سیاسی و پارە لە چیرۆكێكی فاروقی مەلا مستەفادا

سیاسی و پارە لە چیرۆكێكی فاروقی مەلا مستەفادا

جار بینراوە: (810)

فاروقی مەلا مستەفا لە بیرەوەریەكانی خۆیدا ” كتێبی بیرەوەریەكانم ، بەرگی یەكەم چاپی2017″ دەگێڕێتەوە سیاسیەكی بەرپرسی یەكێتی نیشتمانی گێچەڵی پێكردوەو لە كۆی هەشت خانوو كە بۆ گەشتیاری درۆوستكراون ویستویەتی پێنجیان بە زۆر داگیر بكات ، ئەو باسی ئەوە دەكات كە هەر یەك لە مولازم عومەر، مام جەلال و نەوشیروان مستەفا بە هەڕەشەو توڕەبوون لێی كابرایان پاشگەز كردوەتەوە ، ئەو لە كتێبەكەدا ناوی ئەو فڵانیە ناهێنێت، خۆزگا ناوی بهێنایە، جاران سیاسی ئەوە بۆی مایەی شانازی بوو كە پارەو پوڵی نەبێت دكتۆر كەمال مەزهەر باسی ئەو شتانە دەكات كە قازی هەیبووە ، یەكێك لە شانازیەكانی كۆمەڵەی ڕەنجدەرانی كوردستان بە شەهید ئارامەوە ئەوە بوو كە شەهید كراوە پارەیەكی ئەوتۆی لە گیرفاندا نەبووە ، ئەمە بۆ شەهید ئازاد هەورامیش هەر وابوو، باسی ئەو پارەیەش دەكەن كە دوای مردن لە گیرفانی عەبدولكەریم قاسمدا بووە، ئێستا سیاسی ئەگەر ڤێللاو باخ و هاوسەرو دۆست و كۆمپانیاو میدیاو چەندین جۆر ئۆتۆمبیل و هەزاران هەزار سەد دۆلاری لە سەر ڕەقەمی نەبێت ئەوە هەر سیاسی نیە ، زەمانەكە بەو جۆرە گۆڕاوە، تەنانەت ژن و دۆست و مناڵی سیاسیش دەبێت هەموو ئەوانەی هەبێت كە باوكی و دۆستەكانی باوكی هەیانە.

فاروقی مەلا مستەفا بە ناو هێنانەوە چیرۆكێكی دیكەی هاوشێوەی گێڕاوەتەوە، بەڵام ئەمەیان لە بیرەوەریەكانیدا نا ، جارێكیان دۆستێكی سیاسی بۆی گێڕامەوە یەكێك لە كارەكتەرە سیاسیە ناسراوەكانی كورد گلەی ئەوەی كردوە ڕۆژنامە ناوی دەزڕێنن و دەڵێن ئاڵاوەتە پارەوە برادەرەكە پێی وتم ئێ لە پارە دوركەوەوە با ناوت نەهێنن، وتی پێی ووتوم ئاخر پارەت نەبێت كەس حسابت بۆ ناكات ، وتی منیش پێموتوە كەواتە دەبێت بێدەنگ بیت لەوەی ناوت دێنن مادام ناتوانی دەستبەرداری پارە بیت، سەردەمی زوو سیاسەت هونەری كەوی كردنی نەفسی كەسەكەو كەوی كردنی بیرو باوەڕی ئەوانی تر بوو، ئێستا هونەری بەرەڵاكردنی نەفس و تێر نەبوونە، چانیە لە كاتی چیرۆكەكەی كاك فاروقا كەسانی وەك مولازم عومەرو تاڵەبانی و نەوشیروان مستەفا هەبونەخەڵك ڕابگرن ئێستا ئەوەش نەماوە.

كەوتنە داوی پارە بۆ سیاسی دوركەوتنەوەیە لە ئاكارو ڕەوشت، بۆ ئەوەی كێماسیشی دەرنەكەوێت دڕندەو بڕندە لە دەوری خۆی كۆدەكاتەوەتا خەڵك چاوترسێن بكات و ناوی نەهێنن، كێشە ئەوەیە لەم سەردەمەدا خودی سیاسەت بووە بە بابەتێكی بازرگانی و ئیتر كامەران موكری وتەنیش ” ئەوەی لە سامان نزیك بێتەوە ڕەوشتی بەرزی بیر ئەچێتەوە ” فاروقی مەلا مستەفا لە بیرەوەریەكانیدا باسی چۆنێتی دەوڵەمەند بوونی خۆی دەكات و چیرۆكی ئەو تێكۆشانە دەگێڕێتەوە كەچی بابایەكی سیاسی دێت دەڵێت دەبێت لە نیوە زیاتری فڵان پڕۆژەت بدەی بە من، ئەمە لە بری ئەوەی دەستخۆشی ئەوەی لێبكات كە سامانەكەی ناباتە دەرەوەی وڵات وەك هەندێك .

لە نێوان ئەو بابایەو فاروقدا هەرچی گوزەرابێت ئەو راستیە ناشارێتەوە كە سیاسی ئەمڕۆ فڕی بەسەر سیاسەتكردنەوە نیەو سەرگەرمی كارێكی ترە جا هەر كاك فاروق لە گرتەیەكدا باسی ئەوە دەكات كە كفن گیرفانی نیە، كەچی ئەو بابایە بە زۆری زۆرداری دەیەوێت ببێتە خاوەنی كفنی هەزارو یەك گیرفان، هەڵبەت سیاسیش هەیە كە بە مانای وشە سیاسی و لە خەمی گشتی چاكەی گشتیدایە ، لێ ئەم زەمانە ئەوە كەمبوەتەوە، كاك فاروق لەو بیرەوەریانەیدا باسی سیاسیەكی چاو چنۆكمان بۆ دەكات كە دەشێت پەروەردەی نێو كۆمەڵەی ڕەنجدەرانی كوردستانیش بووبێت ، جا وەرە ئەم سیاسیە بەراورد بكە بە شەهیدێكی پاك و بێگەردی وەك شەهید مەلا عەلی شاعیر، ئەمیش هەر پەروەردەی كۆمەڵە بووە ، بەڵام كامیان بە ئاكارەوە پەروەردەكەیان وەرگرتوە ، ئەوە ئەسڵی بابەتەكەیە ، خۆزگا دەوڵەمەندەكان زۆربەیان چیرۆكی خاوەلێسەندیان لە لایەن سیاسیەكانەوە دەگێڕایەوە، بۆئەوەی زانیبامان لەم دنیایەدا چی دەگوزەرێت.

بابەتى تر

👤
Live: 76 Today: 1,292 📊 Click Here