کاندیدەکەی تاران و قائانی

کاندیدەکەی تاران و قائانی

جار بینراوە: (14)

کاندیدەکەی ئیسماعیل قائانی و فالح فەیاز لە پشتی پەردەی مێزە خڕەکەی چوارچێوەی هەماهەنگی بڕیاری لێدرا و هەمووشیان بەرەغبەت یان زەخت پیرۆزباییان پێ وت، ئێستا تاران کاندیدەکەی دیاریکرد و ماوەتەوە ئەمەریکا پیرۆزبایی لێ بکات، ئەم هەنگاوەش لەم هەلومەرجە دژوارەی ئێراندا کارتێکی تری سەرکەوتنە، کە هەمیشە براوەی یەکەم بوە.

لە خراپترین بارودۆخی خۆیدا، تاران، وەکو چۆن لە هەڵبژاردنەکانی عێراقدا (2025)، باشترین دیزاینی کرد (بە بردنەوەی (187) کورسی، گوێ نەگرتن لە فشارەکانی ئەمەریکا بە تێکهەڵکێشکردنی لیست و گروپەکانی موقاوەمەی وەلائی ئێرانی کە لە لیستی تیرۆری ئەمەریکادا بوون، وەکو (کەتیبەکانی سەید شوهەدای ئەبو ئالاو وەلائی بەناو لیستی (منتصرون)، (6) کورسی لەناو (هاوپەیمانێتی دەوڵەتی یاسای مالیکی) بەدەستهێنا. (کەتیبەکانی حیزبوڵڵای حمێداوی – مۆنس) بەناوی لیستی (حقوق) بە (6) کورسی). لە کۆی گشتی دا گروپی موقاوەمە (77) کورسی بردۆتەوە، کە ئەمەریکا پێی وابوو نابێت بەشداری پڕۆسەی سیاسی لە عێراقدا بکەن، سوپرایزی هەڵبژاردنەکانیش غەزعەلی دۆستی تاران و نەیاری واشنتۆن بە لیستی (صادقون)، (27 کورسی) مسۆگەر کرد، بە پڕکردنەوەی شوێنی موقتەدا سەدر و دروستکردنی ئەڵتەرناتیڤ…) ئەوەش گەورەترین سەرکەوتنی ئێرانییەکان بوو.

بەم سیناریۆ ئێرانییە، ئەمەریکا لە عێراقدا دووەم شکستی تۆمارکرد و ساغبوە کە تا عێراقی شیعی و هەتا تاران بمێنێ گەر مەیدانی ململانێکانیشیان بێت، هەرگیز نابێتەوە بە هی ئەمەریکا، ململانێی گەروی هورمزی بەبێ دەنگی لە بەغدا درێژە پێداوە وەکو چۆن لە لوبنانیش دەوڵەتی دەستەمۆ و بێ کاریگەری خستۆتە ناو هاوکێشەکانەوە، لە کۆتایشدا زەیدی دۆست و هاوبەشی غەزعەلی و فەیازی نەیاری ئەمەریکای کردە سوپرایز.

عەلی زەیدی، کە خواردنی سوپای عێراق و گروپەکانی حەشدی شەعبی و موقاوەمە ساڵانە بە (3) ملیار دۆلار دابیدەکات، بەشێکە لە تۆڕی ئابووری و سپیکردنەوەی پارە و ڕایەڵەی پتەوی ئابووری لەگەڵ سوپای پاسداران. کۆمپانیاکانی ناوبراو بەشە خۆراک (بایەعی) خەڵکی عێراق و کوردستان دابیندەکات (ئەو بەشە خۆراکە جوانە…!؟)

ئەمەریکا بانکەکەی زەیدی دەخاتە لیستی ڕەش، (30) ملیار دۆلار خەڵات بۆ کوشتنی (ئەحمەد حمێداوی- سەرۆکی کەتیبەکانی حیزبوڵڵا، ئەبو ئالاو وەلائی- سەرۆکی کەتیبەکانی سەید شوهەدا، حەیدەر مەزهەر ساعدی- سەرۆکی کەتیبەکان ئەنساروڵڵای ئەوفیاو)، ئەم هەنگاوانە جگە لە ڕۆتین، پاشەکشە و شکستی گەورەی واشتنتۆن لە عێراقدا هیچی تر نییە، لە کاتێکدا ڕێک بە پێچەوانەوە تاران هەنگاوی کرداری و واقیعی بەدانانی عەلی زەیدی دەنێت، بەم خوێندنەوە و هەنگاوانەی کە لە بەردەستماندایە، دیارە کە تاران تا ئێستا کارەکتەری ئاڵوگۆڕەکانی عێراق-ە.

بابەتى تر

👤
Live: 146 Today: 1,442 📊 Click Here