فاروق و کۆمەڵگە و دەسەڵاتی کوردی
یەکەم، لە نزیکەوە چەند جارێک کاک فاروقم دیوە و قسەم لەگەڵ کردووە. یەکەم جار، پازدە ساڵێک پێش ئێستا، لەسەر ڕاسپاردەی چەند کەسێک ئەوم لە سلێمانی دیت بە مەبەستی دروستکردنی ڕێکخراوێکی سێکولار، بەڵام هەوڵەکەمان زۆر نەچووە پێش. ڕێک دوو ساڵ پێش ئێستاش لە سەردانێک بۆ نوگرەت سەلمان هاوسەفەر بووین، لە ڕێگە زۆر بەیەکەوە قسەمان کرد. بابەتێکیشم بۆ یەکەم ژمارەی ئەو گۆڤارە نووسی کە لەم دوو ساڵەدا ئەو سەرنووسەری بوو بەناوی “ئاوەز”.
دووەم، کاک فاروق، خەمخۆرێکی سەرسەختی نەتەوە و نیشتمانەکەی بوو، کوردپەروەرێکی دڵشکاو بوو. ڕەخنەگرێکی کۆمەڵایەتی بوو، کە لەم کایەیەدا ڕووی ڕەخنەکانی زیاتر لە ئیسلامی سیاسی بەتایبەتی و دەقە کۆنەپارێز و توندئاژۆ دینییەکان بوو.
سێیەم، کۆچی کاک فاروق خەسارەیەکی گەورەیە بۆ کایەی ڕووناکبیریی کوردی. کۆچی ئەو بۆشاییەکی بەجێهێشت، لەوانەیە ئاسان پڕنەکرێتەوە چونکە ئەو کەسێکی نەترس و بوێر بوو و ڕەخنەکانی لە پاشملە نەدەکرد، بەڵکوو هەموو گۆڕەپانەکانی بەکاردەهێنا، هەر لە ڕووپەڕی کتێبەوە بگرە تا دەگاتە شاشەی تەلەفزیۆن و ئینتەرنێت.
چوارەم، بەداخەوە، زۆر جار، کاک فاروق زۆر بەتوندی و بەبێڕێزییەوە لەگەڵ ئامادەبووانی کۆڕەکانی، یان کۆڕی خەڵکی دیکەش، قسەی دەکرد، خۆی پێ بەرز و ئەوانی دیکەشی پێ نزم بوو.
پێنجەم، ئەم بەر ئەو بەری سیاسی زۆر کرد، ئەمەش پێگەی کەسیی ئەوی لەکەدار کرد.
شەشەم، کاک فاروق کەسێک نەبوو لەناو عەوام خۆشەویست بێت، ئەمەش خسڵەتێکی ڕەخنەگر و ڕووناکبیرە. کەسی ڕووناکبیر ئیشی ئەوە نییە بە دڵی خەڵک بنووسیت، بەڵکوو دەبێت ڕەخنە لە تێگەیشتنەکان و کردە و ڕەفتارەکانی ئەوان بگرێت و ئاراستەیان بکات بۆ گەڕان بەدوای ڕاستییەکان. کاک فاروق لەمەدا زۆر سەرکەوتوو بوو چونکە چەندین ڕووبەر و سەکۆی جیاوازی بەکاردەهێنا بۆ دەربڕینی دید و تێگەیشتنەکانی و ڕەخنەکانی.
حەفتەم، وەک کۆمەڵگەی کوردی، حیزبە یەکان و دەسەڵاتیش هەمیشە لە هەوڵی ئەوەدایە کە ڕووناکبیر بۆ ئەو لە خزمەت ئەواندا بنووسێت. ئەمەش پانتایی ڕووناکبیر زۆر تەسکدەکاتەوە وادەکات کە هەندێک ڕووناکبیر لە گەمەیەکی بەردەوام دابن لەگەڵ دەسەڵات و حیزب، کە زۆرجار حیزب سەرکەوتوو و ڕووناکبیر دۆڕاو دەردەچن.
هەشتەم، کاک فاروق چەندە ڕەخنەی لە دەسەڵات و کۆمەڵگە بوو، هێندەش ڕەخنەی لە ڕووناکبیر و ئەکادیمییە یەکان بوو کە وەک پێویست لە گۆڕەپانەکە چالاک نین. ئەو پێی وابوو کە هۆکاری ئەو چەقبەستووییەی کۆمەڵگەی کوردی پێش هەموو کەس و لایەنێک لە ئەستۆی ڕووناکبیرانە.
هەر چۆنێک بێت، من پێم وایە گەورەترین کێشەی کۆمەڵگە و دەسەڵاتی کوردی ئەوەیە کە پێی وایە دەبێت ڕووناکبیر بەدڵی ئەو یان ئەوان بنووسێت، لەکاتێکدا کە ئەرکی ڕووناکبیر ئەوەیە کە بۆ خەڵک بنووسێت نەک بەدڵی خەڵک و دەسەڵات، ڕووی قەڵەمی چەندە لە خەڵک بێت هێندەش لە دەسەڵات و داگیرکەر بێت.
ڕۆحی بەرزەفڕی کاک فاروق ڕەفیق بۆ ئەبەد شاد بێت…















Post Comment