جەنابی سەرۆک ڕێگایەک بۆ هەڵاتن بدۆزەرەوە
بەرێز جەناب لەم نامەیەدا هیچ سەرنج و باس و خواسێک، نە لە سەر ئێستا و نە لە سەر رابردوتان ناکەم، نە قسە لە سەر رەخنە و بۆچونەکانی خەڵک دەکەم و نە باس لە پیاهەڵدان و ستایشی دەوروبەرەکەت دەکەم، ئەوەی لەم کورتە نامەیەدا مەبەستمە، خستنەرووی مەترسیەکی زۆر گەورە و مەترسیدارە، هەورێکی ڕەشی چڵکن ئاسمانی خواست و هێوا و ئاواتەکانمانی داپۆشیوە.
هەموو ئادەمیزادێکی ئەم دەم و چەرخە زۆر بە روونی رووداو و کارەسات و شەڕ و ئاشوبەکان دەبینێت. قەیران و شەڕ و نەهامەتیەکان چۆن سەر هەڵدەدەن و میللەتان دەقرچێنن. ئاگری دەسەڵاتێکی بێ ئاواز و بەرنامە و ئۆپۆزسیۆنێکی پۆپۆلیست، لە بڕی چارەسەری قەیران، ناسەقامگیری ئاو دەدەن و قوڕەکەمان خەستتر دەکەنەوە. بڕوانە زۆربەی وڵاتانی جیهان خۆپیشاندان و یاخیبوونی لاوان و قەڵبەزەی توورەی خەڵک چ کارەساتێک دەخوڵقێنێت، بەرپاکردنی توندوتیژی و تێکدان و سوتاندنی ماڵ و موڵکی گشتی لەم زەمەنی سک هەڵگوشین و قەیرانەدا چۆن قوڕە چەورەی نەهامەتیاکان ئایندەیەکی سیا پۆش دەسازێنێت.
لاوانی وڵاتنی ئەوروپا تا دەگاتە مەغریب و پاکستان و چەندین وڵاتیتر ئاماژە و مەسجێکە لە ناوەندی خۆشگوزەرانیەوە هەواڵی هاتنی کارەسات و نەهامەتیمان پێ رادەگەیەنن.
قەیرانی ئابووری و کاریگەریەکانی لە سەر تەواوی جومگەکانی ژیان لە کەرتی پەروەردەوە تا تەندروستی و خزمەتگوزاری گشتی و هەڵئاوسان و گرانی بازار و شتەمەک و بەرزکردنەوەی باج و ..تاد، تورەی گەلان بە گشتی و لاوان بە تایبەتی گەیاندوەتە سەر ئێسک. سیاسەتی سک هەڵگوشین نەک لای ئێمە بەڵکو لە ناوەندی وڵاتە مەزنەکانی ئەوروپاوە رێچکە دەگرێت. ئەم سیاسەتە لە ئەڵمانیا و بەریتانیا و فەرەنساوە چرۆ دەکات. ئەوەی جێگای داخ و خەمە لە ئەورۆدا تەنیا سیاسەتی سک هەڵگوشین وەک چارەسەر مەیسەرە. لە هەموو وڵاتنیشدا وەک لای خۆمان سیاسەتمەداران و پارتە سیاسیە کلاسیکیەکان دەستەو دامێن بەتاڵ، جۆش داماون، هیچیان پێنیە و هێچیان پێ ناکرێت. لەم کەتوارەدا دیموکراسیەت و مافی مرۆڤ بوەتە مەتەڵێکی سەیر، لە حەوادا بە سەر پارچە پەرۆی درشمەکانەوە دەشەکێنەوەو لە زەویدا بە ئاگر و ئاسن وێنا دەکریت و وڵامی یاخیبوونەکانی لاوان دەدەنەوە. لەم سیناریۆیەدا رۆژ رۆژی ئۆپۆسزیۆنی پۆپۆلیست، بە کەیفی خۆی دۆخەکە دەقۆزێتەوەو ئاگرەکە خۆش دەکات.
