی ڕادەربڕین لە کابینەی نۆدا..!

جار بینراوە: (0)

کەیوان عەلی مەعروف – چالاکوان

ڕێکخەری فیدراسیۆنی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی، باس لە ژینگەی کاری ڕێکخراوە ناحکومیەکان و دامەزراوەکان دەکات لە هەرێمی کوردستاندا و پێی وایە دەسەڵات بە تایبەت لەم چەند ساڵەی دوایدا کار بۆ بەرتەسکردنەوەی ئازادییەکان دەکات.

یەکێک لەکاره لەپێشینەکانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی (مەسرور بارزانی) بە پۆلیسی کردنی دامودەزگاکانی حکومەت و بەرتەسکردنەوەی ئازادی ڕادەربڕین و کاری ڕۆژنامەوانی و ئازادی کاری سیاسی بوو، دەیان نمونە لەبەردەستن کە ئەم کابینەیە بەشێوەیەکی بەرنامە بۆ داڕێژراو ئازادییە کەسی و گشتیەکانی بەرتەسک کردۆتەوە.

بابان جەعفەر، ڕێکخەری فیدراسیۆنی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی هەرێمی کوردستان، لە چاوپێکەوتنێکی میدیاییدا، لە بارەی چەند تەوەرێکەوە لەسەر چالاکی و ئاستەنگیەکانی بەردەم ڕیکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی قسەی کردوە و ئاماژەی بە چەند خاڵێکی مەترسیدار کردووە لەبارەی ئازادی کاری گرووپ و ڕێکخراوە مەدەنیەکان لەهەرێمی کوردستان.

ڕێکخەری فیدراسیۆنی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی بەم شێوەیەی خوارەوە مەترسیەکانی ئەم کابینەیە لەسەر ڕێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی باس دەکات:

١- هەموو دامەزراوە حکومی و ناحکومیەکان لە ژێر دەستی یەک جۆر بەڕێوبردن و تێڕوانیندا کۆبونەتەوە.

٢- کاتێک ڕێکخراوە ناحکومییەکان دەیانەوێت کاری گەورە بکەن بەر دیواری دەسەڵات دەکەون.

٣- چەندین هۆکار هەیە بۆ بەرتەسکبوونەوەی کاری ڕێکخراوەیی، بەڵام هۆکاری یەکەم دەسەڵاتە کە دەیەوێت کۆمەڵگە بکات بە یەک ڕەنگ.

٤- دوای خۆپیشاندانەکانی ١٧ی شوباتی ٢٠١١، قەیرانی دارایی دروستکرا و خەڵک برسیکرا بۆ ئەوەی خەڵک پاشەکشە بکات لە ویستەکانی و گۆڕانکاری بۆ ئەو یاسایانەی دیکتاتۆرییەت دروست دەکەن. 

٥- دوای ساڵی ٢٠١١ ژینگەی میدیای نەوتی لە هەرێمی کوردستان دروستکرا و ژینگەیی میدیای ئازاد بەرتەسک کرایەوە.

٦- جێگری سەرۆکی حکومەت بەرپرسیارە لە بەرتەسکردنەوەی کاری ڕێکخراوەیی لە ماوەی ئەم سێ بۆ چوار ساڵەدا لە سنوری پارێزگای سلێمانی.

ڕێکخەری فیدراسیۆنی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی ئاشکرای دەکات کە دوو نامەیان ناردووە بۆ کونسوڵخانەکان و ئاگاداریان کردونەتەوە لە دۆخی کارکردنی ڕێکخراوەکان و ئاستەنگییەکان، هەروەها دەڵێت: کاتێک دەسەڵات دەیەوێت کۆمەڵگە یەک ڕەنگ بێت، گەندەڵی زیاد دەکات و ئەگەری سەرهەڵدانی توندوتیژی زیادتر دەبێت…

بە بڕوای من هەرچەندە یەکێتی و پارتی خۆیان بە براوە دەزانن لە کاتی هەڵبژاردن، کەچی لەسەرهەڵدانی توندوتیژی دەترسن، ئەمەش وادەکات فشارەکان بۆ سەر دەسەڵات لە جیاتی ئەوەی ئەنجامی باش بدەن بە دەستەوە، دەسەڵات وا دەکات ئەنجامی نەرێنیان هەبێت.

دەسەڵات لەچەند ساڵی ڕابردوودا دروشمی بە “دوبە” کردنی کۆمەڵگای هەڵگرتبوو، کەچی بوون بە خراپترینی ئەو دەسەڵاتانەی کەبەرامبەر نەیارەکانیان ئازادیەکان لەناو دەبەن.

تاوەکو ئێستا پارتی و یەکێتی خەون بە دەسەڵاتێکی دیکتاتۆرەوە دەبینن، بەتەمای ئەوەن زیندانێکی گەورە درووست بکەن و پڕی بکەن لەخەڵکی ئازادیخواز، ئەوان سوود لە ئەزموونی گەلانی ئێران و تورکیا وەردەگرن کە ناتوانن کۆمەڵگاکانیان بەرەو دیموکراسی ببەن، بەپێچەوانەوە پێویستە حکومەتی هەرێم سود لە ئەزموونی وڵاتانی دیکە وەربگرێت و ڕێ بۆ ئازادی و دیموکراسی خۆش بکات.

لەهەر کۆمەڵگایەکدا ئەگەر دەسەڵات ڕێگای نەدا، میدیا، ڕێکخراوە ناحکومییەکان، زانکۆکان بە ڕاستی کاربکەن و ڕێگا بکەنەوە بۆ ئەوەی هاوڵاتی لە ژیانێکی دیموکراتیدا بژی و دەسەڵات دەستا و دەست بکات، ئەوا دکتاتۆریەت سەر هەڵدەدات.

لە کۆمەڵگا دیموکراسیەکاندا دەبێت دەسەڵات ڕێگا بدات گروپی ئازاد و فشار و تاکەکەسی سەربەخۆ دروست ببن، ئەگەر ئەمە ڕونەدات تووندوتیژی چاوەڕێی دەکات، ئەمەش هەمان شتە کە دەسەڵات لە کوردستان دەیکات و بەرەو دکتاتۆریەت هەنگاو دەنێت.

بابەتى تر

👤
Live: 45 Today: 202 📊 Click Here