لەدەشتی هێرتەوە بۆ گوندی لاجان: مێژوویەک لە خەنجەر و خوێن و خیانەت
لە پاییزێکی درەنگوەختی ١٩٣١دا شەڕێکی خوێناوی لەنێوان بارزانییەکان و برادۆستییەکان لە دەشتی هێرتی ناوچەی سیدەکان روودەدات.
هەرچەندە ئەمە یەکەم پێکدادانی نێوان ئەو دوو خێڵە نەبوو، بەڵام تا ئەوسا خوێناویترین شەڕی خێڵەکی نێوان بارزانی و برادۆستییەکان بوو.
ئەمە سەرەتایەک بوو بۆ مێژوویەکی رەش و خوێناوی کە تا ئەم دوا مانگ و دوا ساڵەی چارەگی یەکەمی سەدەی ٢١ بەردەوامە. مێژوویەک کە دەکرێت بە مێژووی خەنجەر و خوێن و خیانەت هەژمار بکرێت.
شەڕی نیوان خێڵی بارزانی و خێڵی برادۆستییەکان تاکە شەڕی خێڵەکی لەو جۆرە نییە. بەڵکو لە سەد ساڵی رابردوودا بەردەوام خێڵی بارزان لەلایەک و خێلەکانی دیکەی ناوچەکە، لەوانەش سورچی و هەرکی و زێباری خەریکی دەست شکاندنەوەی یەکتری بوون.
مەرج نییە لەهەموو ئەو خوێنرێژی و دوژمنایەتی خێڵەکییەیەدا تەنها لایەک تاوانباری دەسپێشخەری هەڵکێشانی خەنجەر و رشتنی خوێن و دواتریش خیانەتی چوونە بەرەی دووژمن بووبێت.
دەکرێت لە سەردەمێکدا لایەنێک و لەسەردەمێکی تریشدا لایەنەکەی تر و لە هەندێک حاڵەتیشدا هەردوو لایەن تاوانبار بووبن.
بەگشتی ئەم هاوکێشەی خەنجەر و خوێن و خیانەتە بەشێکە لەهاوکێشەی ئیمپراتۆر و پەراوێز (لەسەردەمی قاجاری و عوسمانی)دا و هاوکێشەی داگیرکەر و داگیرکراو (لەسەردەمی داگیرکاری کوردستان لەلایەن عێڕاق و ئێران و تورکەکان و سورییەکان).
هاوکێشەیەک کە نهێنی ژێردەستە مانەوە و بێدەوڵەتی و سەرەنجامیش سەد ساڵی لە جینۆساید و مەزڵومیەت و قوربانیبوونی کورد لەخۆی هەڵدەگرێت.
ئەگەر مرۆڤ لەروانگە گشتییەکەوە لە کۆی ئەو مێژووە غەمگینەی شەڕی نیوان بارزانییەکان و خێڵەکانی دەوروبەردا بڕوانێت، ئەوا خودی هەمان ئەم خێڵە شەڕکەرانە جۆرێکن لە قوربانی.
لە ئاغا و شێخ و سەرۆک خێلەکانی ئەم پێنج خێڵەوە بگرە تا تاک بەتاکی ئەنجامانی ئەو خێڵانە، خۆیان قوربانی ئەو سیاسەتە تەمەن هەزار ساڵەیەن. سیاسەتی کورد پەرت بکە و بەدەستی یەکتری بە کوشتیان بدە و درێژە بە داگیرکردنی خاکەکەیان بدە.
لەراستیدا سەدەی ٢٠ بەگشتی و نیوەی یەکەمی ئەو سەدەیە بەتایبەتی، باشور، هەر لە خانەقینەوە تا شەنگال، سەرزەمینی شەڕە خێڵەکییەکان بووە . کەم خێڵی کوردی هەیە بە ئاشتی و بێ دوژمنایەتی خوێن بەیەکەوە هەڵیان کردبێت.
بەڵام شەڕی بارزانییەکان لەگەڵ چوار خێڵەکەی دەوروبەریان، جیاوازتر لە شەڕی نێوان خێڵەکانی ناوچەکانی دیکەی کوردستان، کارەساتبارتر بووە و کاریگەرییەکانی گەورەتر و فراوانتر بووە.
هۆکارەکەشی سادەیە، شەڕی خێڵەکی نێوان بارزانییەکان و چوار خێلەکەی تر، کەرەستەیەکی بەسوودی کۆنترۆڵکردن و بە دەسکەلاکردن بووە هەم بۆ دەوڵەتە داگیرکەرەکانی کوردستان وە هەم بۆ حیزبە کوردییەکان، لەوانەش سەرەتا حیزبی هیوا و دواتر پارتی و تارادەیەکیش یەکێتی.
بارزانیەکان لەپاڵ حیزبە کوردیەکان و بە شەرعییەتی یاخیبوون و شۆرشەکانی و بەرەنگاربوونەوەی رژێمەکانی عێڕاق شەڕی خێلەکانی تریان کردووە.
خێڵەکانی تریش لەپاش شەرعییەتی پاراستنی خێڵ و رەعییەتەکانیان لە هێرش و دەستدرێژی و پاوانخوازی بارزانییەکان و بە ئیمکاناتی دەوڵەتی داگیکەری عێڕاقی، شەڕی بارزانییەکانیان کردووە و دەستدرێژیان کردوونەتە سەر.
مەرج نییە هەمیشە بارزانییەکان دەستدرێژکار بووبن، هەروەک مەرج نییە هەمیشە خێڵەکانی تریش دەستدرێژیکار یان خیانەتکار بووبن. خیانەت بەو مانایەی هەمیشە لەپاڵ دەوڵەتی داگیرکەری عێڕاقدا شەڕی بارزانییەکانیان کردبێت.