جەنابی سەرۆک
قەیرانی ئابووری لە کوردستان زۆر لەوە ئاڵۆزتر و خەستتر و بنکۆڵترە کە دەبینرێت. سیاسەتی سک هەڵگوشین و بڵاوبوونەوەی بێکاری و بوونی دەسەڵاتێکی بێ بەرنامە و سڕ بوو، ئۆپۆزسیۆنێکی پۆپۆلیست، لە کەتواری ئەورۆی کوردستاندا هیوا بەخش و دڵخۆشکەر نیە. لەم دەمەدا قسەو باس لە سەر تاڵانکاری و گەندەڵی و بێ بەرنامەیی هیچ نابەخشێت بە پرسی چارەسەری ئەم دۆخە. دۆخێک بە تەواوەتی قەیرانی سیاسی ژێر دەخات و قەیرانی ئابووری دەبێتە بڕیاردەر و چارەنووس دیاری دەکات. لەم دەمەدا لە بێژنگ دانی ئەقڵ و هەڵسەنگاندنی هۆش لە مەڕ پرسی چارەنوس لە سێبەری ئەم رۆژگارە دژوارەدا، دەخوازێت بە بێ بەهایی و سوک تەماشای رووداوەکان و خواست و کارتێکردنی گۆرانکاریەکان رۆژئاوا لە سەر ئێمە نەکەین. لەم مەنزیلەدا سیاسەتی سک هەڵگوشین لە گەڵ ئەوەی تەنیا چارەسەرە، بەڵام بۆ ئێمەی کورد بەم ئەقڵیەت و هەڵسوکەوتەوە لە قەیرانەکە کەمترمان پێناکات. بۆیە پێشبینیەکی دوور و ئەستەم نیە لە بانە رۆژی نزیکدا لاوان و خەڵکی برسیکردووی ئەم میللەت هەڵسنەوەو هەموو شتێک، تەرو وشک پێکەوە لەناو بەرن.
بەرێزم: زیادکردنی گوشارەکانی سەر خەڵک بە بەردەوامی و گرانکردنی ژیان و گوزەران، سڕینەوەی ئاهی خۆشی و ئاسودەی لە ئاوازەی گشتیدا، ئەقڵمەندی نیە، بەڵکو ملهوری و گەلۆریە، بە دەستی خۆت قوری قەیران و نەهامەتیەکان خەستتر دەکەیتەوە. ئەم بێ دەربەستی و ساردبیرکردنەوەیە لە ئاست ئازار و نەهامەتیەکانی خەڵک، دوور نیە لە پرتاوێکدا لاوانی ئەم وڵاتە و خەڵکانی نیمچە مردووە نەکاتە هەنگەسوورەی هاروەژان و بە گژ قولەی قافیشدا نەچێتەوە. لەم دەمی نەهامەتیەدا قەیران بە چەکمە و قامچی هەڵسوراندن چارەسەر نابێت. خستنەکاری کۆمەڵێک لە کەسانی قەڵتەبان و چەتەوڵۆزی بێ رسەن و هەلپەرست بۆ وەستانەوە لە دژی ڕاستبێژی و هیسدانی قەرەوڵ و یاساوڵە گەمۆرەکان وەک ئەوەی لە وڵامدانەوەی خۆپیشاندەرانی فەرەنسادا دەیبینین بۆ وەگیرهێنانی خوازیارانی ماف و ژیان، لە دووماهیدا قەیرانەکە قوڵتر دەکاتەوە و ئایندەی فەرمانرەوای کوردی ڕەشتر و سەختر دەکات.
بەڕێزم ئەوەی دەسەڵات و پارتە سیاسیە کلاسیکیەکان کاری لە سەر دەکەن وونکردنی ڕێگایە، ئەوە کارکردن لە سەر ڕاگرتنی قەیران نیە، چارەسەری کاتی و بەشەکیش نیە، ئێوە رۆژ بە رۆژ باری سەر شانی خەڵک گرانتر دکەن، باج و گومرک زیاتر دەکەن، رۆژ بە رۆژ بە دەستی خۆتان دام و دەزگاکانی حکومەت و حیزب بێ رێزتر دەکەن. لەم دووهێڵەدا رۆژ بە رۆژ سوپای هەژاری و بێکاری زلتر و زەبەلاحتر و گەورە تر دەبیت. پێگە و سەنگ و هێزی حکومەت لاوازتر دەبێتەوە.
