قەیرانی حوکمڕانی و داهاتووی هەرێمی کوردستان

قەیرانی حوکمڕانی و داهاتووی هەرێمی کوردستان

جار بینراوە: (1)

سابیر محد سابیر

ئاڵۆزیی کۆمەڵایەتی و سیاسیی هەرێمی کوردستان لەم ساڵانەی دواییدا گەیشتووەتە ئاستێک کە چەمکەکانی وەک “خزمەتگوزاری” و “حوكمڕانیی پاک” لە دروشمی سیاسیی ڕووت زیاتر هیچی تریان لێ نەمێنێتەوە. ئەو سیستەمە سیاسییەی کە دەیان ساڵە بە ناوی ئازادی و سەربەخۆییەوە جومگەکانی دەسەڵاتی کۆنتڕۆڵ کردووە، نەیتوانیوە تەنانەت سەرەتاییترین پێداویستییەکانی هاووڵاتیبوون بەدی بهێنێت. گەندەڵی هەیکەلی، مۆنۆپۆلکردنی دەسەڵات لەلایەن نوخبەیەکی حزبییەوە، و قووڵبوونەوەی بێدادپەروەریی کۆمەڵایەتی، ڕاستەوخۆ پاشەڕۆژی ئەم هەرێمەیان خستووەتە ژێر مەترسییەکی جدییەوە.

شێوازی حوکمڕانیی حزبی لە کوردستاندا دروشمی “سەروەریی یاسا”ی کردووەتە بڵقێکی ساردوسڕ. داواکردنی “شەفافیەت” و “لێپرسینەوە” لە هێزە دەسەڵاتدارەکان — بەتایبەت پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان — زیاتر لە ئارەزوویەکی وەهمی دەچێت، چونکە بونیادی ی ئەم دوو هێزە لەسەر دابەشکردنی سامانی گشتی و بەکارهێنانی دامەزراوەکانی دەوڵەت بۆ بەرژەوەندیی تەسک و خێزانی دروست بووە. داواکردن لە بزوێنەرەکانی گەندەڵی بۆ ئەوەی چاکسازی و سیستەمی دژەگەندەڵی دروست بکەن، وەک ئەوە وایە داوا لە ڕێگر بوبکەیت پاسەوانی گەنجینە بێت.

کاتێک سیستەمێک هەموو توانا ئابووری و سەربازییەکانی نیشتمانی لە پێناو ململانێی حزبی و پڕکردنی گیرفانی نوخبەیەکی دەستنیشانکراودا قووت دابێت، قسەکردن لەسەر “دەوڵەتداری” دەبێتە نوکتەیەکی تاڵ. جەماوەر بەردەوام گوێبیستی بەڵێنی دووبارە و دەستەواژەی “خزمەتکاری گەل” دەبن، بەڵام لە واقیعدا تەنها شاهیدی بەهێزبوونی حوکمی حزبی و بێهێزبوونی دامەزراوە یاساییەکانن.

کوردستان بەپەلە پێویستی بە داڕشتنەوەی سەرلەنوێی پێناسەی حوکمڕانی هەیە. تا ئەو کاتەی یاسا لە سەرووی هەموو حەز و بەرژەوەندییە حزبییەکانەوە جێگیر نەکرێت، و تا دەسەڵاتدارێتی نەکەوێتە ژێر چاودێرییەکی سەربەخۆ و ڕاستەقینە، باسکردن لە ئابوورییەکی دادپەروەر یان داهاتوویەکی گەش تەنها خەڵەتاندنی گشتی دەبێت. نیشتمان بە دروشم بەهێز نابێت، بەڵکو بە بڕینی دەستی حزب لەسەر سامانی گشتی و کۆتاییهێنان بە کەلتووری بێسزا دەرچوون بەهێز دەبێت.

بابەتى تر

👤
Live: 165 Today: 1,172 📊 Click Here