بەڵێ من ئامادەم قەرز بکەم بۆ خوێندنی منداڵەکەم
لەم سەردەمەی ئێستاماندا، گێکی مەترسیدار لەناو کۆمەڵگەدا سەرهەڵدەدات کە هەوڵدەدات مافی ژیانێکی شایستە و پەروەردەیەکی بەکوالیتی، تەنها وەک ئیمتیازێک بۆ خاوەن سەرمایە و دەستڕۆیشتووەکان کورت بکاتەوە. کارەساتی گەورە لەوەدا نییە کە جیاوازیی دارایی هەبێت، بەڵکو لەوەدایە کە کەسانێک بە ناوی “ملیۆنەر و ملیاردێرانی شار”ەوە بێن و ئەخلاقیات و توانای دارایی خێزانە کەمدەرامەتەکان بخەنە ژێر پرسیارەوە.
ئەوان بە لوتبرزییەوە لۆمەی ئەو دایک و باوکانە دەکەن کە بە قەرز و قوڵە منداڵەکانیان دەنێرنە قوتابخانە تایبەتەکان، بە بیانووی ئەوەی گوایا منداڵەکانی خۆیان لە خوێندنگەی حکومیدان! ئەم هەڵوێستە نەک هەر هەڵەتێگەیشتنێکی قووڵە لە واقیعی کۆمەڵایەتی، بەڵکو هێرشێکی نەرمە بۆ سەر هۆشیاریی پەروەردەییی خێزانەکان.
لێرەدا پرسیاری بنەڕەتی ئەوەیە: ئایا بۆچی ڕووی ڕەخنەی ئەم خواپێداوانە لەو خێزانەنەیە کەوەک ئەوان دەوڵەمەندنین،یان توانای داراییان کەمە، لەبری ئەوەی ڕووی دەمیان بڕسێننە دامەزراوە پەروەردەیییەکان؟ ئەگەر خەمخۆری واقیعی پەروەردەن، دەبوو یەکەمجار بپرسن بۆچی لە نێوان قوتابخانەیەکی داڕوخاو و وێرانەی گەڕەکە هەژارەکان، لەگەڵ قوتابخانەیەکی نموونەیی یان تایبەتدا، جیاوازیی ئاسمان و ڕێسمان دروستکراوە؟
بۆیە مافی ڕەوا و سروشتیی هەر دایک و باوکێکە—هەژار بێت یان دەوڵەمەند—کە لە دوای پەروەردەیەکی تەندروست، هزر لە دابینکردنی باشترین و پڕکوالیتیترین ژینگەی خوێندن بکاتەوە بۆ منداڵەکەی. پەروەردە بناغەی دروستبوونی کۆمەڵگە و بونیادنانی وڵاتە، هەربۆیە ئامادەیی خێزانێک بۆ قەرزداربوون لە پێناو پاشەڕۆژی منداڵەکەیدا، نیشانەی دەستبەرداربوون لە خۆی و قوربانیدانە لە پێناو داهاتوودا، نەک شایانی لۆمەکردن بێت.
کاتێک کاکی دەوڵەمەند شانازی بەوەوە دەکات کە منداڵەکەی لە خوێندنگەی حکومییە، دەبێت ئەم ڕاستییە تاڵە ڕوون بێتەوە کە ئایا منداڵی بەڕێزیان لە کام قوتابخانەی حکومیدایە؟ ئایا لەو قوتابخانەیەیە کە لە کۆڵانە ئاوەدان و بێبەشەکانی ئێمەدا دروستکراوە، یان لە ناو سیتییەک و پرۆژەیەکی نیشتەجێبوونی سەردەمیانەی پڕکوالیتی کە ژینگەکەی هیچ جیاوازییەکی لەگەڵ کەرتی تایبەتدا نییە؟ جگە لەوەش، داڕمانی ئاستی پەروەردەی حکومی، شاهیدیدانی ئێمەی پێویست نییە، بەڵکو تەنانەت بەرپرسانی باڵای شار و کەرتەکە خۆشیان دان بەوەدا دەنێن کە ئاستی کەرتی پەروەردە بەرەو داڕمانی تەواو ڕۆشتووە. لە دۆخێکی وەهادا، چاوپۆشیکردن لەم وێرانکارییە و ڕەخنەگرتن لە هەوڵی خێزانێک بۆ رزگارکردنی منداڵەکەی، لۆژیکێکی سەراوژوورە.
لە کۆتاییدا، پارادۆکسە گەورەکە لەوەدا بەرجەستە دەبێت کە دەبێت بپرسین، ئایا خاوەنی ئەم قوتابخانە ئەهلی و تایبەتە کوالیتی بەرزانە کێن؟ ئایا هەر هەمان ئەو سەرمایەدار و خواپێداوانە نین کە ڕۆژانە بەردەوام ڕێکلامیان بۆ دەکەن و پەروەردەیان کردووەتە بزنس و بازرگانی؟ لە ڕابردوودا هەموو توێژە جیاوازەکانی کۆمەڵگە لەسەر یەک کورسیی قوتابخانە حکومییەکان دادەنیشتن و هیچ کێشەیەکیش لە ئارادا نەبوو. بەڵام کاتێک سەرمایەدارەکان خۆیان کەرتی پەروەردەیان کردە کالا و جیاکارییان تێدا دروستکرد، ئیتر هیچ ڕەوایەتییەک بۆ ڕەخنەکانیان نامێنێتەوە.
دایک و باوکان مافی ڕەوای خۆیانە بۆ باشترین ژینگە بگەڕێن و تەنانەت لە دەمی خۆشیان بگرنەوە تا منداڵەکانیان لە بێبەشیی پەروەردەیی ڕزگار بکەن. ڕەخنەی ڕاستەقینە دەبێت ئاڕاستەی سیستەمێک بێت کە حەریکە پەروەردە دەکرێتە کاڵا، نەک ئەو خێزانانەی قوربانیی ئەو سیستەمەن.















Post Comment