سێ دەیە وەک کابوس کەوتونەتە سەرکوردستان
هێما عبدڵلە احمد
سێ دەیە کە تێیدا نەک شایستەترینەکان بەڵکو پارتیبازەکان حوکمڕانی دەکەن. سێ دەیە کە تێیدا پێگە و پلە بە خۆشەویستی و خزمایەتی دەدرێت نەک بە توانا و لێهاتوویی. ئەنجامەکە؟ هەرێمێک کە گشت توانا و سامانەکانی هەیە بەڵام لە ژێر باری نالایەقیدا دەچەوسێتەوە.
لە هەرێمێکدا کە مرۆڤە ژیرەکان قەدەغە دەکرێن لە بیرکردنەوە، نوسەران کپ دەکرێن، ڕۆژنامەوانان هەڕەشەی جددیان لەسەرە و کپ و کڕ دەکرێن، ئەکادیمیستەکان ناچار بە بێدەنگی دەکرێن، چی دەمێنێتەوە؟
دەمێنێتەوە کۆمەڵگەیەکی داڕوخاو، بێ ئاراستە، و قوڕبانی فریودراو و بێڕێزی پێکراو. ئەوەی لەم هەرێمە ڕوویداوە نەک تەنها سەرکوتکردنی ڕایە جیاوازەکانە، بەڵکو کوشتنی ڕۆحی ڕەخنە و پرسیارکردنە ئەو دوو ستوونەی کە هەر کۆمەڵگەیەکی سەلامەت لەسەر بنیات دەنرێت.
کوردبوون چارەنووسە و جێگای شانازیمانە. بەڵام چارەنووسمان نییە کە لەژێر دەسەڵاتی ئەم سیاسیە دۆراوانەدا بژین کە تەنها کارامەییان لە قسەکردنە لەسەر قارەمانیەتی، تەنها کارامەییان لە کوشتن و گرتن و دزین و تاڵانکردندا هەیە. لە کاتی کار و ئەرک و بەرپرسیارێتیدا وەک مشک خۆیان دەشارنەوە.
حەق ناتوانرێت بە چارەنووسەوە ببەسترێتەوە ئەوەی ئێستا تێی کەوتووین. ئەمە تاوانێکی ڕوون و ئاشکرایە لەلایەن کەسانێکەوە کە خزمەتی میللەت ناکەن، بەڵکو میللەت بەکاردێنن بۆ دەوڵەمەندکردنی خۆیان و خزمەتکاری حەڕەمسەراکانیان.
کاتی ئەوە هاتووە کە وەک میللەت هەستین و بە دەنگێکی بەرز بڵێین بەسە! ئێمە شایانی باشترین. منداڵەکانمان شایانی باشترن. داهاتووی کوردستان شایانی باشترە لەمەی ئەم سیاسیە نا پێمان دەبەخشن.



Post Comment