لەم نیشتمانە بێ ناز و بێ ئاوازەی ئێمەدا قەیرانی ئابووری زۆر دژوارترو فرە تیخ و چەرگبڕترە، ئەمەیش تەنیا لە بەر ئەوە نیە، کە دەسەڵاتی ئێمە کەم ئاوەز و بێ ئاگا و تێوەگلاون لە گەندەڵی و بێ سەروبەرەیی، وەک ئەوەی بۆخۆتانیش و لە چەندین لێدوان و دەرفەتدا دانتان پێیدا ناوەو باستان کروەو نکۆڵیتان لە بوونی بە شێوەیەکی مەترسیدا نەکردوە، لە بەر ئەوەیش نیە، کە شالیار و کاربەدەستانی ئێمە ئەقڵ و هۆشیان تەواو وەرچەرخاوە و مژاریان لە گەواڵە مێرگدا، مەستیی خۆشاوی ژیان لە سەر سەکۆی تاڵانکاری و گەندەڵی بەری نەداون، بەڵکو وێوەتر لەمە کاریگەریەکانی قەیرانی ئابووری و رۆڵی نەرێنی هێزە هەرێمایەتیەکان و پلان و نەخشەی قالوبەلایان لە دژی کورد زۆر کوشندەترە.
سیاسەتی سک هەڵگوشین وەک ئەوەی ئێوە جێبەجێی دەکەن بۆ خەڵکی هەژار و چینەکانی خوارەوەی کۆمەڵگا کارەسات خوڵقێنە. یەکگرتنەوەی ئەم سیاسەتە لە گەڵ سیاسەتی دوژمنکارانە و کورد زەلیلکەرەی ناوەندا، دۆخێک دەسەپێنێت زۆر ئەستەمە خەڵکی توانای بەرەگرتنیان هەبێت. بڕوانە، تەماشاکە خەڵکی ئێمە لە چ بارێکی دەروونی خەست ئازاردایە. ئا لەم دووهێڵەدا قبوڵکردنی کوێرەوەری و تاڵی ژیان سنوری هەیە، سکی برسی مێشک و دەرون بەتاڵ دەکاتەوە.
جەنابی سەرۆک بڕوانە لە سیمای خەڵک، بزانە لە ئازار و ژان زیاتر چی لێ دەخوێندرێتەوە. ئێوە بەم ئاراستە سیاسییە، خەڵک دەگەیەننە کەناری ناسەقامگیری و هەڵچوون. چیتر ئەو گفت و داوایە ناجوڵێت، کە بڵین خەڵکینە سەبر بگرن و ببینن ئەوە تەنیا ئێمەنین بە دەست قەیرانەوە دەناڵێنین، ببینن ئەوا وڵاتە مەزنەکان لە چ دۆخ و بارێکدان. ئەوەتا ئەوانێش لە سەر هەمان بۆچونی ئێمەن سیاسەتی سک هەڵگوشین تەنیا چارەسەرە. پێویستە نەخشە وپلان و سیاسەتێکی نوێتان بۆ رووبەرووبونەوەی ئەم ئافاتە هەبێت. بەکردار بیسەلمێنن، کە ئێوە لە سەر رێگای راستن، دەنا خەڵک بڕسی بێت و ژیانی بکەوێتە بەر لافاوی ئەم ئافاتە، دڵنیا بن ئێوەیش لە کۆشک و قەڵا ئاسنینەکانتانیشدا سەلامەت نابن.
بەرێزم ئەم دنیایە لە هەڵسوران و داسورانێکی نوێدایە، بۆیە ئەقڵ و ئاوازەو دنیابینی نوێی دەوێت.، نازانم دەوروبەرەکەتان چەند لەم ڕاستەیە تێدەگەن و چەندێک و چۆن ئێوە تێدەگەیەنن، چیتان بۆ سیناریۆ دەکەن، بەڵام دڵنیام تا ئەورۆ ئێوە لە سەر رێگا و ئاراستەی دروست نین. ئاماژەکان زۆر خراپمان پێ دەڵێن. لەم کەتوارە ئەنارشیستەدا، لەم ئاخوران و بخورانەدا، میللەتانی دنیا بە گشتی سەرقاڵی بیرکردنەوەن بۆ هەڵاتن لە قەیران و نەهامەتیەکان، کەچی لەم وڵاتەی ئێمەدا حیزبە کوردیەکان و پەیکەکانیان هێشتا لە دەمی یەکتر سڕینەوەو خۆ نماێش کردندان، جوینەوەی دروشم و حیکایەتی مێشدان، هێشتا ئامادە نین قۆناغی دووبەرەکی و کۆنە قین بەردەن. ئەقڵی کاڵ و کرچ و نەگەیوی شاگردەکانتان، ئەگەر بە فەتارەتاندا نەبات، سودیشتان پێ نابەخشیت.
