چەمچەماڵ و دەرخستنی قەیرانەکانی حکومەت
لەماوەی ٥ ساڵی تەمەنی کابینەی نۆیەمی حکومەتەکەی مەسرور بارزانی یەکێک لە کێشە گەورەکان کە بەرۆکی حکومەتی گرتووە نەبوونی بودجە و شەفافیەتە لە داهاتی ناوخۆ، رەنگە بە هەرکەسێکی شارەزای بواری حکومڕانی بوترێت حکومەتی هەرێم ماوەی ٥ ساڵە بە بێ بوونی یاسای بودجە و بودجەیەکی دیاریکراو دەڕوات بەڕیّوە بێگومان نەک بڕوا ناکات بەڵکو لەوانەیە گومان بکات حکومەتێکی کارا بوونی هەبێت بێ بوونی بودجەیەکی دیاریکراو بتوانێت بۆ ٥ ساڵ بەردەوام بێت!
هەرچەندە ئەم بابەتە تەواو سەربەخۆیە و قسەی زیاتر هەڵدەگرێت، بەڵام لە هەمانکاتدا ەکی راستەوخۆی هەیە بەم قەیرانەوە و بە یەکێک لە هۆکارەکان دادەنرێت بۆ کاریگەری ئەم لافاوە، لەگەڵ ئەوەی درکی تەواوم هەیە کە دەکرێت لە هەر شوێنێکی جیهان کارەساتی سروشتی و لافاو زۆر کاریگەر بێت.
قەیرانی چەمچەماڵ یەکەم ئەزموونی حکومەتی کابینەی نۆیەم نی یە لەگەڵ لافاودا بەڵکو رەنگە دوایەمین بێت بەو پێیەی ماوەی زیاتر لە ساڵێکە بووەتە حکومەتی کاربەڕێکەر و چاوەڕوانی کابینەیەکی نوێ دەکەین کە رەنگە هیچ جیاوازیەکی ئەوتۆی نەبێت لەگەڵ کابینەی پێشوو ئەگەر بێتو گۆڕانکاری ڕیشەیی نەکرێت لە شەفافیەتی دارایی دا.
لە قەیرانی لافاوەکەی چەمچەماڵدا زۆر شتی جوانمان بینی و پێش هەموو شتێک گەورەیی و گیانی پێکەوەیی خەڵکمان بینی کە لەسەرجەم شار و شارۆچکەکانەوە هاوکاری و بەهاناوە چوونی گەرمیانیەکان بووە خەمێکی گشتی خەڵکی کوردستان، چ لە ڕێگای کەناڵەکانی ڕاگەیاندن، دەزگا و ریکخراوەخێرخوازیەکان و هەروەها کۆمەکی سەرمایەدار و تاک و خێزان.
بەڕێوەبردنی قەیران: لای زۆربەمان پرسیارە ئایا بەم ڕێگایە دەتوانرێت قەیران چارەسەربکرێت؟ جێگری سەرۆکی حکومەت بەڕێوەبەری نوسینگەکەی دەکات بە سەرپەرشتیاری چارەسەکرن و بەهاناوە چوونی قەیران، کە هەر کەس ئەو بەڕێزە بناسێت گوومان لە دڵسۆزی و بەتوانایی ناکات و بگرە زۆر بە دڵسۆزانە کاری خۆی دەکات، بەڵام پرسیارەکە ئەوەیە ئایا بەڕێوەبردنی قەیران ئەرکی کێ یە؟ وکام دامەزراوە و دەسەڵاتی فەرمی دەبێت ئیدارەی قەیران بکات، بێگومان لێرەدا پرسیار لەسەر رۆڵ و پێگەی وەزارەتی ناوخۆ و فەرمانگە تایبەتمەندەکان دەکەین و پرسیار لەسەر بوودجەی بە هاناوە چوونی قەیران دەکەین، و دیارە لە نەبوونی هەماهەنگی و سستی رۆڵی دامەزراوە تایبەتمەندەکانی نێوان زۆنی سەوزو زەرد ئەم حاڵەتانە دەبینین، و ئەوەی لەم لافاوەدا بینیمان کارەساتێکی گەورەیە لە حکومڕانی و رێگریکردن و کەمکردنەوەی قەیران بەم پێوەرانەی خوارەوە:
– دواکەوتوویی سیستمی ئاگادارکردنەوە و لاوازیی کەشناسی و نەبوونی سیستمی میترۆلۆجی metrological سیستمێکە کە ١٠٠ میل پێش روودانی کارەسات ئاگاداری بڵاو دەکاتەوە و خەڵک هۆشیار دەکاتەوە تا خۆیان و ماڵ و سامانیان بپارێزن و بتوانن بگوازنەوە بۆ شوێنێکی سەلامەت، بەتایبەت راگرتنی دەوامی قوتابخانە و دایەنگە و ئەو فەرمانگانەی خزمەتگوزاری نافریاگوزاری پێشکەش دەکەن. بەڵام ئەوەی باسکرا زانیاری گشتی بوو لەسەر ئەگەری کۆبوونەوەی ئاو و بوونی لافاو بەگشتی و هیچ هۆشداریەک نەدرا بە خەڵکی چەمچەماڵ، شۆڕشع تەکیە و گەرمیان پێش روودانی لافاو تا ئاو گەیشتە ناوماڵی هاوڵاتیان!
