ته‌مموز 20, 2025

چەک سوتاندن کۆتایی قۆناغی نیازپاکیە

جار بینراوە: (5.4K)

فوئاد زیندانی
 
ڕۆژی هەینی(١١) ی تەموزی ٢٠٢٥ چرکە ساتێکی مێژوویی بوو بۆ گەلی کورد و بزووتنەوە ڕزگاریخوازییەکەی. چەک دانان و سوتاندنی بەشێوەیەکی سونبولی وەک نیاز پاکیەک لە پێناو بەرەوپێش چوونی پرۆسەیەک کە تا چرکە ساتی سوتاندنی چەکەکان تاک لایەنە بووە لەلایەن پارتی کرێکارانی کوردستان(پەکەکە) لەسەر داوای ڕێبەرەکەیان(ئۆجەلان) جێبەجێکراوە، ئامانج لێێ دیموکراتیزەبوونی تورکیا و چارەسەری دۆزی کوردە لە باکوری کوردستان.

پێشتریش دوو جار وەک نیاز پاکی لە ساڵانی ڕابردوودا گروپێکی گەریلا لەسەر داوای ڕێبەر(ئۆجەلان) گەڕانەوە تورکیا، بەڵام هەموویان خرانە زیندان.

ئەوەی لە ئەشکەوتی(جاسەنە) ڕوویدا جگە لەوەی بۆ هەموو جیهان سەلمێندرا کورد میللەتێکی ئاشتیخوازە، هاوکات دانانی خاڵی کۆتایی دەستەواژەی نیاز پاکی بوو، پێوویستە لایەنی تورکی واتە سەرۆک و حکومەت و پەرلەمانی تورکیا  هەنگاوی کرداری دەستپێبکەن کە بریتیە لە پێکهێنانی کۆمسیۆنی پەرلەمانی و هەموارکردنی یاساکانی تورکیا و جێبەجێکردنیان بەکردار، مافی هیوا دەستەبەر بکات بۆ ئازابوونی(عەبدوڵا ئۆجەلان) و سەرجەم زیندانیانی سیاسی و گۆڕینی خاڵە چەقبەستووەکانی دەستور .

هەلبژاردنی شوێنی مەراسیمی چەک سوتاندنەکە کە ئەشکەوتی جاسەنەیە زۆر واتاداربوو، گەڕانەوەی گەریلاکان و سەرکەوتنیان بە باوەڕبەخۆبوون بۆ ئەشکەوتەکە واتادارتربوو.

دۆخەکە هەنگاوی تری نیازپاکی هەڵناگرێ، بەڵکو هەنگاو بەرامبەر هەنگاو دەخوازێ، تا دەسەڵاتدارانی حکومەتی تورکیا لەپێناو بەدیهێنانی دەسکەوتی زیاتر وەک دیل مامەڵە لەگەڵ(ئۆجەلان)  بکەن  و لە زیندان بیهێڵنەوە، پێوویستە لایەنی کوردی هەنگاوەکان بوەستێنی، تۆپەکە لە گۆڕەپانی دەولەت و حکومەت پەرلەمانی تورکیایە.

دەستپێشخەری و پەیامەکانی(ئۆجەلان) لەڕووی هزری ئایدۆلۆجی گرنگ و واتادارن، چەک سووتاندن بە شێوەیەکی سونبولی واتادارە، بەڵام تاک لایەنە نابێت بە پرۆسەی تەواو.

تورکیا ئێستا لە هەموو کات زیاتر و باشتر دەزانێ ئەرکی سەرشانی چیە و چۆنە کە پێوویستە جێبەجێی بکات. هەر کاتێک دەوڵەتی تورک بە کردار هەنگاوی نا، ئەو کاتە دەتوانین بڵێین پرۆسەی ئاشتی لە نێوان دوو لایەن دەستی پێکردووە.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Copyright © All rights reserved For Koibas