کوردایەتی جەماوەرو پارتەکانی باشوور
ئاشکرایە کێشەی کورد لە هەر چوار پارچەی کوردستان کێشەی نەتەوەیەکی دابەشکراوی داگیرکراوە لە لایەن چوار دەوڵەتی شۆڤێنی دواکەوتووی کەلتور داخراوی ئایینیەوە. بێگومان کاتێک لە دوای جەنگی یەکەمی دەوڵەتانی بڕیاربەدەست لە پێناوی بەرژەوەندییەکانی خۆیاندا ان دابەشکرد، بە مەبەست بووبێت یان نا لە رووی کردارییەوە پلانی کوشتنی ئایندەی کوردیان جێبەجێکرد. بۆ ئەوکاتەو بۆ ئێستاس رۆژئاوا بەگشتی و لە ئێستاشدا سیاسەتی وڵاتە یەکگرتووەکان دروستکردنی یەک گەلە لە چوارچێوەی ئەو سنوورە جوگرافیا دەستکردانەدا کە ئەوان لە جەستەی کورددا دروستیان کرد بەبێ رەچاوکردن و لەبەرچاوگرتنی جیاوازی ئیتنیکی. لەسەر ئەم بنەمایە ئەوان بە خەیاڵی خۆیان دەوڵەتێکی ناوەندی لە هەریەک لەو وڵاتانەدا کە داگیرکەری کوردستانن دەتوانێت لە چوارچێوەی ئەو سنوورە جوگرافیەدا گەلێک پێکبهێنێت. دەشێت بۆ وڵاتێکی وەک ئەمەریکا کە وڵاتێکی فرە رەگەزە نەک فرە گروپی ئیتنیکی ئەو بۆچوونە راست دەربچێت، بەڵام بە گوێرەی ئەو وڵاتانەی ان داگیرکردووەو کوردستان بووەتە کۆڵۆنیەکی نێودەوڵەتی و لە یەک کاتدا چوار داگیرکەری هەیە، هەرگیز ئەو بۆچوونە راست نیە، چونکە کورد تاکەئیتنیکێکی خاوەن شوناسەو جیاوازە لەو فرە رەگەزییەی ئەمەریکا کە هەر کۆمەڵێک و لە جوگرافیایەکەوە هاتوون و تاکە بنەمای پێکەوەبەستنیان جوگرافیای ئەمەریکایە و هیچ رەگەزێک یان بنەمایەکی هاوبەشی تری پێکهێنەری گروپی ئیتنیکی یان نەتەوەییان نیەو دەوڵەتی ئەمەریکایی دەتوانێت لەو تێکەڵە بێ شووناسانە گەلی ئەمەریکی دروست بکات و شوناسی ئەمەریکاییان پێببەخشێت، بەڵام کورد خاوەنی جوگرافیاو مێژوو، کەلتورو ناسنامەی ئیتنیکی خۆیەتی و ناشێت بەهیچ جۆرێک لەگەڵ ئیتنیک یان نەتەوەی تردا لە سایەی دەوڵەتی داگیرکەری وڵاتەکەیدا گەل پێکبهێنێت. باشترین نموونەش بۆ سەلماندی ئەوم بۆچوونە ئەوەیە کە سەرباری دابەسکردنی جوگرافیای کوردستان بە سنووری دەستکرد بۆ چوار بەش نەیتوانیووە گروپی ئیتنیکی کوردی دابەش بکات، بەڵکو ئیتنیکی کوردی هەر وەک خۆی دەمێنێتەوەو سنووری ئیتنیکی لە ئیتنیک و نەتەوەکانی عەرەب وتورک و فارسی جیادەکاتەوە بەهیچ شێوەیەکی تێکەڵ بوون یان یەکگرتنی ئیتنیکی کوردی لەگەڵ ئەوانی تردا روونادات. ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت خۆی یەکەیەکی یەکگرتووە، واتە سنووری دەستکرد نەیتوانیووەو ناتوانێت جەستەی ئەم ئیتنیکە دابەشبکات و سەرئەنجام سنوورە جوگرافیە دەستکردەکان لە کۆنەستی ئیتنیکی و نەتەوەیی کورددا هیچ مانایەکیان نابێت و هەروەک لە دەنگ و دروشمەکانی جەماوەری خۆپیشاندەری هەموو پارچەکانی کوردستان و لای کوردانی دایاسپۆراش ئەوە دووپات دەکرێتەوە کە کوردستان یەک کوردستانەو کورد یەک نەتەوەیە.