– نەبوونی سیستمی هۆشداری – زەنگی ئاگاداری- لەبری ئەوە هەندێک کەس لەپەرۆشیان لەسەربانی ماڵەکانیانەوە تەقە دەکەن تاوەکو خەڵک بە ئاگا بێتەوە. لە کاتێکدا دەبێت JCC و بەرگری شارستانی سیستمی هۆشداریی و زەنگی ناوچەیی و نیشتمانی هەبێت و هەروەها لە ڕێگای مۆبایلەوە بە نامە و زەنگی ئاگایی خەڵک ئاگادار بکەنەوە و ئەم جۆرە لە ئاگادارکردنەوە بە هەماهەنگی کۆمپانیاکانی پەوەندیکردن دەکرێت بە ناوی Wireless Emergency Alerts (WEA) سیستمی فریاگوزاری بێتەل و لەهەندێ ووڵاتی تریش ناودەبرت بە SMS Alert System، کە بەشێکە لە سیستمێکی فراوانتر کە لەلایەن وەزارەتی ناوخۆ وە کۆنترۆڵ دەکرێت ودەتوانێت
ئاگاداری بۆ هاوڵاتیانی ناوچەیەک یان سەرجەم هەرێمی کوردستان بنێرێت و لە هەمانکاتدا لە ڕێگای رادێو و تەلەفزیۆنەوە هۆشداری بڵاودەکاتەوە.
– نەبوونی پرۆتۆکۆلی چارەسەری قەیران و هەماهەنگی لە نێوانی فەرمانگەکاندا، و گەیاندن ئەم پرۆتۆکۆلانە و راهێنانی شارەوانیەکان لەسەرجەم ناوچەکانی هەرێمی کوردستان.
– لاوازیی و کاری پێکەوەیی فەرمانگەکان و نەبوونی تیمی بەڕێوەبردن و بەدەنگەوەچوونی قەیران لەسەرئاستی ناوچەیی پێش ڕوودانی قەیران.
– لاوازیی توانای فەرمانگە خۆجێیەکان لەوەڵامدانەوەی قەیران، چ فەرمانگەی بەرگری شارستانیی و شارەوانیی و فەرمانگەکانی تر.
– نەبوونی تیمی راهێنراو بۆ سیستمی دەرگا بە دەرگا بۆ ئاگادراکردن و رزگارکردنی خەڵک لە ماڵەکانیان (evacuation) لەکاتی قەیران و کارەسات.
– نەبوونی بودجە، بەشێکی زۆری فەرمانگەکان بودجەی پێویستیان نی یە و دەڵێن لە کاتی رووداوەکەدا بەشێک لە ئۆتۆمبیلی فەرمانگەکان بەنزینی تێدانەبووە، یان هەندێک لە ئۆتۆمبیلەکان کاریان نەکردووە و بەگشتی ئۆتۆمبیلی پێویستیان نی یە بۆ فریاگوزاریی یاخوود بۆ کاتی بوژانەوە و پاش کارەسات.
