لە نێوان بەیاننامەی ئیدانەکردن و بەرپرسیارێتیی ڕاستەقینەدا

لە نێوان بەیاننامەی ئیدانەکردن و بەرپرسیارێتیی ڕاستەقینەدا

جار بینراوە: (568)

ئاسۆ ڕەسوڵ عومەر

خۆشاردنەوەی سەرکردەکان لە پشتی بەیاننامەی ترسنۆکانەوە کاتێک نیشتمان لەژێر بارانی درۆن و مووشەکدایە، گەورەترین خیانەتە کە دەکرێت دژی گەلێک بکرێت! لە کاتێکدا میلیشیاکانی حەشدی شەعبی و گروپە چەکدارەکان بەردەوام هێرش دەکەنە سەر هەولێر و ناوچەکانی تری کوردستان و تەنانەت بارەگای سەرۆکایەتییش دەکرێتە ئامانج ، سەرکردایەتیی پارتی (KDP) و یەکێتی (PUK) ڕێک وەک نەعامە سەریان کردووەتە ژێر قورەکە. ئەوان خاوەنی سەدان هەزار چەکدار و دەزگای ئەمنیی زەبەلاحن کە ساڵانە ملیارەها دۆلاری بۆ خەرج دەکرێت، کەچی کاتێک درۆنەکان دەگەنە سەر ئاسمانی شارەکان، تەنها توانای ئەوەیان هەیە بەیاننامەی “ئیدانەکردن” دەربکەن و ڕەخنە لە بێدەنگیی بەغدا بگرن. ئەوان لە بەردەم ڕۆژنامەنووسێکی ناڕازیدا شێرن، بەڵام لە بەردەم میلیشیایەکدا کە مووچەکەیان لە خەزێنەی دەوڵەتەوە دابین دەکرێت، ڕێک وەک ئاژەڵێکی ترسنۆک خۆیان حەشار دەدەن و ئامادە نین یەک گوللە بۆ بەرگری لە خاکی هەرێم بتەقێنن!
پرسیارە گەورەکە ئەوەیە: کوا ئەو پاڵەوانێتییەی کە لەسەر شاشەکانەوە پێمان دەفرۆشرێتەوە؟ مەسرور بارزانی کە خۆی وەک “ئەندازیاری ئاسایش و سەقامگیریی کوردستان” دەناسێنێت و ساڵانێکە سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێم دەکات ، کاتێک دەگاتە سەر واقیعی هێرشە درۆنییەکان، تەنها دەتوانێت بڵێت “پاراستنی ئاسایشی هەرێم کاری لەپێشینەمانە” و داوا لە هێزەکانی هاوپەیمانان بکات لە عێراق بمێننەوە بۆ پاراستنیان. ئایا بەرپرسیارێتیی سەرۆک وەزیران تەنها ئەوەیە کە تکا لە وڵاتانی تر بکات بیپارێزن؟ ئەو سیستەمە ئەمنییەی کە مەسرور بارزانی شانازیی پێوە دەکات، بۆچی نەیتوانیوە تەنانەت یەک سیستەمی بەرگریی ئاسمانی بۆ هەرێم دابین بکات تا خەڵکی سڤیل و پێشمەرگە نەبنە نێچیری ئاسانی حەشد ؟ ئەمە نەک هەر شکستی حوکمڕانییە، بەڵکو دانپێدانانێکی ڕاستەوخۆیە بەوەی کە ئاسایشی کوردستان لەسەر زەوییەکی لەرزۆک و بێ خاوەن وەستاوە.
دروستکردنی وەهمی پاڵەوانێتی لە کاتی ئاشتیدا و دەرکەوتنی ترسنۆکی لە کاتی جەنگدا، ڕیسواترین جۆری سەرکردایەتییە پێموایە کە ئەو سەرکردەیەی کە چەکی هەیە بەڵام ناوێرێت دژی دوژمنی دەرەکی بەکاری بهێنێت، زۆر زوو ئەو چەکە دەکاتە ڕووی میللەتەکەی خۆی بۆ ئەوەی بێهێزیی خۆی بشارێتەوە
ئەمڕۆ پارتی و یەکێتی ڕێک ئەم یارییە قێزەونە دەکەن؛ لەبری ئەوەی ببنە قەڵغان بۆ پاراستنی کوردستان، بوونەتە بارمتەی بەرژەوەندییە ئابوورییەکانی خۆیان. ئەوان ناوێرن ڕووبەڕووی حەشد یان ئێران ببنەوە چونکە دەزانن هەر بەرپەرچدانەوەیەک ڕەنگە ببێتە هۆی بڕینی مووچە، داخستنی کۆمپانیاکانیان، یان هێرشی ڕاستەوخۆ بۆ سەر بەرژەوەندییەکانیان. بۆیە پێیان باشترە خوێنی پێشمەرگە و هاوڵاتیی کورد بڕژێت، بەس بۆ ئەوەی کورسییەکانیان سەلامەت بن.
بێدەنگی لە ئاست سەرکردەیەک کە تەنها لە کاتی ئاشتیدا پڵنگە و لە کاتی جەنگدا کەروێشک، گەورەترین سوکایەتییە بە کەرامەتی مرۆڤ! ئەی ئەو گەلەی کە خوێنی ڕۆڵەکانتان بووەتە باجی ترسنۆکیی ئەم دەسەڵاتە، ئیتر باوەڕ بە سیناریۆی “پاڵەوانی شاشەکان” مەکەن. هاوار بکەن بە ڕووی ئەو مافیایانەدا کە چەکیان هەیە بەڵام تەنها بۆ پاراستنی سامانی خۆیانە، نەک پاراستنی سەقفی ماڵەکانتان. ئەو مێزە بڕووخێنن کە تەنها بۆ خۆبەدەستەوەدان و فرۆشتنی سەروەریی ئەم نیشتمانە لەژێر ناوی “دیپلۆماسی”دا دروست بووە. دەسەڵاتێک کە نەتوانێت یەک درۆن لە ئاسمانی شارەکەی بخاتە خوارەوە، بەڵام ئازا بێت لە سەرکوتکردنی دەنگی ئازاد و بڕینی مووچە، تەنها شایەنی ئەوەیە لەسەر شەقامەکان ڕاماڵرێت و فڕێ بدرێتە ناو زبڵدانی مێژووەوە!

بابەتى تر

👤
Live: 171 Today: 1,026 📊 Click Here