باڵندە و ئاژەڵەکان لە وەرزی زستاندا چیان بۆ بکەین؟

باڵندە و ئاژەڵەکان لە وەرزی زستاندا چیان بۆ بکەین؟

جار بینراوە: (1.5K)

ماوەی چەند ساڵێکە بەشێک لە دڵسۆزانی ژینگە و دۆستان و خەمخۆرانی باڵندە و ئاژەڵە کێوییەکان، لەکاتی هاتنی وەرزی زستان و بەفرباریندا، لەبەشێک لە ناوچە شاخاوییەکان، خواردن و دانەوێڵە دادەنێن بۆ باڵندە و ئاژەڵەکان.

ئەم کارە مایەی خۆشحاڵییە لەبەر ئەوەی بەزەییهاتنەوە بە باڵندە و ئاژەڵەکان هەمیشە سیفەتێکی جوانی کوردەواری بووە، و ئاینی پیرۆزی ئیسلامیش هانمان دەدات بۆ وەها کارێک، من گومانم نیە لەوەی خوای گەورە لە هەموو مرۆڤەکان سۆز و بەزەیی بۆ دروستکراوەکانی خۆی زیاترە، دڵنیام لە هیچ وەرزێکدا دروستکراوەکانی خۆی فەرامۆش ناکات.

بەڵام بە پێی بە دواداچوونم و پرسیارکردن لە چەند پزیشکێکی بەڕێزی ڤێرتێنەری، دەبێ لایەنی کەم جۆری ئەو خۆراک و دانەوێڵانە بزانین کە دەیبەینە ئەو شوێنانە، بە تایبەتی خۆراکەکان نەبنە هۆکاری زیان گەیاندن بە باڵندە و ئاژەڵەکان، بەتایبەتی لە ماڵەوە یاخود لە چۆڵەوانی نزیک گەڕەکەکان، دەکرێ پاشماوەی خۆراکەکانی خۆمان کە ڕۆژانە بەکاری دەهێنین، بە ئاوی گەرم بشۆرێتەوە دواتر بدرێت بە باڵندە و ئاژەڵەکان، ئەگەر نا زیانیان پێدەگەیەنێت، واتە بۆ باڵندە و ئاژەڵی ماڵیش خۆراکی چەور و ماوە بەسەرچوو و زیانیان پێدەگەیەنێت.

دەبێ ئاگاداریش بین خۆراکەکان لە چەند شوێنێکی دیاری کراو دابنرێن بە تایبەتی نزیک لە بنکەکانی پۆلیسی دارستان و پاراستی ژینگە، یا هەر بنکەیەکی تر، نەکا کەسانی بێویژدان ئەو شوێنانە بەکار بهێنن بۆ قەڵاچۆکردن و لەناوبردنی ئاژەڵ و باڵندەکان و ڕاویان بکەن، وەکو پێشتر لە وەرزی هاویندا ئەو کارە نەشیاوانەمان لە زۆر شوێن دەبینی کاتێ ئاژەڵ و باڵندەکان دەچوون بۆ ئاو خواردنەوە لەو شوێنانەی بە شێوەی دەستکرد ئاویان پێدەدرا.

یاخود دەکرێ هەر کەسە و بە پێی توانا لە بان خانوو یا دیوارەکان جۆرە خۆراکێک یا دانەوێڵەیەک دابنێین بۆ ئەوەی باڵندەکان سوودی لێببینن…..

چی جۆرە خۆراکێک بدەین بە ئاژەڵ و باڵندە بێلانەکان لە زستاندا.

لە وەرزی زستاندا، ئاژەڵ و باڵندە بێلانەکان پێویستییەکی زۆریان بە وزە هەیە بۆ ئەوەی بتوانن پلەی گەرمی لەشیان بپارێزن و لە سەرمایەکی سەخت ڕزگاریان بێت.

ئەمانە باشترین جۆرەکانی خۆراکن کە دەتوانیت پێیان بدەیت:

١. بۆ باڵندەکان (چۆلەکە، کۆتر، ڕیشۆڵە)

باڵندەکان لە زستاندا بەدوای ئەو خۆراکانەدا دەگەڕێن کە چەوری و نیشاستەیان زۆرە:

دانەوێڵەکان: گەنم، جۆ، بڕوێش و نیسک.

تۆوی گوڵەبەڕۆژە: یەکێکە لە باشترین سەرچاوەکانی وزە بۆ باڵندە.

برنجی کوڵاو: دەتوانیت پاشماوەی برنجی ماڵەوە بەبێ ئەوەی زۆر (چەور یا سوێر )بێت بۆیان دابنێیت.

نان: نانی ووردکراو باشە، بەڵام باشتر وایە کەمێک تەڕ بکرێت بۆ ئەوەی خواردنی ئاسان بێت.

٢. بۆ پشیلە و سەگی بێلانە

ئەم ئاژەڵانە لە سەرمادا پێویستییان بە پڕۆتین و چەوری هەیە:

پاشماوەی گۆشت و مریشک: پارچە گۆشت، پێستی مریشک، یان چەوری زیادەی گۆشت. (تێبینی: ئاگاداربە ئێسکی زۆر تیژیان پێنەدەیت چونکە گەروویان بریندار دەکات).

تەواکەری خۆراکی (Dry Food): ئەگەر توانات هەبوو، خواردنی ئامادەکراوی وشک باشترین بژاردەیە چونکە هەموو پێکهاتەکان و ڤیتامینەکانی تێدایە.

هێلکەی کوڵاو: سەرچاوەیەکی نایابی پڕۆتینە.

٣. خاڵە هەرە گرنگەکان

ئاو: لە زستاندا زۆرجار سەرچاوەکانی ئاو دەیبەستن یان دەبنە قوڕ و لیتە، دابینکردنی قاپێک ئاوی خاوێن بەقەد خۆراکەکە گرنگە.

شوێنی وشک: ئەگەر دەتوانیت، خۆراکەکە لە شوێنێکی وشک و دوور لە بەفر و باران دابنێ تاوەکو تێک نەچێت و ئاژەڵەکەش بە ئارامی بیخوات.

خوێ و بەهارات: هەوڵبدە ئەو خۆراکانەی دەیاندەیتێ زۆر سوێر یان توند نەبن، چونکە زیان بە کۆئەندامی هەرسیان دەگەیەنێت.

شوێنی حەوانەوە: ئەگەر بۆمان کرا لە ماڵەوە یا لە هەر شوێنێکی گونجاو هێلانە یا کولانە بۆ باڵندە و ئاژەڵەکان درووست بکەین، ئەویش بە چەند ڕێگەیەکی ئاسان دوور لە تێچوونی ماددی دەکرێ کەلوپەلی پاشماوە بەکاربهێنین، بۆ ئەوەی لە سەرمای زستان پارێزراو بن بە تایبەتی لەکاتی بارانبارین یا بەفربارین، هەر وەکو چۆن لە وەرزی هاوین پێویستیان بەشوێنی فێنک و سێبەر هەبوو.

بەهیوای ئەوەین هەمووان سودمان هەبێ بۆ دەوروبەری خۆمان بە تایبەتی بۆ ئاژەڵ و باڵندەکان.

*سەرۆکی ڕێکخراوی ئایندە بۆ پاراستی ژینگە

بابەتى تر

👤
Live: 20 Today: 44 📊 Click Here