سیاسەت یاخود بوژاندنەوەی کۆمەڵایەتی ؟

سیاسەت یاخود بوژاندنەوەی کۆمەڵایەتی ؟

جار بینراوە: (1.0K)

زۆربەی ئەو تاقم و ئاراستانەی باشوری کوردستان کە لە دەسەڵاتی هەرێم نارازین پەنایان بۆ ململانێی سیاسی بردوە، پرۆسەی هەڵبژاردنیشیان بە بەشێکی گرنگ لەو پرۆسەیەدا گرتۆتەبەر.

گەلێک نمونەی ئەو بژاردەیە ئاشکران: گۆڕان، نەوەی نوێ، زەحمەتکێشان، ئیسلامیەکان، گروپی لاهور شێخ جەنگی، تاقمی سەردەم و هەڵوێست… لەسەر ئاستی کەسایەتیە سیاسیەکانیش خوالێخۆشبو جەوهەر نامق، دکتۆر بەرهەم، ئەدهەم بارزانی، مەلا بەختیار. هاوکاتیش ناشێت دەیان گروپ و ئاراستە و رەوتی نارازی و بەگلەیی لە یاد بکەین.

وێرای ئەوەی سەرجەم ئەم گروپ و ئاراستانە نوێنەرایەتی شەریحەیەکی گەورەی کۆمەڵگای کورد لە باشور دەکەن کەچی لە پێکانی ئەو خواستە سیاسیانەی بانگەشەیان بۆ کردوە شکستی گەورەیان دروێنە کردوە. ئاکامەکانی دوا هەڵبژاردنەکان بۆ پەرڵەمانی بەغدا ئەو راستیە دەسەلمێنن.

دەبێت نهێنیەکانی شکستی ئەم پرۆسانە چی بن؟

کاک نەوشیروان سەرکردەیەکی بنەرەتی یەکێتی و کورد بو و ئەندازیاری بێ هاوتای راپەرین بو. کاتیك لە هاورێی دێرینی، مام جلال، یاخی بو و گۆڕانی دروست کرد لە روی سیاسی و هەڵبژاردنەوە سەرکەوتنی گەورەی بەدەست هێنا، عەرشی یەکێتی هەژاند و هاوسەنگی هێزی لە باشور شڵەقاند، وێرای کاریگەری مەزنی گۆڕان لە دەوڵەمەندکردنی هوشیاری هاوڵاتیان لە پرسە گرنگانی حوکمرانی لە دوا مەتافدا دوچاری شکست بو، چونکە لە مەقامی یەکەمدا دەسەڵاتی هەرێمی وەک ئامرازێک بۆ بەدیهێنانی ئامانجەکان بەکارهێنا و ستافی سەرکردایەتی گۆڕانیش بۆ ئەم سیاسەتە زۆر پەرۆش و سەرگەرم بون و بزەی لێویان دەهات.

هەرچەندە کاک نەوشیروان باش دەیزانی و زۆر بەئاگاش بو لە قوڵایی پابەندبونی پارتی ویەکێتی بە ئەجێندای تورکیا و ئێران لە عێراق و باشوری کوردستان، هاوکاتیش هەمیشە رەتیکردۆتەوە گۆڕان و خۆی بخزێنێتە ناو ئەو هاوکێشەیە.