ئیوە بۆخۆتان دەبینن، چۆن یاخیبوون و خۆپیشندانی توندو تیژی لە ئەوروپاوە گەیشتوەتە مەغریب و پاکستان و بەردەوامیش وەک لافاو وڵات بە وڵات دەیماڵێت. بە رامان لە سروشتی ئەم خۆپیشاندان و یاخیبوونە هەقیقەتێکی مەترسیدار ئاوازەی ئادەمیزاد سڕ دەکات. پاڵەوانەکانی ئەو خۆپیشاندان و یاخیبوونەی لە فەرەنسا و بەلجیکا و مەغریب و پاکستان دەیبینین، زۆر جیاوازن، نەوەیەک سەرشێت بۆ وەرگرتنەوەی ماف و خواستەکانییان. ئەم نەویە، کە نەوەی (زد)ی پێدەڵێن خۆیان دوور لە ئێوەو ئێمەی نەوەکانی پێشوو، شوناس و کەتوار و دنیابینی و فۆرم و شیوازی خەبات و چالاکی سیاسییان دادەرێژنەوە.
لەم وڵاتەی ئێمەدا زیاتر لە دە ساڵە دەرچوانی زانکۆ و پەیمانگاکان دانامەزرێن و کاریان وەچنگ ناکەوێت، بە سەدان هەزار لاومان بێکار لە گازینۆ و شەقامەکاندا رۆژ دەدەنە دەم شەو و شەو دەدەنەوە دەم رۆژ. خوێندن و سیستمی فێرکردن بووەتە گاڵتەجاری. خوێندکاران و لاوانی ئێمە وەک تەواوی خوێندکارانی جیهان لە دۆخ و کەتواری خوێندن نیگەران و نارازین، لە دژواری بژێوی ژیان و سیاسەتەکانی ئێوە زۆر تورە و پڕن لە بێزاری. لە بواری پیشەوەری کاری بازاریشدا بە بەردەوامی بازنەی کار تەسکتر دەبێتەوەو خەڵکی زیاتر بێکار و هەژار دەبن.
بەرێزم؛
نەوەیک دروست بووە لە ئەورۆدا جیاواز لە دنیای بیرکردنەوەی ئێوە و ئێمەی باوکانیش. ئەم نەوەیە لە ناوەندی توێژینەوەکاندا بە نەوەی (زد) ناوی هاتووە. بە گشتی تەمەنی ئەم نەوەیە لە نێوان شازدە ساڵ بۆ بیست و نۆ ساڵ دیاری دەکرێت. بە زمانێک دەدوێن نە ئێوەی دەسەڵات و نە نەوەکانی پێش خۆیانیش لێیان تێناگەن. بە شێوەیەک بیر دەکەنەوە جیاواز لە ئاوەزەی ئێمە و ئێوە. ئەم نەویە لە هەناوی شۆرشی تەکنۆلۆژیای نوێوە خوڵقاون، بۆیە هەموو ئامرازەکانیان لە ناو ئەم داهێنانەدا دادەرێژنەوە. لە بواری سیاسەتدا، کە ئێوە بەس یەک ئاراستە دەبینن ئەمان زۆر پێش ئێوەو ئێمە کەوتوون. ئەمان هێچ باوەرێکیان نە بە پرۆسەی هەڵبژاردن هەیە و نە بە دیموکراسی و کەلتوری وێنەکراوی زیهینی ئێوەو ئێمە هەیە. زۆر بە باشی دەزانن چۆن توڕەی خۆیان لە ناو ژورە داخراوەکانی دیجیتاڵیەوە بگۆرن بۆ وزەیەکی سیاسی و یاخیبونێکی توندرەوانە وەک ئەوەی لەئەورۆدا لە وڵاتانی فەرەنسا و بەلجیکا دەیبینین. لەم پرۆسەیەدا نە پێویستیان بە زەعیم و سەرۆکە، نە پێویستیان سەکۆی فەرمیە، نە پێویستیانیش بە گۆرەپانی کۆبوونەوە و دیاریکردنی جێگای دەستپێکردنی