لهتیف نێروهیی: دوو رۆژه پهیامی بهشێك له بهرپرسانی پارتی بۆنی دوو ئیدارهیی لێدێت

-
لهتیف نێروهیی، ئەندامی سەرکردایەتی و لێپرسراوی بۆردی راگەیاندنی یهكێتیی نیشتمانیی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا دەڵێت، “دوو رۆژه پهیامی بهشێك له بهرپرسانی پارتی بۆنی دوو ئیدارهیی لێدێت”.
لهتیف نێروهیی رایگەیاند، “لهكاتێكدا بە رێنمایی، میدیای هەردوو لایەن (یەکێتی و پارتی) ئاگادارکراونەتەوە کە بەمەبەستی رەخساندنی کەشێکی ئارامتر بۆ ئەنجامدانی دانوستان لە نێوان وەفدی هەردوولا، کار بۆ رەخساندنی ئەو دۆخە بکەن، میدیا و سەرکردەکانی یەکێتی بەکردەیی پابەندبوونی خۆیان بەو رێنماییانە دووپاتکردەوە، لەبەرامبەردا، بەشێک لەسەرکردەکانی پارتی ئەو دۆخەیان بەدەرفەت زانی و دەستیانکردووە بە لێدوان و پەیامی سەیر و سەمەرە و ناوەڕۆکی پەیامی بەشێکیان بۆنی دوو ئیدارەیی لێدێت”.
ئاماژەی بەوەکرد، “بەشێکیشیان کاتێک باسی دانوستان و دابەشکردنی پشکەکان دەکەن دیدگایەکی زۆر نالۆژیکی و هەڵەیان هەیە و وادەزانن خێرێک بە یەکێتی دەکەن و کەی ویستیان خێرەکە رادەگرن”.
ئەو ئەندامەی سەرکردایەتیی یەکێتی دەڵێت، “ئەم جۆرە لێدوان و بیرکردنەوەیە هیچ نرخ و بەهایەکی نییە و تەنیا بەربەست لەبەردەم ئەنجامدانی دانوستانێکی هاوسەنگ و بەرپرسیارانە دروست دەکات، کە پێدەچێت مەبەستی یان هێشتنەوەی دۆخی ئێستای هەرێمی کوردستان بێت نەک پێکهێنانی حکومەتێکی نوێی خزمەتگوزار و دادپەروەر، گەر وانییە یۆ دەبێت تەنیا لە دوو رۆژی رابردوودا پێنج سەرکردەی ئەوان لە پێنج پەیامی جیاوازدا بەئارەزووی خۆیان و لە دەرەوەی بەڵێنی هێورکردنەوەی دۆخەکە فاڵ بۆ یەکێتی بگرنەوە”.















Post Comment