هەڵوێستی سەرکردەکان و هەڵوێستی خەڵک

هەڵوێستی سەرکردەکان و هەڵوێستی خەڵک

جار بینراوە: (8.0K)

زانیار خەلیل – چالاکوان

وەک لای ھەمووان ئاشکرایە گەلی ئێمە لە ڕۆژئاوا و باشوری کوردستان بۆ چەندین سال بە دەست ڕێکخراوی تیرۆرستی و داعشەوە و دەیان گروپی تیرۆرستی تری دڕندە و خوێنڕێژ دور لە باھاکانی مرۆڤایەتی و ئاینی و ئەخلاقی دەیانناڵاند و کۆمەلکوژ دەکرا و خوشک و دایکانمان بە سەبایە دەبران و کڕین و فرۆشتن و ئەودەست و دەستی پێ دەکرا و ناموسمان ھەتک دەکرا.

لای ھەموتان ڕونە لە ڕابردوودا بە نھێنی و لەدەرەوەی یاسا پشتیوانی سەربازی لە داعش و گروپە تیرۆرستەکان دەکرا، بەڵام لە ئێستادا تیرۆرستانی داعش لە ژێر ناو و بەرگێکی تر و بە ھەمان ڕەفتار و بیروبۆچونی جاران و بە ئاشکرا پشتیوانی سیاسی و سەربازی دەکرێن و دەولەت و یاسا و دەستوریان بۆ سازکراوە دەسەلات و ڕەوایەتیان پێداون کە گەلی کورد و ھەر گەل و مەزھەب و ئاینزایەکی جیاواز و ھەرکەسێک ملکەچی دەسەلاتی داعشی نەبێت کۆمەلکوژبکرێن و لە ناو ببرێن.

زۆر باش بزانن ئەوەی ئێستا لە ڕۆژئاوای کوردستان دەگوزەرێ زەنگێکی مەترسیدار و دەسپێکێکی تازەی ھەولی لەناوبردنی تەواوی گەلی کوردە، لەلایەکی دیکەوە لەدوای ساڵی ١٩٩١ ەوە ناکۆکی نێوان حیزبەکانی باشور بەتایبەتی پارتی و یەکێتی بۆ ساڵانێکی زۆر بووبووە هۆی داماڵینی ئینتیمای نیشتیمانی لەناو جەماوەر بەتایبەت لەناو چینی گەنجاندا شەری چوار ساڵەی براکوژی هێنانی دەبابەی بەعس بۆ سەر هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان، کوشتنی خەڵکی سڤیل بەدەستی هەردوولا، ئەوە بوو تاکو ئێستاش ئەو ناکۆکیانە بەردەوامی هەیە بەڵام بە جۆرێکی دیکە مخابن، لەسەرو بەندی ئەو گرژیانەی ڕۆژئاوادا دوبارە دروستبونەوەی ئینتیمای نیشتیمانی لەناو تاکی کوردی باشوردا و ئەو حەماس و گڕوتینە بەرزەی تاکی کورد لەهەموو لایەک و بەتایبەت لە باشوری کوردان و بەدەنگەوەچونی براکانمان لە رۆژئاوا هەر لە دروستکردنی کەمپین بۆ کۆکردنەوەی هاوکاری دارایی و کەلوپەل، وە لە لایەنی مەعنەوی بە گەیاندنی دەنگیان لەڕێگەی ئاڕاستەکردنی میدیا و وەکەسایەتیە دیارەکان لەڕێگەی ئەکاوتەکانیانەوە بە ئامانجی خزمەتی دۆزی کورد.

دەسەڵاتدارانی کورد لە باشور و بەدیاریکراوی لایەنێکی سیاسی دەسەڵاتدار دەیانبارە ڕوی ناشیرینی خۆیانیان نیشانی خەڵک دایەوەو دەیانویست ئەو حەماس و گڕوتینەی هەیە لەپێناو بەرژەوەندنی حیزبی و بنامەڵەییدا لەبار ببەن، ڕێگریکردن لە دەیان بارهەڵگری هاوکاریەکان لەسەر سنور لەبەر ئەوەی دەبێت هەموو هاوکاریەکان بەناوی دەزگای خیرخوازی بارزانیەوە داخڵ ببێت دەنا ڕێگە نادەن هاوکاریەکە بگات لەپێناو بەرژەوەندی شەخسی و بنەماڵەیی ژیانی خوشک و برایانمانی زۆر خستە مەترسیەوە لەکاتێکدا سەدان منداڵ چاوەڕێی مەرگی دەکرد لەبرسا و لەسەرمان نزیک بوون لە کارەساتێکی مرۆیی زۆر گەورە ئەوان باکیان پێی نەبوو و مێژوویەکی دزێوی دیکەیان بۆخۆیان نوسییەوە.

ئەگەر بمانەوێ گەلی ئێمە چیتر کۆمەلکوژ نەکرێ و دایک و خوشکانمان نەکەونە ژێر چەپۆک و ناوگەڵی بۆگەنیوی داعشە بە یاسا و دەستورە درۆیین کراوەکانی سوریا و ئابڕو و شکۆمان نەشکێ و ناسنامەی نەتەوەییمان بۆ ھەمیشە نەسڕێتەوە و مندال و جگەرگۆشە ساواکانمان سەرنەبڕێن و جەرگی ھاوسەر و خوشک و دایکانمان نەسوتێت، بێوچان لە ھەول و تێکۆشاندابن بەچڕی بەشداری گردبونەوە و ڕێپێوانەکان بکەن و بەردەوامی پێ بدەن لە ناوەوە و دەرەوەی ولات ھەتا ئەو پلانە قێزەونەی بە مەبەستی قڕکردنی گەلی ئێمە لە سەرتاسەری کوردستان بە گشتی و بەتایبەتی لە ڕۆژئاوای کوردستان شکست پێ دێنن.

بە ھیوای سەرکەوتن بۆ گەلی کورد بەتایبەت لە ڕۆژئاوای کوردستان.

بابەتى تر

👤
Live: 41 Today: 43 📊 Click Here