خۆپیشاندان و یاخیبوونەکانیانەن. ئەمانە زۆر بە ئاسانی لە هەر شوێن و کاتێکدا بێت لە ژورە داخراوەکانی دیجیتاڵیەوە کاری سیاسی و رێکخستن و نەخشەی ئەنجامدانی پلان و چالاکیەکانیان دادەرێژین و جێبەجێی دەکەن. نەوەیەکن لە بارەگا و نوسینگەوە دەرناچن و دەرناکەون، بەڵکو لە سیڤەرەکانەوە چرۆ دەکەن و لە پڕ دەبنە کۆڵەکەیەکی مەزن. ئێمە و ئێوە زۆر هەڵەین، کە چاوەروانی ئەوە بکەین جارێکیتر خوێندکارانمان بە شێوازە کۆن و باوەکان خۆیان بخەنە بەردەستی هێزە تایبەتەکان و چەتەوڵ و یاسوڵەکانی دەسەڵات. نەوەیەک بە مۆبایل و هێڵێکی ئەنتەرنێتەوە، هەر خۆی چالاکەوانی سیاسی، رۆژنامەنووس، دەرهێنەر، مونتاژچی، بێژەر، مامۆستا، خوێندکار، سەرۆک و سەربازیشە.
پاڵەوان و پێشەواکانی ئەم نەوەیە لە کۆشک و تەلار و باڵەخانە و بارەگاکاندا نین، بەڵکو لە ناو سۆشیال میدیا و تەکنۆلۆژیای نوێدا بە شێوەیەک پارێزراون خەیاڵی ئێمە و ئێوە توانای تێگەیشتنی نیە. ئەمانە پێیانوایە زانست و فێربوون چیتر لە هۆڵەکان خوێندن و بەو شێوە کلاسیکیە نیە، کە هەیە، بەڵکو لە سەکۆکانی ئەنتەرنت و ناوەندە دیجیتاڵیەکاندایە. پێیانوایە سەردەمانی بەچیرۆککردنی داستانەکانی رابردوو، شانازیەکانی ئێوە و باوکانیان، مێژووی کۆن و نوێ، پەروەردەی نەوەکانی پیشوو، نەرێت و ئاکاری پێشوو سەردەمیان بەسەرچووە.
نەوەی (زد) ی کوردی وەک ئەوەی باوکان و نەوەکانی پێش خۆیان و ئێوەیەش باس و بانگەشەی بۆ دەکەن، لە سوباتدا نین و ئەقڵ و ئاوەزەیان سڕ نەبووە، بێ هەڵوێست و بێ هەست و سۆز نین، بەڵکو لە مەنزڵی خۆبونیادنانەوەو دارشتنەوەی دنیابینی و ئەقڵ و ئاوەزەی خۆیانن. ئەم نەوەیە لە سەر ئاستی جیهان لە یەکتر تێدەگەن و کاریگەریان لە سەر یەکتر هەیە، بۆیە دڵنیا بن رووداوەکانی ئەوروپا و یاخیبوونەوکانی پاکستان و مەغریب و دەیان وڵاتی تر زوو بێت یان درەنگتر لە پڕدا لەم وڵاتەی ئێمەیش دووبارە دەبنەوە. مەترسیدارترین باڕ بۆ ئێوە لەم دەمەدا ئەوەیە، یاخیبوون و خۆپێشاندانەکانی ئەم جارە هەر ئەوەندە نیە توندوتیژی لێ بکەوێتەوە، بەڵکو بە شێوەیەک دەخوڵقێت، توشی سەرسوران و سەرە گێژەتان دەکات. یاخیبوونێک نە سەرۆکی هەبێت و نە گۆرەپان زۆر ئەستەمە بتوانرێت لە گەڵیدا سازش بکەیت، گفتوگۆ و رێکەوتن بکەیت، یان هەوڵی کۆنترۆڵکردنی ئاسۆی تیادا بێت. هەر کەسێکیان لێ بگرن بە چاوتروکانێکدا کەسێکیتر جێگای دەگرێتەوە، سەکۆیەک دابخەن لە جێگایدا دەیان دادەنەنەوە.
