بەسە ئیتر ئازاردانی …

بەسە ئیتر ئازاردانی …

جار بینراوە: (1.5K)

ڕوحی #مام_جەلال و #شاری_سلێمانی ..

#نەخێر_بۆ_گۆڕینی_ناوی_فڕۆکەخانەی_سلێمانی …..

( گۆڕینی ناوی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی شاری سلێمانی ، خستنەوەی فیتنەیەکی گەورەیە و زوویرکردنی شارێکە کە سومبولی بەرەنگاری و ڕۆشنبیرییە ، غەدرێکی گەورەیە لە سەرکردە #مام_جەلال کە بەرامبەری ئەکرێت ..

ڕەوانشاد مام جەلال ئەگەر خۆی لە ژیاندابووایە وەکو من ئەیناسم ، دژی ئەم بەخستنەبری ناوی ئەبوو لە جێگای سلێمانی بۆ فڕۆکەخانەیەک کە ناوی ئەو شارە مەزنەی پێ گەیشتۆتە وڵاتانی دونیا .

بۆ هەموو هەنگاوێکی نوێ پێشنیاری باش و خراپ هەیە ، بەڵام ئەمەی کە گوایە بە خاتری مام جەلال کراوە لە خراپترینەکانییەتی ، تەنها و تەنهاش هەر بۆ بەرژەوەندی ئەو کەسەیە کە ئەم هەنگاوەی ناوە ، بۆ جوڵاندنی سۆزداری و دڵ نەرمکردنی سەرکردایەتی یەکێتی ، کە پۆستی سەرۆککۆماری پێ بدەن و هیچی تر .

ئەو بەڕێزە ئەوە نازانێت کە بەهۆی ئەوەی شاری سلێمانی و حیزبە دەسەڵاتدارەکەی دەرگایان کراوە بووە بۆ کوردانی زوڵم لێکراوی پارچەکانی تری کوردستان و هەر بەو هۆیەشەوە ، سەدەها جار تۆپباران کراوە و ئاسمانی فڕۆکەخانەی بە ڕوودا داخراوە !؟

ئاخر ئاساییە بۆ فڕۆکەخانەیەک کە بەناوی سلێمانییەوە بێت و لە پای داڵدەدانی کوردانی زوڵم لێکراو هێرشی بکرێتەسەر ، چونکە خەسڵەتی شارەکە هەر ئازادیخوازی و شۆڕش بووە ، بەڵام ئاسایی نییە گەر بە ناوی سەرکردەیەکەوە بێت و هەر ڕۆژەی بە بیانوییەکی سیاسی هێرشی ناڕەوای بکرێتەسەر و لە کەسایەتی و شکۆی بدەن ) …

لە پاش پرۆسەی ئازادی عێراق ، یەکێک لە پلانەکانی سوپای ئەمریکا بە تایبەت لە شاری بەغداد ، گۆڕینی ناوی ئەو شوێنانە بوو لە نەخشە سەربازییەکانیاندا ، بە زمان و تێگەیشتنی ئینگلیزی ، کە لە کاتی دەسەڵاتی ( #سەدام_حسین ) دا بە ناوی ئەو فاشییەیەوە ناونرابوو ، ئەمەش بە خاتری ئەوەی کە هێزە ئەمریکی و هاوپەیمانەکانیان ، بتوانن بە ئاسانی ئەو خاڵانە بدۆزنەوە کە مەبەستیانە و کار ئاسانی بۆ بەیەکگەیشتن و ڕاپەڕاندنی کارەکانیان خێراتر و وردتر ئەنجام بدەن ..

