هەراجکردنی کەرامەتی خاک و خەڵک لەسایەی حیزبی کوردیدا

هەراجکردنی کەرامەتی خاک و خەڵک لەسایەی حیزبی کوردیدا

جار بینراوە: (68)

ڕۆشاد محمد پیرۆت

گەرچی ماوەیەکی زۆرە بەهۆی نالەباریی باری تەندروستیم و گۆشەگیربوونم لە ژوورەکانی نەخۆشخانەدا، لە نووسین، ڕەخنە و چالاکی مەیدانی دوورکەوتوومەتەوە، بەڵام ماڵی تەکنەلۆژیا ئاوابێت، هەرگیز بێئاگا نەبووم لەو کارەساتە سیاسی، سەربازی، ئابووری و کۆمەڵایەتییانەی کە هەردوو حیزبی دەسەڵاتدار (پارتی و یەکێتی) بەسەر ئەم نیشتمانەیان هێناوە.

کە سەیری وێنەکانی ئەمڕۆی کۆمەڵگەکەمان دەکەیت، ئازارێک دەچێتە گیانتەوە ئازاری نەخۆشخانەت بیرئەچێتەوە.

نازانیت بەزەییت بەم دۆخەدا بێتەوە، یان بە تووڕەیییەکی وێرانکەرەوە ڕەخنە بگریت! بەڵام کاتێک پرسەکە دەبێتە کەرامەتی خاک و مرۆڤ، بێدەنگی تاوانە و قبووڵکردنی شەرمەزارییە.
ئەوەی لەم هەرێمەدا دەگوزەرێت ڕکابەرییەکی قێزەونی نێوان زۆنی زەرد و سەوزە بۆ ئەوەی بزانن کامەیان زیاتر تاکی کورد تێکدەشکێنێت، بچووکی دەکاتەوە و دەیکاتە بەندەی بەر قاپی بەرپرسەکانی. لە هەردوو زۆنەکەدا، بەرهەمهێنانی مرۆڤی بەزیو بووەتە پیشەی ی دەسەڵات و مونافەسە لەسەر ئەوە دەکەن کێ زیاتر خەڵک برسی بکات و کێ زیاتر شکۆی تاکی کورد بە زەویدا بدات.

لەسایەی ئەم دوو حیزبەشدا، شێوازی دەستکەوتنی بژێوی و ناوبانگ دابەزیوە بۆ نزمترین ئاستی ڕەوشتی، بە جۆرێک کە بژێویی خەڵک بەستراوەتەوە بە دەستماچکردنی بەرپرسێک، وێنەکێشان و تاتۆکوتینی جەلادەکان لەسەر جەستە، یان لایک و کۆمێنتکردن بۆ بەرپرسە چەتەکان تادەگاتە ئەوەی لە زۆنەکەی خۆتدا کارت بەڕێوەبچێت یان مافێکی سەرەتاییت پێنەپێشێل بێت.

نەخۆشیی ماستاوچێتی و خۆفرۆشی سێبەری خستووەتە سەر هەموو جومگەکانی ژیان و تەنانەت مۆدێرنترین ئامرازەکانیش. ئێستا هەر کچە مۆدێل نیە کە خۆی چەماندبێتەوە بۆ پارە و ناوبانگ، بەڵکو قەڵەمفرۆش و مێدیاکار و تیک تۆکەوان تا بگات بە هاوڵاتیەکی عەوام و هتد بوونەتە بەڵا و نەخۆشخستنی کۆمەڵگە و بەشدارن لە درێژەپێدانی ئەم شانۆگەریە قێزەونەی سیاسەت. دەرکەوتن و جەستە و قەڵەمەکانیان خستووەتە خزمەت شاردنەوەی کارە چەپەڵەکانی دەسەڵاتداران و بە فریشتەکردنی گەندەڵکاران. کار گەیشتووەتە ئاستێک کە مرۆڤە تێکشاوەکان پەنا بۆ چات جی پی تی (AI) دەبەن تا وەسف و ستایشی دەستکرد بۆ دەسەڵاتی گەندەڵ بنووسێت، تا لە کوڕ و کۆڕی جەلادەکاندا بۆیان بخوێننەوە و چەپڵەیان بۆ لێ بدەن و سودێکی ماددیان دەست بکەوێت کە قەرارە بە سەربەرزی بەدەستی بهێنن لەبری ئەم خۆ چەماندن و خۆ رەزیلکردنە..

رێگەیەکی تری تێکشانی کەرامەتی مرۆڤەکان،ئەوەیە کە ئەم دەسەڵاتە حیزبییە لە ڕێگەی کەناڵە زەبەلاح و ملیۆن دۆلارییەکانییەوە، بێشەرمانە بازرگانی بە ئازار و برسیەتیی خەڵکەوە دەکەن و بە ئەنقەست خەڵکیان گەیاندووەتە ئاستێک لەبەردەم مایکدا بپارێتەوە بۆ کڕینی خانووێک یان کرێی دوو مانگی ژیانی یان بەدەستهێنانی مۆبایلێک، پاشان لە ڕاگەیاندنەکانیانەوە ئەو پارە دزراوەی خەڵک، وەک مەکرەمە و بەخششی بەرپرسان و رێکخراوەکانیان نمایش دەکەن یان بۆ بەهێزکردنی بینەری دەزگاکانیان بەکاریان ئەهێنن کە ئەمە جارێکیتر پارەپەیداکردنە لەسەر حسابی خەڵک، بەم جۆرە تەواوی کۆمەڵگە ئیفلیج دەکەن و ڕێگە نادەن کەس بیر لە مافی خۆی و لێپرسینەوە لە گەندەڵکاران بکاتەوە و کۆمەلگەیەکی خامۆشکراو و رەزیلکراو و تێکشکێنراو دروست ئەبێت وەک ئەوەی ئێستا هەیە…

بابەتى تر


👤
Live: 188 Today: 1,110 📊 Click Here