کورد و چێژبینین لە ڕسوایی (لە دادگای دۆستوڤیسکیدا)
ئەمە ڕێک پوختەی مێژووی ئێمەیە لە دوای ساڵی ١٩٩١ەوە! نەتەوەیەک لە چیاکان هاتە خوارەوە، بریندار، لە خوێندا گەوزاو، خاوەنی خاکی خۆی، بەڵام چی کرد؟ بە ترسەوە سەیری ئەو ئاسۆیە فراوانەی ئازادیی کرد، ترس لە بەڕێوەبردنی خۆی، ترس لە دادپەروەریی، ترس لەوەی ببێتە مرۆڤێکی بەرپرسیار! بۆیە بە پەلە ڕایکردە باوەشی «پشکنەرە مەزنەکان»، واتە حیزبە چەکدارەکان و میرە نوێیەکان و سەرۆکە خێڵەکییەکان. خەڵک (خاک و سەروەری و ویژدان و کەرامەت)ی خۆیان خستە ژێر پێی حیزب و هاواریان کرد: «ئێمە خاکمان ناوێت، ئێمە شکۆمان ناوێت! خاکەکە بۆ کۆمپانیاکانتان، هەواکە بۆ کێڵگە نەوتییەکانتان، تەنها پارچە نانێک (مووچەیەک) فڕێ بدەنە ناو دەممان هەتا لە برساندا نەمرین!»
حیزب خاوەنی خاک نییە، ڕاستە! بەڵام حیزب خاوەنی ئەو (ترسە گەورەیە)یە کە لە ناخی تاکی کورددا چێنراوە. حیزب ئەو ئەهریمەنەیە کە پێمان دەڵێت: ئەگەر من نەبم، تۆ هیچ نیت! کۆمەڵگەش لە ترسی ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ چارەنووسی خۆیدا، پەنا دەباتە بەر کۆیلایەتییەکی ئارەزوومەندانە.
چێژبینین لە ئازار
لە (یاداشتەکانی ژێرزەمین)دا، پاڵەوانەکەی دۆستوڤیسکی دەڵێت: کاتێک ددانم دێشێت، من بە تەنها ناناڵێنم، بەڵکو بە ئەنقەست زمانم بە ددانە کلۆرەکەمدا دەهێنم و لە ئازارەکەی خۆم (چێژێکی شەهوەتئامێز) دەبینم!
ئێمەی کورد ئاوا لە ئازاری خۆمان دەڕوانین، ئێمە گیرۆدەی جۆرێک لە (ماسۆشیزمی نەتەوەیی) بووین. دەزانن بۆچی کورد لە براکەی خۆی خۆش نابێت، بەڵام کڕنۆش بۆ دوژمنەکەی دەبات؟ چونکە براکەی ئاوێنەیەکە کە ڕابردوو و کەمتەرخەمی و ڕسواییەکانی خۆی بیردەخاتەوە!
کاتێک سەیری براکەی دەکات لە زۆنەکەی تر یان لە پارچەکەی تر، لاوازی و برینداری و دەستەپاچەیی و کۆیلایەتیی خۆی لە چاوەکانی ئەودا دەبینێتەوە، بۆیە دەیەوێت ئەو ئاوێنەیە بشکێنیت، دەیەوێت چاوی براکەی دەربێنێت هەتا چیتر ئەو هەستە بەکەمزانییەی بیرنەخاتەوە!
ئەمەیە نهێنیی ئەوەی کە سەرکردەی کورد بەوپەڕی نەرمی و زەردەخەنەی سووکەوە دەچێتە بەردەم ئەفسەرێکی بەعسی و فەرماندەیەکی میلیشیاکان و ئەفسەرێکی دەوڵەتانی داگیرکەر، بەڵام بەرامبەر براکەی خۆی دەبێتە پڵنگێکی دڕندە! لە ناخی دەروونیدا، ئەو هاوشێوەی جەللادەکەیەتی، ئەو ڕقی لە داگیرکەر نییە، بەڵکو ئیرەیی بە داگیرکەر دەبات و دەیەوێت هەمان قامچی بەسەر براکەی خۆیدا تاقی بکاتەوە!
پێکەنینی دێوەکان.
ئێستا با سەیری دەوروبەرمان بکەین، چ شانۆگەرییەکی ترسناکە! لە هۆڵەکەدا کێ دانیشتووە و سەیری ئەم خۆکوژییە دەکات؟
عەرەبی بەعسی لە پەنجەرەی کەرکووکەوە سەیری گۆڕەپانەکە دەکات، جگەرەکەی دادەگیرسێنێت و دەڵێت: «سەیرکەن پێویستمان بە ئەنفال و کیمیاباران نەبوو، ئەو کێوانەی سەددام نەیتوانی بیڕمێنێت، نەفسی هەڵپەکار و چاوچنۆکی ئەم تێکدەرانە ( مخرب) وردوخاشی کرد!»
میلیشیاکان و دەوڵەتی قووڵی بەغدا بە تەسبیحەکانیانەوە پێدەکەنن، پێویست ناکات بە زرێپۆش بچنە هەولێر یان سلێمانی، تەنها بە بڕینی چەند دینارێک، دەبینن چۆن شێرەکانی دوێنێی شاخ، لە بەردەم دەرگای دادگای فیدراڵیدا دەپاڕێنەوە و تەرمی برایەتیی خۆیان هەڕاج دەکەن.
شۆڤێنیزمی سوورییش لە دیمەشق و عەفرینەوە فتوای جیهاد و ئەنفال دژ بە کورد دەردەکات و کاتێک دەبینێت لە باشوورەوە سنوور لەسەر ڕۆژئاوا دادەخرێت، چەپڵە لێدەدات و دەڵێت: «خودا ئەم میللەتە بە دەستی خۆیان لەناو دەبات!» دوو پایتەختەکەی تریش سێبەرە ڕەشەکانی سەر دیوارەکەن، سوڵتان و شا پێویستیان بەوە نییە یەک سەربازی خۆیان بەکوشت بدەن، ئەوان هێڵە بێتەلەکانیان دەخەنە گەڕ و دەبینن چۆن هێزێکی کوردی لە چیایەکەوە دەبێتە ڕێبەری فڕۆکەکانیان بۆ بۆردومانکردنی کوردێکی تر!















Post Comment