نەوەیەک بە بێ راوێژی ئێمە و ئێوە بە ئاوازە و دنیابینی تایبەتی خۆی سیاسەت پێناسە دەکاتەوە، سەکۆکانی دیجیتاڵی دەکاتە پێگە و خاڵی دەستپێک، بە هەشتاگ خۆیشاندان و یاخیبوون بەرپا دەکات. نەویەک هەڵسوکەوت لە گەڵ خەوارزمیدا دەکات. خەوارزمی نە خیانەت دەکات و نەخۆی دەفرۆشێت و نە درۆ دەکات و نە هەڵە. بۆیە ئەمەیە متمانەی نوێ لای نەوەی نوێ دەخوڵقێنیت. ئەم نەوەیە نابنە کۆیلەی هیچ ئایدیا و باوەرێک، دنیابینیەکی دیماگۆجی، نەرێتێکی قاڵب بەستوو. پێویستیان بە چەک و ئامرازی شەڕکردن نیە، بە خەرک (ترند) خەبات دەکەن.
جەنابی سەرۆک؛
لە دووماهیدا ئەوە ئەقین بووە تەمەنی ئەم دەم و دۆخە زۆر کورت بووەتەوە، سێبەری رۆژ لە ئاوابووندا تەواو درێژبوەتەوە، لەم دەم و دەستەدا چارەسەری دۆخ بە ریفۆرمخوازی بە رەوتی مێرولە لە دەشتی کاکی بە کاکی ئەم قەیرانە دژوارەدا هیچ ئەجامێکی نابێت.
ئەمانە و دەیان نمونە و وێنە و هەقیقەتیتر لە سەکۆ و زەمینەی سیاسەتی سک هەڵگوشیندا، لە فەزای گەندەڵی و نادادیدا، هۆریەکی خۆشمان بۆ نەیەژێت. لە هەرلایەکەوە، بە هەر بارێکدا تەماشا دەکەم، دووربینی وەگر دەخەم، هەڵیدەسەنگێنم، شەن و کەوی دەکەم، پێوانەی بابەتیانەی بۆ دەکەم، چاو لەم دیمەنە دەچیقێنم، هەست خەست دەکەمەوە، هەڕچی بەر نیگای دەدەم، ئێمە لە ئاخر و ئوخری سەردەمێکداین، ئاسۆیەک، ئارامی و ئاسودەی بەدی ناکەم، بە ڕاستی دڵم دەگوشێ، کە سازەکەی گەردون بۆ ئیمە لەم کەتوار و دۆخەیشدا خاسی ناژەنێ.
من دەزانم خاس وێژی چەشەی ئێوە دوشێوێنێت، خەیاڵتان دەزرێنێت، بەڵام قەیرانی ئەم جارە دەریایەکە نەهەنگ تیادا دەخنکێت، نەهەنگی قەیران وەخت خۆرە ماوڵی بیرکردنەوەی پشوو درێژ نادات، چجا پشتکردنەوەو بێ دەربەستی.
بەرێزم؛ دڵنیا بن ئەم حیکایەتەم بۆ ترساندن و پڕ کردنەوە کاغەز نیە، دردەدڵی خۆم ناکەم، بەڵکو هەست بە مەترسیەکی گەورە دەکەم، دوور نیە تەر و وشکی تیادا نەسوتێت، بۆیە تکا دەکەم ئەورۆ دوا مەنزڵە بۆ دەستپێکردنی پرۆسەی چارەسەری هەقیقی، کاتی ئەوەیە ئاواز و دنیابینی و بیرتان بگۆرن، با بە خۆماندا بچینەوە، بە بێ بایەخ تەماشای ئەم رووداوانەی جیهان نەکەین، گوێی خۆمان لە ئاست نەهامەتی و قەیرانەکانی میللەتەکەمان دانەخەین. ڕێگایەک بۆ هەڵاتن لە قەیران بدۆزینەوە.














Post Comment