کاتێک میرەکانی زۆنی سەوز و زەرد بنەمای حوکمڕانی دەکەنە بەندەیی
عبدالباری احمد بابکر
لە کەشوهەوایەکدا کە بنەماڵە دەسەڵاتدارەکان بانگەشەی خزمەت و دیموکراسی دەکەن، واقیعێکی تاڵ و پێکەنیناوی بەسەر ژیانی هاووڵاتیاندا زاڵ بووە. دەسەڵاتدارانی ئێمە سەلماندوویانە کە هونەری حوکمڕانی لە لای ئەوان تەنها لە دوو خاڵدا کورت دەبێتەوە: دابینکردنی خۆشگوزەرانی بێسنوور بۆ بنەماڵە و خزمەکانیان، و دابەشکردنی هەژاری و دەربەدەری بۆ میللەتە داماوەکەیە.
لەم هەرێمەدا، دادپەروەری ڕستەیەکی کۆمیدییە. داهاتی وڵات و سامانە سروشتییەکان ناچنە خزمەتی بونیادنانی ژێرخانێکی شارستانی یان باشکردنی کەرتی پەروەردە و تەندروستی، بەڵکو ڕاستەوخۆ دەچنە باخچەی سەوز و قەڵا زەردەکانی میرەکانی زۆنی سەوز و زەرد. بەپێی نەریتە سیاسییەکەی ئەوان، هاووڵاتی تەنها سەیرکەرێکە کە دەبێت چەپڵە بۆ نایابی ژیانی دەسەڵاتداران لێبدات و بە شادمانییەوە تامی نەبوونی بکات.
ئەگەر لەم دۆزەخەدا کەسێک جورئەتی ئەوە بکات دەنگ هەڵبڕێت یان ڕەخنەیەک لە سەرکردە نەمرەکان بگرێت، سزاکەی دەستبەجێیە. سیستەمی دادوەری و ئەمنی تەنها بۆ پاراستنی هەیبەتی بنەماڵەکان دروستکراون. زیندانیکردنی ڕۆژنامەنوسان و دەنگە ئازادەکانی وەک شێروان شێروانی و هاوڕێکانی، یان تیرۆرکردنی بەئاشکرای قەڵەمە ئازادەکانی وەک سەردەشت عوسمان و سۆرانی مامە حەمە، نیشانەی ڕوونی ئەوەن کە وەڵامی دەسەڵات بۆ یەک پۆست یان کۆمێنتی سۆشیاڵ میدیا، گرتن و بێدەنگکردنە.
ئەم حوکمڕانییە نەک هەر ئابووریی تێکداوە، بەڵکو لایەنی مەعنەوی و کۆمەڵایەتی کۆمەڵگاشی بەرەو داڕمان بردووە. بەڵام پێویستە ئەم ڕاستییە بزانرێت: ستەمکاری تا سەر بەردەوام نابێت. خەڵکی ئازاد و بوێری کوردستان شایەنی ژیانێکی شەرەفمەندانەن، نەەک دەستەمۆبوون بۆ دوو بنەماڵەی خۆسەپێن.















Post Comment