ئەم دروشمە پڕ بایەخەی جەماوەری خۆپیشاندەر بۆ پشتگیری رۆژئاوای نیشتیمان، هاوتەریبە لەگەڵ گەوهەری گی ناسیونالیزمی کوردی کە هەڵگری خواست و ویستەکانی نەتەوەیەکی دابەشکراوی وڵات داگیرکراوە. هاوشێوەی گی ناسیونالیسزمی کوردی، دروشمەکانی جەماوەر دەری دەخەن کە کوردستان یەک نیشتیمانەو کورد یەک پێکهاتەیەو کێشەی کورد لە گەورەدا یەک کێشەیە ئەویش کێشەی ژێردەستەیی و بە کۆڵۆنیبوونێتی وەک کۆڵۆنیەکی نێودەوڵەتی و ئەو دەوڵەتانەشی کە کۆڵۆنیالیستی کوردستانن، بێ جیاوازی چوار دەوڵەتی ناشارستانی دڕندەی کۆنەپەرستی ئیسلامی سیاسیین، چی دەوڵەتی شیعەبن وەک لە ئێران و عێراقدا، یان دەوڵەتی سونە بن وەک لە تورکیاو سوریای ئێستادا، چی ئیخوانی بن یان وەهابی. ئەم چوار داگیرکەرەی کوردستان دەشێت لە سەر هەموو شتێک لەگەڵ یەکتر ناکۆک بن بەڵام لەسەر تاکە ئامانجێک هەموویان کۆکن ئەویش نەک هەر دژایەتی کوردە بەڵکو پاکتاوکردنی رەگەزی و سڕینەوەیەتی. دەبینین تورکە بەناو ئیسلامیەکان چۆن پاکتاوی کورد دەکەن، دەوڵەتی ئاخوندی شیعە مەزهەبی ئێرانی بەردەوام قەسابخانەی بۆ ملپەڕاندنی لاوانی کورد لەکاردایە. دەوڵەتە شیعە پرۆ ئێرانیەکەی عێراقیش کە بەشێکی دیاری پارت و لایەنە کوردیەکان لە دەسەڵات و لە ئۆپۆزسیۆنی ئایینی و ئۆپۆزسیۆنی بێ شوناس گۆرانی بە باڵایدا دەڵێن، ئەگەر دەستی بڕوات دوو دڵ نابێت لە پاکتاوکردنی کورد. ئەو لایەنە سونانەی عێراقیش کە تاکو ئێستا توانای خۆپاراستنیان لە هەژموونی شیعە نیە، ئەگەر دەسەڵاتیان هەبێت ئەوەی رژێمەکەی سەدام حسەین دژ بە کورد تەواوی نەکرد، ئامان تەواوی دەکەن. بەڵام ئەوەی جێگای سەرنجەپارت و لایەنەکانی باشوور لە کاتێکدا زۆربەیان بە راست یان بە درۆ پشگیری بەرخوردانی رۆژئاوای نیشتیمان دەکەن، دژ بە یەکتری هاوپەیمانی و هەندێکیان لە هاوپەیمانیش زیاتر لەگەڵ شیعەو سونەی عێراق بە دژی یەکتری دەبەستن و هەندێکیان وەکو خۆیان دەیڵێن بە تایبەتی بەناو ئۆپۆزسیۆن ئامادەن لەگەل شەیتان ببنە هاوپەیمان ، بەڵام ئامادە نیە لە پێناوی پاراستنی ئەو ژێرخانەدا کە خۆی و برا دژەکەیشی دەژین رێکبکەوێت. لە راستیدا ئەم جۆرە بۆچوونانە تەنیا لە عەقڵی داخراوی خێڵایەتی سەرەتاییدا هەیەو بەهیچ تیۆریی و رێسایەک ناخوێندرێتەوە، تەنها بە رێسای ملهوڕی و بە تەنگەوە نەهاتنی بەرژەوەندییەکانی نەتەوەو نیشتیمان نەبێت. کەواتە هەڵگرانی عەقڵ و بۆچوونی لەمجۆرە چۆن دەتوانن بەرگری لە رۆژئاوا بکەن؟ پێویستە هەموو لایەنەکانی باشووری کوردستان بۆ ئەوەی جەماوەر برواتان پیبکات کە بەراستی بەرگری لە کوردبوون دەکەن، پێویستە لەم دۆخەدا کە میلەت بە گشتی لەبەردەم مەترسیدایە لێرە لە ماڵەکەی خۆتاندا رێکبکەون. کە ئێوە نەتوانن لە ماڵەکەی خۆتاندا لەگەڵ یەکتری لەسەر بەڕێوەبردنی ماڵەکەتان رێکبکەن، چۆن متمانەتان پێبکەین کە پشتگیری براکەی ترتان دەکەن؟
سەبارەت بە جەماوەری باشووری کوردستان بەگشتی و نەوەکانی دوای راپەڕین بەتایبەتی تاکو ئێستا بۆچوونێک هەبوو کە ئەم نەوە گەنجانە ئینتیمای نەتەوەیی نیشتیمانیان نیەو نەوەی ئایپادو تەکنۆلۆجیای زیرەکن، بەڵام کارەساتەکانی رۆژئاوا هەموو ئەو بۆچوونانەی هەڵوەشاندەوە. ئەم نەوە نوێیە کە رووبەری هەرە فراوانی گەلی کورد پێکدەهێنێت بە گیانێکی کوردانەی پتەوو بەهێزەوە، بە روانینێکی بابەتیانەی پێشکەوتنخوازانەی دوور لە هەستی سۆڤێنیستی و رەیسیزم و بەگیانی سەردەمیانەو بە عەقڵی کراوەو بە دروشمی نەتەوەیی و نیشتیمانی پێشکەوتنخوازانەوە، لە لایەک پشتگیری لە رۆژئاوا دەکات، لە لایەکی تر بە پارتەکانی باشووریش دەڵێت ئێوە خەیاڵتان خاوە چەقی چارەسەری کێشەی کورد دوورە لە دروشمیرووکەش و لە پشتەوە سەوداگەری لەسەر بەرژەوەندی حیزبی و دارایی کورت تەمەن،ئێوە کە پێتانوایە بەغداو تاران و ئەنقەرەو دیمەشق قوڵایی ستراتیژی کوردستانە، لەم رووداوانەدا دەردەکەوێت بەهەڵەداجوون. نەخێر ئەو پایتەختانە پایتەختی داگیرکەرانی کوردستان و شوێنی دانانی پلان و نەخشەی پاکتاوکردنی رەگەزی کوردن.
