ڕێکەوتنی کورد و حکومەتی سوریا بەرەو کوێ؟

ڕێکەوتنی کورد و حکومەتی سوریا بەرەو کوێ؟

جار بینراوە: (1.1K)

نوێترین ڕێکەوتنی نێوان کورد و حکومەتی ڕاگوزەری سوریا، دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە. سەرچاوە سورییەکان دەڵێن ماوەی مانگێک بۆ جێبەجێکردنی ڕێکەوتنەکە دیاری کراوە.

لەم ڕێکەوتنەکەدا هیچ لایەک براوەی تەواو، یان دۆڕاوی تەواو نییە.

بۆ کورد لەم قۆناغەدا، هێشتنەوەی هێزی شەرڤان لە ناوچە کوردییەکان و بە یاساییکردنی هێزەکانی یەپەگە و یەپەژە، وەک بەشێک لەسوپای سوری، بەڵام بە شوناسی خۆسەرییەوە، هەمانکات هێشتنەوەی دامودەزگا کارپێکراوەکانی خۆسەری و بەستنەوەیام بە دەوڵەتەوە، بەشێک لە ئامانجە یەکانی کوردن.

بۆ حکومەتی ڕاگوزەری سوری، تێکەڵکردنەوەی دامودەزگا ئیداری و یاساییەکانی ناوچەکانی خۆسەری و گرێدانەوەیان بە دیمەشقەوە، بەشێک لە ئامانجە یەکانی حکومەتن.

دوای ئاشکراکردنی بەندەکانی ڕێکەوتنەکە، وەزارەتی دەروەی ئەمریکا پاڵپشتی بۆ ڕێکەوتنەکە ڕاگەیاند.

هەمانکات جەنەراڵ مەزڵوم لە دیدارێکی تەلەفزیۆنیدا دەڵێت: سەرۆکی فەرەنسا ئەمانوێل ماکرون، یەکێک لە گەرانتۆرەکانی رێکەوتنەکەیە.

پێشهاتێکی چاوەرواننەکراو بوو کاتێک سیناتۆر لیندسی گراهام، لەگەڵ پرسی پرۆژەیاسای پاراستنی کورد لە کۆنگرێس، هۆشداری بە سعودیە دا.

هێشتا بیست و چوار کاتژمێر بەسەر پەیامەکەی گراهامدا تێنەپەڕیبوو، پادشای سعودیە وەزیری بەرگری خالید بن سەلمانی نارد بۆ واشنتون، تا لە نزیکەوە لەگەڵ سیناتۆر گراهام کۆببێتەوە.

ئایا خالید بن سەلمان دەتوانێت بڕوا بە سیناتۆر گراهام بێنێت تا پرۆژەیاساکەی بۆ پاراستنی کورد لە کۆنگرێس بکێشێنێتەوە؟ یان پرۆژە بڕیارەکە بە دەستکارییەوە دەنگی لەسەر دەدرێت؟

ڕەنگە بۆ سعودیەکان مەترسی گەورەی پرۆژەیاساکەی گراهام، پاراستنی سنوورداری کورد نەبێت، بەڵکو خاڵەکانی تری پرۆژەیاساکە بێت، کە ئەگەر دەنگیان لەسەر بدرێت، شڵەژان و سەرئێشەی زۆر بۆ حکومەتەکەی شەرع وسعودیە و تورکیا و قەتەر درووست دەکات.

لەهەر حاڵدا مەترسی گەورە لەسەر ڕێکەوتنەکە سعودیە نییە، تەنانەت حکومەتی ڕاگوزەری سوریاش نییە، بەڵکو تورکیایە!

هەموو ئەزموونەکان پێمان دەڵێن، گەرەترین ڕێگر لە پێش درووستبوونی هەر جۆرە دەسەڵاتێکی کوردی، تورکیایە.

تورکیا زۆر خۆشحاڵ دەبوو گەر کورد لە سوریا، لە جێی ڕێکەوتن بڕیاری شەڕی بدایە، شەڕ کارتە بەهێزەکەی تورکیایە.

تورکیا بەم ڕێکەوتنە نیگەرانە، ئەم ڕێکەوتنە خزمەت بە ستراتیجی تورکیا ناکات!

ئایا تورکیا دەتوانێت ئەمجارەش ڕێکەوتن هەڵبوەشێنێتەوە؟

ئایا تورکیا دەتوانێت چەک لە شەڕڤان بسەنێتەوە؟

یان سیناریۆ و ڕەوتی ڕووداوەکان، دواجار تورکیا ناچار دەکەن، دیفاکتۆیەکی نوێی کوردی لە ناوچەکە قبوڵ بکات؟

.

👤
Live: 16 Today: 24 📊 Click Here