بۆ نموونە، لە شەڕی دەشتی هێرتی ١٩٣١ی نێوان شێخ رەشیدی لۆلان (برادۆستییەکان) وە شێخ ئەحمەد و وەلی بەگ (بارزانییەکان) شێخ رەشید دەسپێشخەر و تاوانباری شەڕەکە بووە.
شێخ رەشید لەپاڵ شەرعییەتی دینیدا دەیەویست رێگری لە فراوانبوونی کاریگەری بارزانییەکان بەگشتی و هەژموونی شێخ ئەحمەد بەتایبەتی بۆ ناوچەی برادۆستییەکان بگرێت و لەهاوینی ئەوساڵەدا هێرشی کردە سەر گوندی کەڕکاڵ و چەند گوندێکی تری بارزانیەکان و هەم کوشتار و هەم تاڵانی کرد.
ئەو بەناڕەوا تۆمەتی بە مەسیحی بوونی دایە شێخ ئەحمەدی بارزان و ئەو شەڕەی، کە بەشکستی خۆی و برادۆستییەکان تەواو بوو، وەک جۆرێک لە جیهاد بوو لە روانگە و بانگەشەی شێخ رەشید دا. هەڵبەت وەلی بەگ و چەکدارە بارزانییەکانیش زۆر خراپتر کوشتار و تاڵانی برادۆستیەکانیان کرد.
لە پرسی جێگۆڕکێ لە خیانەتکردنیشدا بەهەمان شێوە.
کاتێک لە سەرەتای چلەکاندا بارزانییەکان دوورخرابوونەوە و جۆرێک لە هەماهەنگییان لەگەڵ رژێمە پادشایەتیەکەی داگیرکەری عێڕاقیدا هەبوو، شێخ رەشید جۆرێک دژایەتی لەگەڵ داگیرکەری عێڕاقیدا و جۆرێکیش سات و سەودای لەگەڵ سۆڤییەتیەکان و روسەکان و تا رادەیەکی کەمتریش کۆمەڵەی ژێ-کافدا هەبوو.
کاتێک مستەفا بارزانی لە ١٩٤٣ توانی بگەڕێتەوە بارزان و یاخیبوونەکەی بە هاوکاری حیزبی هیوا دژی داگیرکەری عێڕاقی دەست پێبکات شێخ رەشید ئەمجارە بەلای داگیرکەری عێڕاقیدا وەرچەرخا و بارزانی بووە هاوپەیمانی حیزبی هیوا و دواتریش کۆمەڵەی ژێکاف و پێشەوا قازی محەمەد.
هەرچەندە حیزبی هیوا و لەژێر کاریگەری مستەفا خۆشناو و میرحاج و ئەفسەرە ئازادەکانی تردا توانییان هاوپەیمانییەکی کاتی نێوان بارزانییەکان لەگەڵ هەرکی و زێباری و برادۆستی و سورچییەکان ئەنجام بدات، بەڵام سیاسەتی پەرتبکە و بەردەوامبەی دەوڵەتی داگیرکەری عێڕاقی، هەڵبەت بە هاوکاری و سەرپەرشتیاری ئینگلیز، نەیهێشت هاوپەیمانیەتییەکە بەردەوام بێت.
هەمان ئەزموون، بە فۆرمێکی تردا و لە دوای کودەتای عەبدولکەریم قاسم لە ساڵی ١٩٥٨دا دووبارە بووەوە.
لە نێوان ١٩٥٩ تا ١٩٦١دا بارزانی و خێڵەکەی هاوپەیمان و پشتیوانی عێڕاقی داگیرکەر بوون و تەنانەت بەگوێرەی هەندێک سەرچاوە، قاسم ١٠٠٠ تفەنگی دا بە مستەفا بارزانی و لە کودەتاکەی شەوافیشدا لە موسڵ، بارزانی بە فەرمانی قاسم و بە سەدان چەکدار لە سەکوتی بزوتنەوە شۆڤێنییەکەی شەوافدا بەشداری کرد.
لەو سەرووبەندەدا، شێخ رەشیدی لۆلان سات و سەودای لەگەڵ ئێراندا هەبوو. دوای شۆڕشی ئەیلول، بارزانی و شێخ رەشید جێگۆڕکێیان کرد و ئەمیان بووە داردەستی شای ئێران و ئەویشیان جاشی داگیرکەری عێڕاقی.
روداوەکەی لاجان دەکرێت لە چوارچێوەی هەمان مێژوو تەماشا بکرێت و دێڕێکە لە هەمان هەکایەتی تەمەن سەد ساڵەی خەنجەر و خوێن و خیانەت.
لە روداوەکەی لاجاندا، بارزانییەکان ئیدیعای حوکمداری و سەپاندنی یاسا و هەرکییەکانیش بانگەشەی دادپەروەری و کۆتایی هاتنی زوڵمی بارزانییەکان دەکەن. بەڵام لەراستیدا، هەردوو دێڕێکی هەردوو چیرۆکەکە دەچێتە پانتایی هەقیقەت، بەڵام هەموو پانتاییەکەی نا.
دەبێت بۆ لەتە هەرە گەورەکەی هەقیقەت بەناو ئەو مێژووە رەشەدا کە بە خەنجەر و خوێن و خیانەت نەخشێنراوە. مێژوویەک کە تێیدا هەرکام لەو خێڵ و سەرۆک خێڵانە هەم خیانەتکارن و هەم قوربانیشن، هەڵبەت بە ئاستی .















Post Comment