چارەنووسی کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان..!

چارەنووسی کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان..!

جار بینراوە: (15.2K)

هەستیار بورهان محمد – چالاکوان

ڕۆژئاوای کوردستان لە ئێستادا تەنها ناوچەیەک نییە لەسەر نەخشە، بەڵکو بریندارێکی کراوەی مێژووە. خاکێکە کە بە خوێنی گەنجانی کورد پارێزراوە و بە ئارەزووی ژیانێکی ئازاد بەرز کراوە. شەڕی ئیستای ڕۆژئاوا شەڕی گوللە و تانک نییە، شەڕی مانەوەی ناسنامەیە، شەڕی ئەوەی کورد لە خاکی خۆی خاوەن دەنگ و بڕیار بێت.

لە ئەم قۆناغەدا، ڕۆژئاوا لە ژێر فشارێکی قورسدایە. لە دەرەوە، تورکیا بە هێرش و گواستنەوەی ترس و وێرانکاری هەوڵ دەدات ئەو ئەزموونە کوردییە بشکێنێت کە بە قوربانیی زۆر دروست بوو. لە ناوەوە، حکومەتی سووریا هێشتا نەویستیە بە ڕاستی دانپێدانانی مافی کورد، و نێوان ڕێککەوتن و فشاردا یاری دەکات. لە هەمان کاتدا، هێزە نێودەوڵەتییەکانیش زۆر جار کوردیان وەک کارتەیەکی سیاسی بینین، نەک وەک نەتەوەیەک خاوەن ماف.

هەموو ئەمانە بەڵام ناتوانن ئەو ڕاستییە بشکێنن کە کورد لە ڕۆژئاوا خۆی نیشان دا. ئەم گەلە لە بەرامبەر داعش و توندڕەوی وێنەی مرۆڤایەتی پاراست، ژنانی کورد بوونە هێمای شجاعت و ڕزگاربوون، و خەڵکی سادە بە دەست بەتاڵ ژیانێکی نوێیان دروست کرد لە نێوان وێرانەکان. ئەمە تەنها ئەزموونێکی سیاسی نەبوو، بەڵکو هەوڵێکی مرۆڤایەتی و نیشتمانی بوو.

من چارەنوسی کورد لە سووریا بە هیوای قورس و واقعگەرایی دەبینم. ڕێگای سەربەخۆیی زۆر قورسە و پڕە لە دژایەتی، بەڵام ڕێگای مانەوە بە بێ ماف و دەنگ قورسترە. ئەوەی دەتوانرێت بەدەست بێت، خۆبەڕێوەبەرایەتییەکی ڕەسەنە کە ناسنامەی کورد پارێزێت، زمانی کوردی فەرمی بکات و ڕێگا بدات کە منداڵانی ڕۆژئاوا بە زمان و مێژووی خۆیان گەورە بن. ئەمە کەم نییە، ئەمە بنەمای ژیانێکی نیشتمانییە.

ئەگەر کورد یەکگرتوو بمێنن، قوربانیی شەهیدان لەبیر نەکەن و بزانن کە هیچ هێزێک دڵسۆزتر لە خۆیان نییە، ئەوا ڕۆژئاوا دەتوانێت بمێنێت، نە وەک خەونێک، بەڵکو وەک ڕاستییەک. بەڵام ئەگەر ناوخۆ دووبارە دابەش ببن و هیوایان بە دەرەوە ببەستن، مەترسی ئەوە هەیە کە ئەم خاکە جارێکی تر بە دەنگی گورز و فڕۆکەی بیانی بێ دەنگ بکرێت.

ڕۆژئاوا پێویستی بە هێزێکی نوێ نییە، پێویستی بە بیرکردنەوەی نوێ و یەکگرتوویی نیشتمانی هەیە. چارەنوسی کورد لە سووریا لە دەست خۆمان دایە ، ئەگەر باوەرمان بە خۆی و بە یەکتری هەبێت

بابەتى تر

👤
Live: 138 Today: 681 📊 Click Here