بێگومان هەمیشە دەنگی جەماوەر لە دەنگی حارتە سیاسیەکان و دەستەبژێری سیاسی راستترو راستگۆیانەترە. لە کاتێکدا لە باشوورو باکووری وڵات، لە رۆژئاواو لە رۆژهەڵات، جەماوەر هاوار دەکات کوردستان یەک کوردستانە، هەر چوار داگیرکەر دوژمنی کوردانە، وێرانکەری نیشتیمانە، بکوژی رابردوو ئێستاو ئایندەمانە، کەچی دوو پارتە بە ئەزموونەکەی باشوور کە دەبوا ئێستا رابەرایەتی کوردبوون و گی کوردایەتیان بکردایەو خەریکی دانانی پرۆژەی هەمەلایەنە بوونایە بۆ سەربەخۆیی کوردستان، کەچی لەسەر پۆستی سەرۆک کۆمارێکی کارتۆنی دەوڵەتی عەرەبی عێراقی ئێسقانی یەکتر دەشکێنن. خۆ ئاشکرایە ئەو پۆستە لە رووخانی سەدام حسەینەوە لە رووی نەتەوەییەوە سوودی تەڵەپووشێکی بۆ کورد نەبووە، بۆیە ئێوە لە پێناوی بەرژەوەندی کورددا ئەو شەڕە ناکەن، بەڵکو لەبەر ئەو پول و پارەیە کە ئەو پۆستە هەیەتی ئەو شەڕە دەکەن.
ئێستا ئەگەر لە باشوور بەراورد بکەین لە نێوان جەماوەرەی وروژاو و پارت و لایەنە سیاسیەکاندا، ئەوا بۆمان دەردەکەوێت ئاستی هوشیاری نەتەوەیی جەماوەر زۆر لە پێش پارت و لایەنە سیاسیەکانەوەیە. ئەمەش دەیسەلمێنێت کە ئەم پارتانە ناتوانن نوێنەرایەتی ئەم جەماوەرە بکەن. بێگومان دۆخێکی لەم جۆرەش دەکەویتە بەردەم مەترسی گەورەوە، مەترسی نەبوونی سەرکردایەتی و رابەرایەتیکردن، کە ئەوەش واتە ئەو وروژانە جەماوەرییە بەبێ رێکخستن و رابەرایەتیکردن ناشێت بەردەوام بێت. هەرچەندە من وای بۆدەچم خودی پارتەکانی باشوور دڵخۆش نەبن بە دەرکەوتنی ئەو ئینتیما نەتەوەیی و نیشتیمانیەی جەماوەر چونکە زۆر لە پارتەکانی تێپەڕاندووەو ئەگەر سەرکردایەتی بۆ خۆی نەدۆزیتەوە سەرئەنجام پەرش و بڵاو دەبێتەوە کە بێگومان پارتەکان بە دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆنەوە ئەوەیان پێخۆشە چونکە بەهێزبوونی ئینتیمای کوردایەتی و باڵادەستبوونی گی کوردبوون و گی ناسیونالیزمی کوردی هەڕەشەیە لە بوون و بەرنامەو سیاسەتی نانەتەوەیی و بەڕێوەبردنی نانەتەوەییانە، کە ئەوەش دەبێتە هەنگاوی یەکەم بۆ درووستبوون و دەرکەوتنی ئەڵتەرنایتیڤی پارت و لایەنی سیاسی نانەتەوەیی یان بەهێزبوونی ئاراستەی نەتەوەیی و نیشتیمانی لە باشووری کوردستاندا.















Post Comment