مەسعود بارزانی بۆ یەکێتی: لەگەڵ پارتی دابنیشن و حکومەتی بنکەفراوان پێکبهێنن

– فیردەوس دڵشاد
مەسعود بارزانی لە پەیامێکدا بانگەواز ئاراستەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەکات کە لەگەڵ پارتی پێکەوە دابنیشن و کۆتایی بە قەیرانی سیاسی بهێنن، هاوکات داوا لە سەرجەم لایەنەکان دەکات پێکەوە حکومەتێکی بنکەفراوان و نیشتمانی پێکبهێنن.
ئەمڕۆ دووشەممە 9ـی تشرینی دووەمی 2026، مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی لە پەیامێکدا ڕایگەیاند: پێویستە هەموو لایەک ئەوە لەبەرچاو بگرن کە بەرژەوەندیی گەلی کوردستان لە هەموو بەرژەوەندی و ئامانجێکی تر گەورەترە.
مەسعود بارزانی بە تایبەتی داوای دەستپێکردنەوەی گفتوگۆ لەگەڵ یەکێتی دەکات و دەڵێت: لەسەر ئەو بنەمایەش، داوا لە برایانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەکەم لەگەڵ پارتی پێکەوە دابنیشن، کێشەکان چارەسەر بکەن و کۆتایی بە قەیرانە سیاسییەکەی هەرێمی کوردستان بهێنن.
ئاماژەی بەوە کردووە: زۆر حەز دەکەم لایەنە سیاسییەکانی تری هەرێمیش بەشداری لە هەنگاوەکانی پڕۆسەی سیاسیدا بکەن، پێکەوە حکومەتێکی بنکەفراوان و نیشتمانی پێکبهێنن و وەڵامی داوا و خواستەکانی خەڵکی کوردستان بدەنەوە.















Post Comment