لە سەردەمی خەباتی شاخەوە لە قاسمی سلێمانی نزیکبو، دواتر چەند جارێک لە مەکۆی گۆڕان سەردانی کردوە و گەلێک پێشنیازی خستۆتە بەردەمی، وەک کردنەوەی نوسینگایەک بۆ گۆڕان لە ئێران و دانانی نوێنەرێکی گۆران لە تاران، لە وەڵامدا گوتویەتی: ئێوە منتان دەوێ بۆ شەر وکاری سیخوری، من هیچیان ناکەم. تورکیاش هەوڵێکی زۆریان لەگەڵیدا لەگەڵ گۆران ئاسایی و بەردەوام بێت، بەهەمان وەڵامی بۆ ئێران دەستی بەروی تورکیاشەوە ناوە. دورەپەرێزی کاک نەوشیروان لەو دو وەصیە بەهێزەی باشور زەمینەخۆشکەرێکی پارادۆکس بو بۆ گۆڕان، لەلایەک گۆڕان نەبوە دەسکەلای ئەو دو وڵاتە داگیرکەرەی کوردستان و لە لاکەشی ترەوە کەوتە بەر هێرش و پلانگێریان لەلایەن هێزە کوردیە دەسەڵاتداران لە باشور، زیادە بۆ ئەمەش بەردەوام رەتیکردۆتەوە وەک رێکخەری گشتی گۆڕان سەردانی سەپان و کۆیلەکانی ئێران لە بەغداد بکات.

لە دوا ساڵی ژیانیشیدا گومانی بەهێزی لەسەر رۆڵی هەڵبژاردن و پەرڵەمانی کوردستان لا دروستبوبو، تایبەت دوای ئەوەی دەرکەوت دەسەڵات لە بەرامبەر خواست بۆ گۆڕانکاری لە سیاسەت و دەسەڵاتی هەرێم زۆر تەنگەنەفەس بو.

ئەم ئەزمونە ئاڵۆزەی کاک نەوشیروان وەک سەرکردەی بەهێزترین هێزی ئۆپزسیۆن لە گەورە دەیسەلمێنێت کە ئەوانەی ئێستا ئیدعای ئۆپزسیۆنبون لە هەرێم دەکەن و قاچێکیان لە بەغداد و هەولێرە و قاچێکی تریشیان لە تاران و چاوبازیش لە گەڵ ئەنکەرە دەکەن دوای سەراب و بای بەبردو کەوتون.

ئایا ئەم واقعە دژوار و تاڵەی جیۆپۆڵیتیکی هەرێمی کوردستان دەبێت بریاردەر بێت لە هەڵوێست و کاری ئۆپزسیۆنێکی راستەقینە لە باشور؟

کوردستان و جیۆپۆڵیتیکی ناوچەکە

پێگەی جوگرافی باشور و گەورەش لە ناوچەکە مەسیرێکی مەحتومە کە کورد بژاردەی نەکردوە، نمونەکانی مێژو لە شۆرش و راپەرین و سەرهەڵدانەکانی کورد: شۆرشەکانی باکور، کۆماری مەهاباد، حکومەتی شێخ محمودی نەمر، شۆرشەکانی بارزان، شکستی شۆرشی ئەیلول و کارەسەتەکانی ٣١ ئۆگۆست و ١٦ ئۆکتۆبەر و شکستهێنان بە ریفراندۆم دەیسەلمێنن واقعی جیۆپۆلیتیکی ناوچەکە و ئیرادەی لاوازی سەرکردەکانی کورد و ململانێ خوێناویەکانی نێوان هێزەکانی کورد هۆکارە بنەرەتیەکانی چەقبەستنی بزافی کوردایەتین لە بەشێک لە گەورە.

بەرخودان و یەکریزی هێزە کوردیەکان لە باکور و رۆژئاوا تا رادەیەکی بەرچاو پیشانی دەدەن کە تەنها بە چەک و پارە و یەکریزی ناتوانرێت بەرەو بەدیهێنانی ئامانجەکان هەنگاو بنرێت، تایبەت لە رۆژئاوا بە کارنامەیەکی کۆمەڵایەتی و فرە ئاراستە و بەرێزگرتن لە ناسنامە و خواستی پێکهاتە نەتەوەیی و ئاینییەکانی رۆژئاوا سەرکەوتون لە پشتیوانی و رێزی زۆربەی دنیا، ئەم واقعە لە رەوشی ئاڵۆزی ناوچەکە بۆتە قەڵغانێک بۆ پاراستنی نمونەی رۆژئاوا.

