بەیادی فاخیرو مناڵی

بەیادی فاخیرو مناڵی

جار بینراوە: (845)

هیچی مناڵی كەركوكم بیر نایەت ، بەڵام وێنەیەكمان هەبوو من و شەهید فاخیرو خالیدی جوانەمەرگ ، خۆی فاخیریش كە شەهید بوو 22 ساڵی تەمەن بوو، لە وێنەكەدا كەلە گەڵ سەدان وێنەو كتێب و نوسراوی دیكەدا تیا چوون، هەرسێكمان قاتی چاكەت و بیجامەی خەتخەتمان لە بەر بوو، قژمان زەرد بوو، لە وێنەكەدا كە لە كەركوك گیرا بوو ، ئەو كاتەی ماڵمان لە كەركوك بوو، وەك دەڵێن كەركوكی بووین ، نازانم هەر خۆم بوم یان ئەوانیش قژمان بە بنێشت ئاڵتونێكی بچوكی پێوە لكێنرا بوو ، دیارە ئەو سەردەمە ئەوە باو بووە، بەوەیان دەگوت پۆیلە یان شتێكی تر ، درەنگ دایكم بۆی گێڕامەوە جارێكی ئەوەی سەری تۆیان لێكردوەتەوەو بردوویانە.

ئەمڕۆ یادی شەهید بوونی شەهید فاخیرە 24ی 12ی 1994 ئەو دەنگێكی خۆشی هەبوو ، هاوڕێكانی زۆر سەرسامی دەنگی بون، كاسێتێكی حەیرانی هەبوو ، وەك چۆن لە شەوی شەهید بونەكەیدا قەناسەكەی تیا چوو كەس نەیزانی كێ بردی، كاسێتەكەش هەرنەما ، هەڵبەت شتی دیكەش برا بون ، ئیدی شەهیدە تازە ئەو ئەو كەل و پەلەی بۆ چیە هەر دەبێت بیبەن ، شۆڕشی كوردی بەمجۆرەی هێناوە، هەواڵی شەهید بوونەكەی بۆ من زۆر كارەسات بوو، كە بیستم شۆك بووم، لە دوای ئەو زۆر شت گۆڕا، بە چەند ساڵ پێشتریش خالیدیش لەڕێی چون بۆ دەشت بە وەرگەڕانی ئۆتۆمبیل تیا چوو بوو، رێكەوتی شەهید بوونی شەهید فاخیر مێژوی مردنی بەدر شاكر سەیابە بە ڕۆژو مانگ ، هەر جارێك شیعری سەیاب ببینم فاخیرم بیر دەكەوێتەوە ، هەر جارێك سەیری شەهید فاخیر بكەم سەیابم بیر دەكەوێتەوە.

شەهید فاخیرمان لە شێخ سەعید ناشت ، ئێستا بەشی زۆری ماڵە گەورەكەی ئێمە لە شێخ سەعیدن، باپیرم ، باوكم ، دایكم ، خالیدو فاخیرو پشتیوان و كوێستانیش ، گۆری فاخیر لای گۆڕی شەمسەدین عەزیزەوەیە ، شەمسەدین هەمان شەو لەبەرەی ئەو بەر شەهید بوو، دایكی من و دایكی ئەویش پێكەوە بۆ كوڕەكانیان دەگریان ، ئەوان كەس و خزمی یەكتر بوون ، بەڵام حزبەكانیان نەیارو دژی یەكتر، حزبەكانیان كوڕی خەڵكیان دەكردە خۆراكی شەڕی نەگریس، هەر بۆم كرابێت هەموو ساڵێك یادی ئەو گەنجە جوانانەم كردوەتەوە كە شەڕی پارتی و یەكێتی وردو خاشی كردن ، بە تایبەت یادی فاخیر ، من و ئەو زۆر شەڕو ئاشتی لە نێوانماندا هەبوو ، هەمیشە ئەو گەرچی مناڵ تر بوو لەمن دەستپێشخەری ئاشتبونەوەو برایەتی دەكرد، كوڕێكی ئازابوو، خەمخۆری گشتی بوو، بەتەنگی هەمووكەس و كارو خەڵكەوە بوو، دەدیناری لە گیرفان بوایە دەیویست لە گەڵ مندا بیكاتە دوو بەشەوە.

ئێمە من و شەهید فاخیرو خالیدی جوانەمەرگ هەر یەكەو بە بۆنەیەك ناو نرابووین ، من باپیرم نەیهێشتبوو ناوم بنەن شۆڕش دو پێشمەرگە داوایان كردبوو یان شۆڕش یان هێرشم نابنەن ،باپیرم وتبووی شۆتڕی چی گوندێكتان بە دەستەوە نیە یەك دەكوژن ” سەردەمی جەلالی و مەلایی بوو” وتبووی من لە بەر ناوی شێخ لەتیف نای دەنەم لەتیف، باوكم بە هۆی دۆستایەتی و نزیكی فاخیر مێرگە سوریەوە فاخیری ناو نابوو، دایكم پێی وتم خالیدیش بەهۆی خالید دلێرەوە ناو نراوبوو كە دۆستی نزیكی باوكت بوو، لەیلەش بە بۆنەی لەیلە قاسمەوە ، ئیتر بەو جۆرە.

زۆر چیرۆك و یادی شەهید فاخیر هەیە كە ناتوانم لە بیریان بكەم ، ڕەنگە لە زۆر بۆنەو یادا ئەوم ناوهێنابێت ، هیوای زۆرم هەیە ئێستا خانەوادە گەورەكەی ئەولام لە باخێكی ئارام و هێمندا بن

بابەتى تر

👤
Live: 166 Today: 1,244 📊 Click Here