فەڕەنسا لەنێوان خۆپیشاندانی خوێندکارانی 2026 و 1968دا، ئایا مێژوو خۆی دووبارە دەکاتەوە؟

فەڕەنسا لەنێوان خۆپیشاندانی خوێندکارانی 2026 و 1968دا، ئایا مێژوو خۆی دووبارە دەکاتەوە؟

جار بینراوە: (585)

نووری بێخاڵی

فەڕەنسا لەنێوان خۆپیشاندانی خوێندکارانی 2026 و 1968دا، ئایا مێژوو خۆی دووبارە دەکاتەوە؟

نووری بێخاڵی

بارودۆخی سیاسی و کۆمەڵایەتیی ئەمڕۆی فەڕەنسا جارێکی تر کەوتووەتەوە ژێر
کاریگەریی شەپۆلێکی بەهێزی ناڕەزایەتییەکان، بەتایبەتی کە لە سەرتاسەری وڵاتەکەدا
خوێندکارانی ئامادەیی و زانکۆکان ڕژاونەتە سەر شەقامەکان و دەرگای سەدان قوتابخانە
و ناوەندی خوێندنیان داخستووە.

ئەم دیمەنانە یەکڕاست یادەوەریمان دەبەنەوە سەر ڕووداوە مێژووییەکانی ئایاری1968 لە مێژووی سیاسیی فەڕەنسا و
پرسیارێکی جیددیش دەورووژێنن، کە ئایا لێشاوی ناڕەزایەتییەکانی ئەمرۆ دەتوانێت
هەمان زەمینەلەرزەی سیاسی و کولتووری دروست بکاتەوە و سیمای سیستەمی فەڕەنسا
بگۆڕێت؟

بۆ وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە، ئەگەر بە خێراییش بێت، پێویستیمان بە بەراوردی
زەمینە و هەلومەرجی سیاسی، ئابووری، کۆمەڵایەتی و کولتووری هەردوو ڕووداوەکە و
سروشت و چییەتیی داواکارییەکانیان هەیە، نەک وەک ئەوەی کە هەندێ دەنگی خۆماڵی قۆڵ
و باسکی شیکردنەوەیان لێی هەڵماڵیوە و هاکا لەپڕێکدا ئەزموونەکانی ڕووخاندنی
باستیل و شۆڕشی 1968ـی خوێندکاران دووبارە ببنەوە، کورد گوتەنی “بەهاریان هێناوەتە چۆکان!”

بەهەرحاڵ، خۆپیشاندانەکەی ساڵی 1968 تەنیا کێشەیەکی ناوەندەکانی
خوێندن نەبوو، بەڵکوو بزووتنەوەیەکی فیکری و فەلسەفی بوو دژی دەسەڵاتگەرایی و
سیستەمی کەپیتالیزمی کلاسیکی و بەها کۆنەپەرستەکانی کۆمەڵگا، کە تێیدا خوێندکاران
داوای ئازادیی فیکری و شۆڕشی کولتوورییان دەکرد.

لە بەرامبەردا، بزووتنەوەی خوێندکارانی ئەمرۆ، خاوەنی داواکاریی زیاتر
واقیعی و ماددیی دیاریکراوە. ناڕەزایەتییەکان لەمڕۆدا بەرەنجامی کەمبوونی بودجە،
وێرانبوونی ژێرخانی قوتابخانەکان، قەرەباڵغیی پۆلەکان، مامەڵەی نەگونجاو لەگەڵ
قەیرانە ژینگەییەکان لە ناو پۆلەکاندا و فشاری گرانبوونی ژیانن.

واتە؛ لە کاتێکدا 1968 شۆڕشێک بوو بۆ نەهێشتنی
کۆتوبەندە نەریتییەکان، ناڕەزایەتییەکانی ئەمڕۆ زیاتر هاوارێکە دژی کەمتەرخەمیی
دەوڵەت و دابیننەکردنی دادپەروەری لە خزمەتگوزارییە گشتییەکاندا.

لە لایەکی ترەوە، شۆڕشی 1968 کاتێک توانی سیستەمی سیاسیی
شارل دێگۆڵ بلەرزێنێت، کە خوێندکاران توانییان ملیۆنان کرێکار و سەندیکا گەورەکان
پەیوەست بکەن بە مانگرتنەکەیانەوە.

کەچی لە ناڕەزایەتییەکانی ئەمڕۆدا، سەرەڕای ئەوەی کە سەندیکاکانی مامۆستایان
و ڕێکخراوە جەماوەرییەکان پشتگیریی خۆیان ڕاگەیاندووە و پێکەوە ڕژاونەتە سەر
شەقامەکان، بەڵام هێشتا بزووتنەوەکە بە هەمان شێوازی 1968، نەکەوتووەتە قۆناغی مانگرتنی
گشتی.

لەم گۆشەنیگایەوە؛ ئەستەمە ناڕەزایەتییەکانی ئەمڕۆ، بە هەمان شێوازی شۆڕشی
کولتووری و هزری، ببێتە دووبارەبوونەوەی تەواوەتی ئایاری 1968، چونکە ڕووداوەکانی 1968کۆمەڵگای فەڕەنسای بۆ هەمیشەیی بەرەو کرانەوە برد، لەکاتێکدا خوێندکارانی ئەمڕۆ
تەنیا داوای کاراکردنەوەی سیستەمی خزمەتگوزاری و دادپەروەریی پەروەردەیی دەکەن.

دواجار، نابێ ئەو ڕاستییە
نادیدە بگرین، کە بەکارهێنانی توندوتیژیی پۆلیس، گازی فرمێسکڕێژ و دەستگیرکردنی
بەکۆمەڵی خوێندکاران، باری سیاسیی ئاڵۆزتر کردووە و تۆمەتبارکردنی یەکتری نێوان
حکوومەت و ئۆپۆزسیۆنیش، دەرخەری شڵەژانی ناوخۆیی سیستەمەکەیە. هاوکات ئەم
بزووتنەوەیەی ئێستا نیشانەی قەیرانێکی قووڵی متمانەیە لە نێوان نەوەی نوێ و
حکوومەتدا و ئەگەر بەردەوام بێت، ئەوا توانای ئەوەی هەیە ڕێڕەوی سیاسی و ئابووریی
فەڕەنسا بگۆڕێت، حکوومەت ڕووبەڕووی قەیرانی ڕەوایەتی بکاتەوە و سیاسەتە ئابووری و
پەروەردەیییەکانی وڵات بەرەو ئاراستەیەکی تر ببات.

هەموو ەکان کاتێک لەبڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی














بابەتى تر


👤
Live: 72 Today: 2,003 📊 Click Here