بەشێکی بەرچاوی بە ناو هێزە ئۆپزسێونەکانی باشور بێبەری نین لە گەندەڵی و کۆیلایەتی و ئۆپۆرچینزم و شانۆگەری سیاسی، مێژوی زۆربەیان بە دەسەڵاتەوە گرێدراوە، ئێمەمانان نامۆ نین بە مێژوییان و کار و هەڵوێستەکانیان، پێویستە کۆمەڵگای کورد دوای هات و هاواریان نەکەوێت.

چی بکرێت ؟

لەم دۆخەدا ئەرکی سیاسی نیە، غاندی سەرکردەی ناوداری دنیا بە خوێ بەرەنگاری بەریتانیا بوەوە و سەرکەوت، ماندێلا پاش ٢٧ ساڵ لە زیندان و سەرکەوتن بەرق و کینە مامەڵەی لەگەڵ دەسەڵاتدارانی ئەپارتهەید نەکرد، زیادە بۆ ئەمەش وازی لە هاوسەرە تێکۆشەرەکەی هێنا چونکە لە گەندەڵیەوە تێوەگڵابو، بوژاندنەوەی کۆمەڵایەتی لە سەنگاپور و چەند وڵاتێکی کەنداو … پیگەی و سیاسی ئەو وڵاتانەی زۆر گەشەدار کردوە.

لەم باشورەی کوردستان و هەرێمە تاقانەکەی ئەوەی خائین بوە، دز بێت، تاوان بکات، گەندەڵ بێت، پێشێلی یاسا بکات، سنورەکانی نەریتە کۆمەڵایەتیەکان ببەزێنێت بونەتە قەڵغانێکی وەهمی بۆ تێکدان و پوچەڵکردنەوەی بەها و نەریتە سەنگین و بەرزەکانی کۆمەڵگای کوردەواری و نمونەکانیش کەم نین.

کۆمەڵگای کوردەورای لە باشور پێویستی بە بوژاندنەوەی کۆمەڵایەتی هەیە وەک کارێکی پێویست و گرنگ بۆ ئایندەی نیشتمان.

چ بوژاندنەوەیەک ؟

کاری هەرە گرنگی هاوڵاتی و گروپ و ئاراستە و خەمخۆر و دڵسۆزەکان لەم دۆخەی ئێستادا بنیاتنانەوە و دارشتنی نەریت و بەها گەشەدارەکانی کۆمەڵایەتی و ئاینیە، کارکردنە بۆ چەسپاندنی دادپەروەری کۆمەڵایەتی، رەخساندنی دەرفەتە بۆ خزمەتگوزاری تەندروستی خۆبەخش و بۆ فێربون و خوێندنی سەردەمانە بەبێ جیاوازی سیاسی و پێگەی کۆمەڵایەتی و توانای دارایی، بەدیهێنانی میدیایەکی سەربەخۆی راستگۆ و هەرەوەرزی بۆ لێقەومانان و کەم دەرامەتەکان… تاد.

ئەم هەنگاو و کارانە کۆمەڵایەتین و بەهیچ جۆرێک خۆیان لەقەرەی ململانێی سیاسی نەدەن، ئامرازی بنەرەتی بۆ ئەم کارانە دروستکردنی خانەی گەرەک و لادێکانە کە ستافی دڵسۆز و کارا بۆ ئەو کارانە و پتەوکردنی نەریت و ە کۆمەڵاتیەکان خۆبەخشانە کاربکەن، بۆ ئەم ئامانجە تۆکمە و کاریگەر لەگەڵ سەندیکاکان و رێکخراوە سەربەخۆکان و کەسایەتیە دڵسۆزەکان ئەڵقەیەکی زۆر گرنگە بۆ بوژاندنەوەی کۆمەڵایەتی.

دواتر وەک عەرەب وتەنی: لکل حادث حدیث !

رۆتەردام: ٢٣ نۆڤەمبەر ٢٠٢٥

بابەتى تر

👤
Live: 84 Today: 2,030 📊 Click Here