لە نێوان چەقبەستوویی ناوخۆ و گۆڕانکارییە نێودەوڵەتییەکاندا، مانەوەی هەرێم بەم عەقڵییەتەی ئێستاوە مەحاڵە!

لە نێوان چەقبەستوویی ناوخۆ و گۆڕانکارییە نێودەوڵەتییەکاندا، مانەوەی هەرێم بەم عەقڵییەتەی ئێستاوە مەحاڵە!

جار بینراوە: (1)

لە نێوان چەقبەستوویی ناوخۆ و گۆڕانکارییە نێودەوڵەتییەکاندا

مانەوەی هەرێم بەم عەقڵییەتەی ئێستاوە، مەحاڵە!

لە ئێستادا، هەرێمی کوردستان، بە یەکێک لە مەترسیدارترین قۆناغەکانی مێژووی خۆیدا تێدەپەڕێت؛ قۆناغێک، کە هەڕەشەی ڕاستەوخۆ لە مانەوەی قەوارە دەستوورییەکەی دەکات!. ئەم دۆخەش سەرەڕای گەمە و سیاسەتی نوێی نێودەوڵەتی و هەرێمایەتی و ململانێی نێوان کوردستان و بەغدا، بە پلەی یەکەم سەرەنجامی خراپیی حوکمڕانی کوردستان خۆیەتی و هۆکارەکانیش بۆ گەندەڵی سیاسی و ی، کێشە سیاسییە چارەسەرنەکراوەکان، نەبونی دادپەروەریی و نەبوونی  سیستمی ڕاستەقینەی دیموکراسی، دەگەڕێنەوە. 

هەموان دەزانین، دوای ڕیفراندۆمی ٢٠١٧، ڕوانگەی بۆ هەرێم گۆڕانکاریی ڕیشەیی بەسەردا هات. هۆشدارییەکەی “جێنین پلاسخارت” لە ساڵی ٢٠٢١دا، کە ڕاشکاوانە بە سەرکردایەتی کوردی گوت: “خۆتان ڕێکنەخەنەوە، هەرێم بەم شێوەیە نامێنێتەوە”، تەنها دەربڕینێکی دیپلۆماسی نەبوو، بەڵکو نەخشە ڕێگایەک بوو بۆ داهاتوو، کەچی لەبری چاکسازی، حوکمڕانیی هەرێم بەرەو پەککەوتنی زیاتر هەنگاوی ناوە!. ئەمەش وایکردووە، چەند فاکتەرێکی جیاواز لە دژی قەوارەی هەرێم یەکانگیرببن، ئەوانیش:

یەکەم؛ فاکتەری نێودەوڵەتی: دوای ٣٥ ساڵ هێشتا هەرێم خاوەنی هێزێکی سەربازیی نیشتمانیی یەکگرتوو نییە. ئەمریکا کە ساڵانێکی زۆرە هاوکاری دارایی و سەربازی پێشکەش دەکات، چیتر تاقەتی “عینادی” سیاسیی هەرێمی نەماوە. ئیدارەی نوێی ئەمریکاش (ترەمپ) وەک لە لێدوانی نزیکەکانیانەوە  دیارە، مەیلیان بۆ بەهێزکردنی “دەوڵەتی ناوەندی” لە بەغدا و پشتیوانیکردنی حکومەتێکی گوێڕایەڵ هەیە، نەک هەرێمێکی پڕ لە سەرئێشە.

دووەم؛ فاکتەری ئیقلیمی و بەغدا: فشارەکانی ئێران لە ڕێگەی بەغداوە بۆ سەر هەرێم چڕتر بوونەتەوە. لە لایەکی تریشەوە، لە بەغدا نەوەیەکی نوێی سیاسی هاتوونەتە پێشەوە، کە دەیانەوێت ناوەندییەت بۆ دەسەڵاتی فیدراڵی بگێڕنەوە. ئەم ئاراستەیە هەوڵێکی ڕوونە بۆ بەرتەسککردنەوەی دەسەڵاتەکانی هەرێم و هەوڵدان بۆ هەڵوەشاندنەوەی سەربەخۆیی هێزی پێشمەرگە و لکاندنی بە سوپای عێراقەوە.

سێیەم؛ فاکتەری ناوخۆیی: نەبوونی پەرلەمانێکی کارا، حکومەتێکی شەرعی و یەکدەنگیی سیاسی، زەمینەی بۆ هەموو دەستوەردانێکی دەرەکی (ئیقلیمی و نێودەوڵەتی) خۆشکردووە. هەربۆیە ئەم فاکتەرە بە یەکێک لەو فاکتەرە مەترسیدارانە دەزانین، کەوایکردووە ببێتە مایەی پارچەپارچەیی ناوخۆی هەرێم و  بەوهۆیەشەوە، هەرێم نەتوانێت وەک لایەنێکی بەهێز لەهاوکێشەکاندا دەربکەوێت.

کورت و کرمانج؛ ئەوەی ئەمڕۆ ڕوودەدات سوپرایز نییە، بەڵکو دەرەنجامی ئەو هۆشدارییانەیە، کە ساڵانێکە دۆستانی کورد بە نوسراو و بە ڕەسمی بە دەسەڵاتدارانی هەرێمیان گوتووە. کات بۆ خۆدزینەوە لە ڕاستییەکان نەماوە؛ ئەگەر چاکسازیی ڕیشەیی و یەکگرتوویی نیشتمانی نەبێتە ئەولەویەت، ئەوا قەوارەی هەرێم بەرەو لێواری هەڵدێر دەچێت. دەسەڵاتدارانیش باش دەزانن، کە مانەوە بەم عەقڵییەتەی ئێستاوە، مەحاڵە.

مەریوان خالید حسێن

بابەتى تر

👤
Live: 101 Today: 1,594 📊 Click Here