کێ سوودمەندی ئەم دۆخەی لەکارکەوتنی پەرلەمانە..؟!

کێ سوودمەندی ئەم دۆخەی لەکارکەوتنی پەرلەمانە..؟!

جار بینراوە: (8.0K)

خالید عومەر

زیاتر لە سێ ساڵە پەرلەمانی کوردستان لەکارکەوتوە، نە دەتوانێ کۆبونەوە بکات و یاسا دەربکات، نەدەتوانێ چاودێری حکومەتیش بکات، لە ئێستادا هیچ دامودەزگایەکی یاسایی لەکوردستان ناتوانێ چاودێری کارەکانی حکومەت بکات، ئەمەش زیاتر لەهەموو کەس بەدڵی سەرۆکی حکومەتی ماوە بەسەرووە.

ئێستا لەهەرێمی کوردستان دۆخێکی سیاسی و حوکمڕانی چەقبەستوو لەئارادایە، وای لێهاتووە چاودێرانی سیاسی و ڕۆژنامەنووسانی خوودی پارتی و یەکێتیش لەم دۆخە نیگەرانن و لەڕێگەی نوسینەوە تەعلیق لە دواکەوتنی پێکهێنانی حکومەتی نوێ و پەکخستنی پەرلەمانی کوردستان دەدەن.

لەم بارەیەوە ” ڕێبوار کەریم وەلی ” ڕۆژنامەنووسی پارتی نزیک لە نێچیرڤان بارزانی دەڵێت ” ڕاستییەکەی دوای ساڵێک و دوو مانگ لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، نە پارتی و نە مەغروور بارزانی، بۆیان موهیم نییە کە کابینەی دە پێک دێت یان نا؛ کەس بەقەدەر سەرۆک وەزیرانی ماوە بەسەرچوو، سوود لەم وەزعە نابێنێ.

دەشڵێت: دامەزراوەی تەشریعی کە هاوکات چاودێرە بەسەر حکومەتدا، سێ ساڵە وجودی نەماوە. بەناو سەرۆکی حکومەتیش خۆی لە هیچ کەموکوڕییەک بە بەرپرسیار نازانێت. بە پێچەوانەوە کارە باشەکان بۆ خۆی دەبات و ئۆباڵی خراپەکانیش دەخاتە ئەستۆی خەڵکەوە!

ئەم ڕۆژنامەنووسەی نزیک لەباڵی نێچیرڤان بارزانی کە بەئاشکرا دژایەتی مەسرور بارزانی دەکات، پێی وایە، دواین کۆبونەوەی نێوان پارتی و یەکێتی کۆبونەوەیەکی فاشیل بووە، چونکە بەشی هەرە زۆری ئەندامانی شاندی دانوستانکاری پارتی، خەدەم و حەشەمی مەغروور بارزانین و ئیشیان ئەوەیە کە فەشەل بە کۆبونەوەکان بهێنن. بە واتایەکی دیکە یان بەیعەت دەکەن، یانیش هەر کەس لە ماڵی خۆی.

ڕێبوار کەریم وەلی زیاتر دەڵێت؛ڕەنگبێ دوایین کارتی حزبی باوک و کوڕ کە یەکێتی پێ دەترسێنن، حکومەتی زۆرینەی 50+1 بێت، بەڵام لە ڕاستیدا، ئەوە لای یەکێتی مەعلومە کە سەر ناگرێ ، ئەگەریش سەربگرێ، ئەوا یەکێتی لە ژێر ئەو گوشارەدا، ئامادە نییە وەک جاران بە سەرکزی ملی رێی حکومەت بگرێ.

بۆچونی ئەم ڕۆژنامەنووسەی سەر بەنێچیرڤان بارزانی ئەو ڕاستیە دووپات دەکاتەوە کەئەم دۆخە تەنها لەقازانجی سەرۆک وەزیراندایە، بەبێ چاودێری پەرلەمان و بەبێ بوونی شەرعیەتی یاسایی لە زۆنی زەرد حوکمڕانی دەکات، هەموو کاره باشەکانی حکومەت دەکاتە موڵکی خۆیی و لەبەرامبەر هەر کارێکی خراپ و نەشیاویشدا خۆی ناکاتە بەرپرسیار، کورت و پوخت ئەم دۆخە بۆ ؛ مەسرور بارزانی ؛ بێ عەیبە و حکومەت پێکبێت یان نا ئەو هەر لەسەر میزاج و کورسی و دەسەڵاتی خۆیەتی.

بابەتى تر

👤
Live: 45 Today: 202 📊 Click Here