سلێمانی: داخێکی گەورە
ناونانی شوێن و دەزگای گشتی بەناوی سەرکردەو ڕابەری نەتەوەیی و کەسانی دیاری میللەتێک کارێکی ئاساییە و لە وڵاتانی جیهان هەیە، بۆ نموونە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی چارلس دی گۆڵ، یان بین گۆڕیۆن، یان یاریگای نێودەوڵەتی مارادۆنا، هتد. هەرچەندە لە جیهاندا زۆرنین و هەندێکیان هەر زوو پاش گۆڕینی سیستەمی سیاسی وڵاتێک ناوی شوێنەکەش گۆڕاوە، بۆ نموونە یاریگای نێودەوڵەتی ستالین کە گۆڕدرا بۆ لۆکۆمۆتیڤ، هتد.. باشتر وایە ناوی ئەوشوێنە گرنگ و گشتیانە لە ناوی شار، یان ڕووبار، یان شاخ وەرگیرابێت، بۆ ئەوەی بەگۆڕینی سیستەمی سیاسی ناوچەیەک ناوەکە هەر بە بەرزی بمێنێتەوە و هەوڵی گۆڕینی ناوەکە نەدرێت. پێم وایە کارێکی ئاوا، واتە گۆڕینی ناوی شوێنێکی دیار، گرنگە و دووربینی زۆری دەوێت و پێویستە هەر نەبێت پرس وڕایەک بە دانیشتوانی ئەوشوێنە، یان شارە بکرێت تا بزانرێت خۆشحاڵ دەبن بەوکارە یان نا! لەوانەیە لە هەندێک باردا خەڵک خۆی داوا بات ناوەکە بگۆڕدرێت!
لەم چەند ڕۆژەدا پرسی گۆڕینی ناوی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی هاتۆتە ئاراوە، نەک لەناودا باس دەکرێت بەڵکو بە گوێرەی قسەی د. محەمەد سابیر بێت چوارساڵە خەریکن و فەرمانەکەشیان لە سوودانییەوە وەرگرتووە (١). باشە دەکرا لەم چوارساڵەدا ئەو دەزگایەی کە بەڕێزیان سەرپەرشتی دەکەن و بەم کارە هەستاوە پرسێکی بە خەڵکی شاری سلێمانی بکردایە، ئەگەر پرسە گورگانەش بووایە، چونکە ئەوان کەبیانەوێت هەردەیکەن و گوێ لە بیروبۆچوونی خەڵک ناگرن! لە بارێکدا دەستەی داکۆکیکردن لە سروشت وموڵکی سلێمانی ناڕازیان دەربڕیوە سەبارەت بە گۆڕینی ناوی سلێمانی (٢)! بگرە بەڕێزیان زۆر لەوە زیاتر ڕۆیشتوون و دەڵێت ئەوانەی وابیر دەکەنەوە ” ناماقووڵیان کردووە، لەڕاستیدا عەرەبەکان بەوەفاترن لە کوردەکان بۆ مام جەلال”(١). چەندین ساڵە دەڵێین باناوی فڕۆکەخانەکە بەزمانی ئینگلیزی و عەرەبیش هەر بە سلێمانی بنووسرێت، کەس بەدواداچوونێکی نەکرد و گوێمان لێ دەبوو کە گوایە ناکرێت بگۆڕدرێت چونکە لە جیهاندا وا ناسراوە کەچی ئێستا هەر بەخشکەیی بەتەواوی دەیگۆڕن!
بەهەرحاڵ، وەک خۆیان دەڵێن دەیگۆڕن و کەسیش بۆی نییە قسەبکات، بەڵام زۆر بەداخەوە بۆ کەسێکی بەئەزموون و هەڵگری بیروباوەڕی سۆشیاڵ دیمۆکرات، کە ئاوا لێدوانێک بدات، لەڕاستیدا سەر دەسووڕمێت کەسێک ئاوا بێ منەت بێ لەخەڵک و وشەی ناماقووڵی بەکاربێنێت، کە خەڵکی سلێمانی خۆیان دەزانن ئەو وشەیە واتای چییە! ئەمە لەلایەک و لەلایەکی تریش خەڵکانی ناکورد بەدڵسۆزتر و وەفاتدارتر لەکورد بەرانبەر سەرکردەیەکی وەک مام جەلال پەسن بکات ! نەدەبوو بەڕێزیان لەکاتێکی ئاوادا و بەوشێوەیە قسەی بکردایە، کە دەزانێت خەڵکی سلێمانی چەند نیگەرانن لەبارودۆخی کوردستان بەگشتی و شارەکەشیان بەتایبەتی!















Post Comment