– نەبوونی زانیاری لەسەر بودجەی فریاگوزاری، و پرسیارەکە ئەوەیە حکومەتی هەرێم کام بودجەی تەرخانکردووە بۆ قەرەبووکردنەوە و چاککردنەوەی زیانی تاک، خانوبەرە، پڕۆژەی بازرگانی، کشتوکاڵی، بەخێوکردنی ماسی و پەلەوەر و پڕۆژەی گشتیەکان، تا ئێستا هیچ دیار نیە ئایا حکومەتی هەرێم چ بەشە بوودجەیەکی تەرخانکراوە هەیە بۆ فریاگوزاریی بۆ ساڵی ٢٠٢٥، و هەروەها کۆی ئەو پارەیە چەندە کە حکومەتی فیدراڵی دەینێرێ؟
– نەبوونی ئامێر و کەلوپەلی پێویست لای شارەوانی چەمچەماڵ و بەرگری شارستانی، کەبووە هۆی دواکەوتنی وەڵامدانەوەی ئەم فەرمانگانە.
– نەبوونی پلانی جێگرەوە و کەمپی نیشتەجێکردنی کاتی بۆ ئاوارەی قەیرانەکان.
– نەبوونی پێداویستی خۆراکی و ناخۆراکی لەسەر ئاستی قەزا و تەنانەت پارێزگای سلێمانیش کەوای کرد داوای کۆمەک لە خەڵک و سەرمایەداران بکرێت.
– نەبوونی سووتەمەنی پێویست – نەوتی سپی- لای هاوڵاتیان، بۆ ئەم خاڵەش پەنە برایە بەر ڕێکخراو و دەزگای خێرخوازی نەوت دابینبکات.
– نەبوونی کەل وپەلی پێویست لای فەرمانگەی کارەبا تا بتوانێت کارەبای ناوچەکە چاک بکاتەوە دوای کارەسات.
بێگوومان ئەم خاڵانە و زۆرخاڵی تر پرسیارە لەسەر توانای حکومەتی خۆجێی و توانای حکومەتی هەرێم بۆ پاراستنی سەلامەتی گیان و ماڵی هاوڵاتیان لەکاتی قەیران و کارەساتدا.
پێش روودانی قەیرانەکەی چەمچەماڵ :
لە ساڵانی ٢٠١٩ بۆ ٢٠٢٤ لە چەندین ناوچەی هەرێم حاڵەتی هاوشێوە ڕوویداوە، تەنانەت لە هەولێری پایتەخت و زۆرێک لەو خاڵانەی سەرەوە تێبینیکراوە، و لە دوای رووداو کارەساتەکانی چەند ساڵی رابردو حکومەتی هەرێم نەیتوانیوە پلانێکی ستراتیژی هەبێت بۆ چاکسازی و ئامادە سازی لە وەڵامدانەوەی قەیرانەکان وشێوازی بەڕێوەبردنی قەیرانەکان، کە لێرەدا گرنگە ئەم چەند خاڵە رەجاوبکرێت و وانەی لێوەربگیرێت بۆ سەرجەم شار و شارۆچکەکانی تری کوردستان:
– گرنگی چاکسازی لە سیستمی ئاوەڕۆ و پاکردنەوەی کەناڵ و ڕێڕەوەکانی ئاوەڕۆی ناو شار و دەرەوەی شارەکان پێش وەرزی باران بارین.
– نەبوونی توانای خەمڵاندنی مەترسیی لەلایەن شارەوانی کاریگەری ئەم کارەساتەی گەورەتر کرد، بێئگا لەکاریگەریەکانی گۆڕینی ڕێڕەویی ئاو و فڕێدانی پاشماوە و خاشاک لەسەر دەرچە و رێڕەوی ئاوەکانی نزیک لە
– نەبوونی بودجەی پترۆدۆلار، لە کاتیکدا ناوچەکە گەورەترین کێڵگەی غازی سروشتی تێدایە سەرباری کێڵگەی نەوتی و بۆ چەندین ساڵە بودجەی پترۆدۆلار ڕاگیراوە، کە دەکرا زۆر هاوکاربێت لەبەرەوپێشچوونی ڕەوشی ناوچەکە بەگشتی.
