تاوانی مێژوویی دوو بنەماڵە لە دژی خەڵک و مۆمیاکردنی ژیانی هاوڵاتیان لەسەرەی نەوت و غازدا
دانا صباح قادر
لە تەواوی ووڵاتانی جیهاندا خۆشبەخترین و خۆشگوزەرانترین میلەتانی دونیا ئەوانەن کە ووڵاتەکەیان خاوەنی سامانە سروشتییەکانە و دەڵەمەندن بەبوونی سامانە سروشتیەکانی ژێر زەوی کە بە سەرمایەیی خۆشگوزەرانی و ئارامیی کۆمەڵگە دائەنرێن، کەچی لە هەرێمی کوردستاندا بەتەواوی پێچەوانەیەو ئەم سامانە سروشتیە ژێرزەمینییانە بوونەتە سوتەمەنیی ماڵوێرانی و برسیبوونی هاووڵاتییان و بەتەوای بونتە هۆکاری نەهامەتی و بەدبەختی بۆ خەڵکەکەی ، ئەوەی ئەمڕۆ لە سایەی دەسەڵاتی هەردوو بنەماڵەی بارزانی و تاڵەبانی لە هەرێمی کوردستاندا ئەگوزەرێت تەنها قۆرخکارییەکی ئاسایی نییە بەڵکو تاوانێکی پیلان بۆداڕێژراوە دژی ژیان و گوزەرانی خەڵکەکەی کە تێیدا سامان و داهاتی گشتی کراوەتە قوربانیی بەرژەوەندیی تەسک و خێڵەکیی ئەم دوو بنەماڵەیە و حیزبەکانیان کە دەیان ساڵە چارەنووسی ئەم نیشتمانەیان بەبارمتە گرتووە.
ساڵانە لەگەڵ هاتنی وەرزی ساردی زستان و سەرما و سۆڵەدا ئەم جووت بنەماڵەیە پیلانێکی مەترسیدار و نامرۆڤانە جێبەجێ دەکەن بۆ ئەوەی نرخی نەوت و غاز و بەنزین لەسەر شانی هاووڵاتییان قورس و گران بکەن لە پێناو پڕبونی باخەڵی خۆیان ، ئەوەی جێگەی سەرسوڕمان و داخێکی قوڵە کە لە شارەکانی ناوەڕاست و خوارووی عێراقدا سووتەمەنی بە نرخێکی زۆر هەرزان و ئاسان بەدەست هاووڵاتییان دەگات کەچی لە هەرێمدا بە بەرنامە و لە ڕێگەی کۆمپانیا سێبەردار و حیزبییەکانیانەوە نرخەکان دەگەیەنرێنە ئاستێک کە ملیۆنان هاووڵاتی ناتوانن بە نرخێکی هەرزان و گونجاو ماڵەکانیان گەرم بکەنەوە، تەنها لەپێناو ئەوەی قازانجی بێسنوور بخەنە گیرفانی کۆمپانیا سێبەرەکانی خۆیانەوە لە کاتێکدا خاکی هەرێمی کوردستان یەکێکە لە خاکە دەوڵەمەندەکان بە بوونی ڕێژەیەکی زۆر لە سامانە سروشتیەکانی نەوت و غاز و بوونی چەندین پاڵاوگەی نەوتی بەڵام هەموویان لەلایەن جووت بنەماڵەی بارزانی و تاڵەبانیەوە دەستیان بەسەردا گیراوەو خراوەتنە خزمەتی بنەماڵەو حیزبەکانی خۆیانەوە.
هەموو ئەم بارودۆخە کارەساتبارە دەرئەنجامی ڕاستەقینەی ئەو ململانێ قێزەوونە سیاسییەیە کە لە نێوان هەردوو بنەماڵەی بارزانی و تاڵەبانی لەسەر دابەشکردنی کورسی و پلە و پۆست و پشکپشکێنەی دەسەڵات بەڕێوە دەچێت ، هەر کاتێک ناکۆکییەکانیان لەسەر پشک و بەرژەوەندییە حیزبییەکانیان قووڵتر ببێتەوە ئەوا تۆڵەکەی لە خەڵکی هەژار دەکرێتەوە و سزای ئابووری و دەروونی بەسەر کۆمەڵگەدا دەسەپێنن. ئەوان پەرلەمان و دامەزراوەکانی حکوومەتیان پەکخستووە و دەستیان بەسەر هەموو جومگەکانی حوکمڕانیدا گرتوەو وەک پاشکۆیەک بۆ مانەوەی خۆیان بەکاریان دەهێنن نەک بۆ خزمەتکردنی هاووڵاتییان.
ئیتر کاتی ئەوە هاتووە کۆتایی بەو بێدەنگییە ترسناکە بهێنرێت کە ڕێگەی بەو دوو بنەماڵەیە داوە هەموو جومگەکانی ژیان داگیر بکەن. حکوومەت لە کوردستاندا بوونی نییە و ئەوەی هەیە تەنها دوو بنەماڵەی چاوبرسیین کە لەسەر حسابی خوێن و سەرما و برسیەتیی خەڵک ئیمپراتۆریەتیی پارە و کورسیی خۆیان بەڕێوە دەبەن و بێدەنگبوون لە بەرامبەر ئەم ستەمەدا ڕەزامەندیدە لەسەر کوشتنی هێواشی نەوەکانی داهاتوو.















Post Comment