کۆمەڵگەو کوشتنی مەعریفە

کۆمەڵگەو کوشتنی مەعریفە

جار بینراوە: (10)

فاروق ڕەفیق؛ ئەو ڕووناکبیرەی لە ناو دەریایەکی بێدەنگیدا، بە هاواری مۆدێرنێتە و عەقڵانییەت گیانی سپارد.

فاروق ڕەفیق تەنها جەستەیەک نەبوو کە بمرێت، بەڵکو دەنگێک بوو کە پێشوەختە لەلایەن عەقڵیەتی داخراوی کۆمەڵگەوە گیرابوو.

کاتێک ئەو لە شاشەی “ئاڤا”وە هەوڵی دەدا مانا بۆ ژیان و شارستانییەت بگەڕێنێتەوە، کۆمەڵگا لەبری گوێگرتن، بەردبارانی کرد.

جگە لە توندڕەوی و تیرۆری دەروونی

ئەو هێرشە ناڕەوایانەی لەلایەن توندڕەوە “داعش ئاساکان”ەوە کرایە سەر فاروق ڕەفیق، بەتایبەت کاتێک ڕەخنەی لە کاڵبوونەوەی مانا لە پێشانگای نێودەوڵەتی سلێمانی گرت،نیشانەی شکستی مەعریفی ئەو کۆمەڵگەیەیە. ئەوانەی لە پەنای ئایین و نەریتەوە جنێویان دەدا، نەیاندەزانی کە ڕەخنەی ئەو بۆ پاراستنی شکۆی شار بوو، نەک سوکایەتی.

مردنێک لەژێر فشاری جنێودا

کۆمەڵگایەک کە نەتوانێت بەرگەی ڕەخنەیەک بگرێت لەسەر “پێشانگایەکی کتێب”، چۆن دەتوانێت بەرگەی فەلسەفە بگرێت؟ فاروق ڕەفیق لەناو کۆمەڵگایەکدا دەژیا کە؛ پێشوازی لە جنێو دەکات، بەڵام لە وشەی “عەقڵ” دەترسێت.

کەسی ڕەخنەگر تیرۆر دەکات: چ بە جەستە بێت یان بە تێکشکاندنی کەسایەتی بێت لە سۆشیاڵ میدیادا. ئەوکات هیچ کام بەناو دەستەبژێری کۆمەڵگا نەیان توانی بەویژدانەوە بەرگری لێبکەن، تکایە ئێستاش فرمێسکی تیمساحی بۆ مەڕژن!

هەرچەندە هەندێ لە تاریک پەرستان، دوای مردنەکەیشی هەروازی لێناهێنن ئەو زمانە ژەهراوییانە هەر بەردەوامن لە لێدانی، ئەمەش لوتکەی داڕمانە ئەخلاقییەکەیە

فاروق ڕەفیق نەخۆشی نەیکوشت، بەڵکو ئەو نامۆییە کوشتی کە لەناو نیشتمانی خۆیدا هەستی پێدەکرد. ئەو بووە قوربانی ململانێی نێوان “تاریکی و ڕووناكی”. تا ئەو کاتەی کۆمەڵگا فێری گفتوگۆ نەبێت و توندڕەوی ئایینی ڕێگەی لێبگرێت، هەر بیرمەندێکی تر کە بێت، هەمان چارەنووسی دەبێت.

فاروق ڕەفیق ئاوێنەیەک بوو کە پیسی و ناشیرینییەکانی ناو عەقڵی کۆمەڵگای پێ نیشان دەداین، ئێمە لەبری ئەوەی خۆمان جوان بکەین، ئاوێنەکەمان شکاند، بەداخەوە.

بابەتى تر

👤
Live: 146 Today: 1,442 📊 Click Here