– گلەیی خەڵک لە خراپی رەوشی کارگێڕیی قەزای چەمچەماڵ بە گشتی و بە ڕێوەبردنی ناوچەکە لای چەند کەسێکەوە کە زۆربەیان ئێواران شارەکە بەجێ دەهێڵن و دەگەڕێنەوە بۆپارێزگای سلێمانی .
– سەرباری خراپی رەوشی فەرمانگەکان بە گشتی و کەمی بینای پێویست و کەمی خزمەتگوزاری لە ناوچەکە.
– نەبوونی داتا و زانیاری دروست لەسەر زۆنی شارو شارۆچکەکان، بوونی داتا و زانیاری دروست وادەکات توانای بە هاناوە چوون خێراتر بێت و خەمڵاندنی زیانەکانیش ئاسانتر بێت.
– کێشە و ناکۆکیە سیاسیەکان لە بەڕێوەبردنی قەیرانەکانی چەمچەماڵ، لە ڕاگەیاندنی هەردوو حیزب بە ئاشکرا رەنگدانەوەی هەیە، تۆمەتبارکردنی سیاسی لە لایەن کەناڵەکانی سەربە هەردوو حیزب بەشێوەیەکی راستەوخۆ، بەراوردکردنی بودجەی زاخۆ بە چەمچەماڵ و راگەیاندنەکانی یەکێتی ( کەناڵ ٨) بەردەوام لۆمەی پارتی دەکات بۆ راگرتن و دواکەوتنی ١٧ پرۆژەی قەزاکە ؛لە ساڵی ٢٠١٩ تا ئێستا، کە گرنگترینیان پرۆژەی ئاوی خواردنەوە و دابینکردنی ئۆتۆمبیل ە بۆ شارەوانیەکانە، بێگومان سەرجەم گلەییەکان رەوان، بەڵام پرسیارەکە ئەوەیە رۆڵی جێگری سەرۆکی حکومەت و وەزیرەکان چی بووە لە فەرامۆشکردنی ناوچەیەکی گەورەی وەک چەمچەماڵ و ناحیەو گوندەکانی دەوروبەری بۆ ماوەی چەندین ساڵ، ئایا ڕۆڵی پەرلەمانتاران چی بووە لە دروستکردنی فشار لە سەر دەسەڵاتی جێبەجێکردن تاوەکو سەرجەم ناوچەکانی هەرێمی کوردستان بە یەکسانی هاوکاری بکرێت؟
لە کۆتاییدا گرنگە لە پێناو چارەسەرکردنی ئەم قەیرانانە و کێشەکانی سەرجەم ناوچەکان حکومەتی هەرێم ئامادەیی تەواو بکات بۆ وەڵامدانەوەی قەیران وپلانی تۆکمە و درێژخایەنی هەبێت و بەشێوەیەکی دامەزراوەیی و پیشەییانە چارەسەری قەیرانەکان بکرێت، پەلەبکرێت لە پێکهێنانی کابینەی دەیەم و حکومەتی نوێ و یاسای بودجە رەوانەی پەرلەمانی کوردستان بکات، بەرنامەی چاکسازی و شەفافیەتی دارایی پەیڕەوبکرێت، کە مافی هەموو تاکێکەبزانێت داهاتەکانی حکومەت چۆن سەرف دەکرێت و چیتر ژێر بەژێر و بە شاراوەیی ئیدارەی حکومەت نەکرێت و ئەم بەرپرسیاریەتیەش هەردوو حیزبی دەسەڵات هاوبەشن تێیدا،هەروەک چۆن لە کارنامەی حکومەتی کابینەی نۆیەم لە بڕگەی شەشەم دا هاتووە (کاردەکەین بۆ چەسپاندنی شەفافیەت لە گشت بوارە داراییەکانی هەرێمدا،
بە تایبەت لە بواری داهاتە نەوتییەکانی هەرێم و داهاتە ناوخۆییەکان) بەڵام تا ئێستا ئەم بەڵێنە و زۆرێکلە بەڵێنەکانی کابینە یەک لە دوای یەکەکانی تری حکومەت لەم بوارەدا نەچۆتە بواری جێبەجێکردنەوە.
* نوسەر، توێژەرو مامۆستای زانکۆیە















Post Comment