ته‌مموز 20, 2025

نەناردنی مووچە بازاڕەکانی هەولێری چۆڵ کردووە و دووکاندارەکان لەبری کاسبی، یاریی دەکەن

جار بینراوە: (5.8K)

نەناردنی مووچە بازاڕەکانی هەولێری چۆڵ کردووە و دووکاندارەکان لەبری کاسبی، یاریی دەکەن لە کاتێکدا پێویست بوو سەرقاڵی خزمەتکردنی کڕیار و ژماردنی پارەی کاسبییەکەیان بن، بەڵام دووکانداران لە بازاڕەکانی هەولێر بە یاریی وەک “تۆپانێ” کات بەسەردەبەن. ئەمە دیمەنی زۆرینەی بازاڕەکانی هەرێمی کوردستانە کە بەهۆی دواکەوتن و نەناردنی مووچەوە، چۆڵەوانیی باڵی بەسەردا کێشاوە.لە بازاڕی سپی، لە هەولێر ئیبراهیم سەردار یەکێکە لەو دووکاندارانەی کە بێبازاڕی وای لێکردووە هەفتەیەک تێپەڕیوە و هێشتا 10 هەزار دیناریشی دەستنەکەوتووە.ئەو دووکاندارە بە کۆی باس میدیایی راگەیاند: “هەفتەیەکی تەواوە هیچمان ئیش نەکردووە. وەک دەیبینیت، بازاڕ چۆڵە و هیچ کڕیارێکی تێدا نییە. تەنیا دانیشتووین، لە مۆبایل و لە یەکدیش بێزاربووین. ناچار یاریی نینجا یان تۆپانێ دەکەین،لەوەش وەڕس بووین دۆخەکە لە بازاڕی کورانیش جیاواز نییە؛ ئەو بازاڕەی کە جاران لە بەیانی تا ئێوارە جمەی دەهات لە کڕیار، ئێستا بە دەگمەن خەڵکی تێدا دەبینرێت. دووکاندارەکان دەڵێن، ئەگەر کڕیارێکیش هەبێت، لەسەر بڕێکی زۆر کەمی پارە مامەڵەیەکی زۆر دەکات و لە کۆتاییشدا زۆربەیان شتەکە ناکڕن.معاویە سەبوور، دووکاندار، دەڵێت: “لە بەیانییەوە هاتووم تەنیا دوو پارچەم فرۆشتووە. بازاڕەکە بە گشتی چۆڵە، ئەمە حاڵی هەموومانە نەک تەنیا من.”کاریگەرییەکە تەنیا بازاڕی جلوبەرگ و پێداویستییەکانی دیکەی نەگرتووەتەوە، بگرە کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر پێداویستییە رۆژانەکانی وەک سەوزە و میوەش داناوە. رەمەزان، کە دەرچووی بەشی کۆمەڵناسییە وبەهۆی نەبوونی کارەوە رووی لە بەقاڵی کردووە، دەڵێت، رێژەی فرۆشی زیاتر لە 50% دابەزیوە.رەمەزان محەممەد، بەقاڵ، باس لەوە دەکات: “بە پلەی یەک مووچە کاریگەریی لەسەر بازاڕ هەبووە. خەڵک پارەی لەبەردەستدا نەماوە. سەوزە و میوە پێداویستی رۆژانەن، کەچی سەیرکە کاژێر نزیکەی 11ـی بەیانییە و هێشتا هەمووی ماوەتەوە ونەفرۆشراوە.”لە لایەکی دیکەوە، فرۆشیارە گەڕۆکەکانیش سکاڵایان هەیە. محەممەد جەعفەر، کە بە ئۆتۆمبێلەکەی و لە گەرمای زیاتر لە 40 پلەدا کۆڵان بە کۆڵان دەگەڕێت، باس لە نەبوونی متمانە دەکات کە بەهۆی قەرزارییەوە دروست بووە.محەممەد جەعفەر دەڵێت: “متمانە نەماوە. کابرایەک دێت دەڵێت بە قەرز پێم بدە تاوەکو کۆتایی مانگ. دواتریش مووچە وەرناگرێت و نایەتە دەرەوە. جاری وا هەیە هەفتەیەک دەچینە بەردەرگای و لە دەرگا دەدەین، بەڵام نایەتە دەرەوە.”ئەم دۆخە سەختەی بازاڕ و بژێویی خەڵک، دوای ئەوە دێت کە وەزارەتی دارایی عێراق بە بیانووی “تێپەڕاندنی پشکی هەرێمی کوردستان لە یاسای بودجە” مووچەی مانگی 5ـی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانی نەنارد. ئێستا کە لە کۆتایی مانگی 6ـداین، هێشتا چارەنووسی مووچەی هەردوو مانگەکە نادیارە و ئەمەش کاریگەریی نەرێنی لەسەر هەموو سێکتەرەکانی ژیان دروستکردووە.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Copyright © All rights reserved For Koibas