×

ئاب مانگێکی شووم

ئاب مانگێکی شووم

جار بینراوە: (14.2K)

فەرەیدون ڕەسوڵ

مانگی ئاب شومترین مانگە لەمێژووی ژیانی خەڵکی کوردستان، چونکە سێ ڕووداوی هەرە ناخۆش لەو مانگەدا هەن کە بوونەتە مایەی گەورەترین نەهامەتی بۆ گەلی کورد، ئەوانیش لەدایک بوونی مەسعود مستەفا بارزانی و سەرهەڵدانی پارتی دیموکراتی کوردستان لەو مانگەدا، هەروەها ڕودانی کارەساتی مێژوویی 31ی ئاب کەئەوەی ئێستا ڕوودەدات بەرهەمی ئەو کارەساتە مێژووییەیە.

لێرەدا تەنها باسی 31ی ئاب دەکەین، ئەم ڕووداوە نەک تەنها پەڵەیەکی ڕەشی مێژووییە بەنێوچەوانی مەسعود بارزانی و پارتیەوە، بەڵکو هۆکاری هەموو ئەو نەهامەتیانەیە کەلەدوای ئەم ڕووداوە بەسەر خەڵکی کوردستاندا هاتووەو دێت، ئەگەرچی لای ئەوان مێژووی شانازییە بەڵام لای ئێمە خیانەتێکە بەقەد باڵای شاخی هەڵگورد بەرزە، هێندە تاوانێکی قێزەونە بەقەد تەمەنی خۆیان ناشرینە.

هێنانی ڕژێمی بەعس کە بەخوێنی ڕۆڵەکانی کورد تینوو بوو خیانەت و تاوانێکی هێندە نامەردانە بوو کەدەبوو مەسعود بارزانی شەرم بکات دوای ئەم ڕووداوە سیاسەت بکات، بەڵام کاتێک ڕوویان نیە و چاوقاییمانە شانازی بەم مێژووە ڕەشەوە دەکەن.

ئەو ڕژێمە ترسناکەی لەڕاپەڕین لەبەردەم هێزی پێشمەرگەو خەڵک خۆی نەگرت و لەتەواوی کوردستان دەرکرا، لەسەر داوای مەسعود بارزانی و بە فەرمانی صەدام حسێن هاتنەوە ناو شاری هەولێرو حەرەمی پەرلەمانی ان پێشێل کردوو  تاکو ئێستاش پەرلەمان شکۆی بۆ نەگەڕاوەتەوە.

بێ قیمەتترین جۆری سیاسەت و ئیدارەدانی دەوڵەت ئەوەیە بە خیانەت هاتبی و بەشانازی بەخەڵکی بفرۆشیتەوە، ئێستا پارتی لەهەرکاتێک زیاتر ڕووی ڕەشی خۆی دەردەخات بەوەی لەڕێگەی چەند کارەکتەرێکی بێزراوی خۆیەوە شانازی بەم مێژووە ڕەشەوە دەکات.

مەسعود بارزانی وەک سەرۆک جاش داوای لەسەدام کرد کەهاوکاری بکات لەداگیرکردنی هەولێر، بەجۆرێک لە ڕۆژی ٢٨ ی ئابی ١٩٩٦ مەسعود بارزانی بە پەلە داوای یارمەتی لە صەدام حسێن سەرۆک کۆماری عێراق کرد بۆ بەپەلە بە هاناوەچون و دەرکردنی یەکێتی و جەلال تاڵەبانی لە هەولێر ، هەر بەو مەبەستە ڕاستەوخۆ فەرمان بە هێزەکان کرا بۆ خۆ ئامادەکردن.

دوای خۆئامادەکردنی هێزەکان دەستبەجێ  فەیلەقی پێنج بە هاوکاری ٢ فرقە و فەیلەقی یەک بە هاوکاری لیوای گاردی کۆماری بە پەلە ئامادەکران و لە ڕۆژی ٣١ ئاب و بە هاوکاری بارزانی کە پێکهاتبون لە ٦٠٠ سەرباز، سەرەتا پلانی گرتنی ڕێگای قوشتەپە و بێستانەیان دانابوو، کە لە ماوەی ٢ کاتژمێر کۆنتڕۆڵیان کرد، فەرمانەکانی صدام بەو شێوازە بوو کە نابێت هیچ هاوڵاتیەکی سڤیلی کورد و عێڕاقی زیانی پێ بگات ، وە نابێت دەست ببرێت بۆ موڵک و ماڵی هاوڵاتیان ، دواتر  هەولێر بەتەواوی کۆنتڕۆڵ کراو تەسلیمی مسعود بارزانی و پارتی کرا.

ئەگەرچی صەدام فەرمانی بەهێزەکانی کردبوو لەکاتی هێرشەکاندا دەست بۆ موڵک و ماڵی خەڵک نەبەن و خەڵکی مەدەنی نەکەنە قوربانی، بەڵام هێزەکانی مەسعود ڕاستەوخۆ دەستیان کرد بە تاڵانی ماڵی زۆربەی گەڕەکەکانی هەولێر تاڵان کران و دواتر دەستیان کرد بە تاڵانکردنی بەڕێوبەرایەتیەکان و دواتر پەڕینەوە بۆ بارەگای ڕێکخراوە و ڕێکخراوە نا حکومیەکان کە هاوکارییان بۆ کوردستان دەهێنا، دواتر ئەوەی بەردەستیان بکەوتایە بەناوی کۆنەقین و لایەنگری لە جەلال تاڵەبانی لە ماڵ دەهێندرانە دەرەوەو دەکوژران.

هەربۆزانیاری هەموو لایەک، مەسعود بارزانی لەخۆشی گرتنی هەولێرو دەرکردنی یەکێتی لەو شارە شاگەشکە بوو بوو، دەمانچەکەی لەبەر باخەڵی دەرهێناو پێشکەشی فەرمانداری کەتیبەی مەدفەعی ١٥٥ملم کرد، کەبەوتەی خۆی ئەو دەمانچەیە زۆر خۆشەویست بووە لای چونکە لە مەلا مستەفای باوکیەوە بۆی ماوەتەوە، بەڵام فەرماندارەکە تاکو پرس بە صەدام نەکات دەمانچەکە وەرناگرێت، دواتر لەسەر پێشنیاری صەدام قبوڵی ئەو دیارییەی مەسعود بارزانی دەکات و لەکاتی گەڕانەوەشی بۆ بەغدا صەدامیش دەمانچەیەکی تری بۆ دەکاتە دیاری.

دوای بیستنی ئەم زانیاریانە لەسەر هەر تاکێکی کوردە ئەوەی مسقاڵێک ویژدانی هەبێت نەفرەت بۆ سەرکردایەتی کورد بەتایبەت مەسعود موستەفا بارزانی و شوێنکەوتوەکانی بنێرێت لە پای خیانەتەکانیان و ئەمە بکرێت بەوانەیەک و بە منداڵەکان بوترێتەوە کە بنەماڵەیەکی خیانەتکار خوێنی ١٨٢ هەزار کوردی ئەنفالکراو و چەندین هەزار قوربانی چەکی کیمیاوی و زیاتر لە ٥٠٠٠ گوندی وێرانکراوی لەبیرکردو ئەنجامدەرانی ئەو تاوانانەی هێنایەوە بۆ کوردستان بەس بۆ ئەوەی خۆیان لەسەر کورسی دەسەڵات و پاوانخوازییەکانیان بمێننەوە.

بابەتى تر

👤
Live: 133 Today: 1,053 📊 Click Here