پاشان کە دەسەڵاتی شیعه مەزهەب ، پانتاییەکی سیاسی گرتەدەست ، بە هەمان سیاسەتی قۆرخکاری ، لە پلانیاندا بوو ، کە زۆربەی شوێنە گشتیەکان بەو ناوە مەزهەبییانە بگۆڕێن کە خۆیان مەبەستیان بوو ، بەڵام ئەمریکییەکان و هاوپەیمانانی درکیان بەوە کرد ، کە ئەم هەنگاوە ئەبێتە هۆی پشێووی دورستبوون لەگەڵ سوننە مەزهەبەکان و بەریەککەوتن و دروستبوونەوەی شەڕی مەزهەبی و تائیفی ، هەربۆیە زوو سنوورێکیان بۆ دانان و نەیانهێشت ئەو پلانە سەربگرێت لەناو گۆڕین و تێکدانی ( توپونیمیای عێراق ) لەسەر بنیچەنی مەزهەبی ..

(Toponymy )

وشەیەکی یۆنانییە و مانای ( ناوی شوێن ) ە ، بەشێکە لە بەشەکانی دیراسەی ( Onomastics ) کە زانستێکە تایبەتە بە لێکۆڵینەوەی ( ناو ) و واتای لە بنەچەدا ، هەروەها مێژوویی و بەکارهێنانی و شوێن و پێگەی جوگرافی ، وەکو شاخ و دەریا و ڕووبار و دەشت و دارستان و شار و لادێی ، ئەویش هەر بە ئامانجی تێگەیشتن و زمانەوانی و شارستانییەت و ڕۆشنبیری و هتد ..

گرنگی خوێندنەوەی تۆپونومی پاراستنی ( ناو )ە ، لە زهنی ڕۆشنبیری گشتیدا کە ئەمەش قوڵایی مێژوویی هەیە ..

بۆ هەموو ناو گۆڕینێک ، پێویستی بە شیکارێکی ڕەخنەیی زانستی هەیە ، هەتاوەکو بزانرێت کە چ ڕەنگدانەوەیەکی پۆزەتیف و نێگەتیف لەخۆئەگرێت و چ ناکۆکییەکی سیاسی و کۆمەڵایەتی بەدوای خۆیدا ئەهێنێت و ( تناقچ ) ی چییە لەگەڵ دیراسەی تۆپونۆمی .

شاری سلێمانی ئەو شارە نییە کە هەروا بە ئاسانی یاری بە پێگە و ناو و هەڵکەوتەی جوگرافییەوە بکرێت ، سلێمانی خاوەنی شوناسێکی دەوڵەمەندە لە شۆڕشگێڕی و مێژوویەکی قوڵی لە بواری ئەدەب و هونەر هەیە و خاوەنی سەدەها کەڵەپیاو و شاژنە لە هەموو بوارەکاندا و هەڵکەوتەی شارەکەش بە شاخ و داخ و هاوینەهەوارە جوانییەکانییەوە ، بست بە بستی بووەتە ناو و یادەوەری بەشێوەیەک کە لە ئەدەب و هونەرەکەیدا ڕەنگی داوەتەوە ..

ئەو بەڕێزانەشی کە ئەشیانەوێت دڵسۆزی بۆ ڕەوانشاد مام جەلال دەرببڕن ، با کار لەسەر سڕینەوەی ناوی فڕۆکەخانەی سلێمانی نەکەنەوە و ئەگەر بەڕاستییانە با هەموو هێز و توانای ماددی و حیزبی و دیبلۆماسییان بخەنەگەڕ ، کە فڕۆکەخانەیەکی نێودەوڵەتی مۆدێرن لە شاری بەغداد و پایتەختی عێراق بکەنەوە ، ئەی بە هەموو پێوەرێک بێت ، مام جەلال یەکەم سەرۆکی دیموکراتخواز و شۆڕشگێڕ بووە ، کە ڕۆڵی هەبووە لە ڕووخاندنی ستەمکارترین دەسەڵاتی فاشی لە عێراقدا و ساڵانێکی زۆر سەرۆک کۆماری عێراق بووە و ئەکرێت جەخت لەسەر ئەوە بکرێتەوە کە فڕۆکەخانەیەکی گەورە بە ناوییەوەوە بکرێت ..

بابەتى تر

👤
Live: 29 Today: 120 📊 Click Here