نێچیرڤان بارزانی لە دیداری مێری:دۆزی کورد لەڕۆژهەڵات بە ئینکارو ئیهمال چارەسەر ناکرێت
پەیامی سەرۆک نێچیرڤان بارزانی لە دیداری ئەمساڵی مێریدا، مانیفێستێکی گشتگیری نەتەوەیی و نەخشەڕێگەیەکی چارەسەرخواز و واقیعبینانەی بوو بۆ گواستنەوە لە زمانی چەک و جەنگەوە بۆ ڕێکاری ئاشتییانە و دیپلۆماسییەتی دەرفەت.
گی سەرۆک، زادە و بەرەنجامی ئەزمونێک لە قاڵبوون و نوشوست و سەرکەوتن و هەڵەکردن و بەخۆداچوونەوەی قووڵە کە دواجار عاقڵمەندانی نەتەوەی کوردی بەو باوەڕە نەگۆڕە گەیاندووە کە دیالۆگ و چارەسەری ئاشتییانە بژاردەی ستراتیژیی نەتەوەیە و چیتر نایەوێت بگەڕێتەوە بۆ چەک و جەنگ.
لە سەر ئاستی هەرێمی کوردستان، ئیستحقاق و ئەرکی یەکەم و بێ بەدیلی ئەم هاوکێشەیە یەکڕیزییە. بەشداریی زیاتر لە حەفتا لەسەدی هاووڵاتییان لە هەڵبژاردنی ڕابردوودا، ئەمانەتێکی مێژووییە و هیچ بژاردەیەک لەبەردەم پارتی و یەکێتیدا ناهێڵێتەوە بێجگە لە سازان و لێکگەیشتن؛ ڕێککەوتن مەحاڵ نییە و ئاراستەی گفتوگۆکانیش ڕوو لە چارەسەرن.
لە هاوکێشەی ناوچەییشدا، کورد دەبێ واقیعبینانە بڕوانێتە هاوسەنگیی هێز و هەڕەشە و دەرفەتەکان، لە باکوور و ڕۆژاڤاو لە هەر یەکیان بە پێی تایبەتمەندیی خۆیان، دەرفەتی جددی بۆ چارەسەری دۆزی کورد و بەدەستهێنانی دەستکەوتی نەتەوەیی هاتوونەتە ئاراوە؛ کورد دەبێ چارەسەرخوازانە و جدییانە هەڵسوکەوت بکات و لە نیازی دەوڵەتەکانیش خێر بخوێنێتەوە بەو پێیەی چارەی دۆزی کورد بۆ ئەوانیش خێر و سەقامگیری دێنێتەدی.
دەمێنێ کۆماری ئیسلامیی ئێران کە وەک سەرۆک نێچیرڤان بارزانی بە ڕاشکاوی ڕایگەیاند: پرسی کورد لەو وڵاتە بە ئینکار و ئیهمالکردن چارەسەر نابێت، هەربۆیە لە تاران بیرکردنەوەیەکی جددی بۆ چارەسەر هاتووەتە کایەوە و بەرژەوەندیی کوردیش لەوەدایە بەدەمیەوە بچێت.
لە هەموو ئەم وێستگانەدا، هەرێمی کوردستان بەپێی تایبەتمەندی و واقیعی هەر پارچەیەک، نیازپاکانە و لە ڕوانگەی هاوسۆزی و هاوپشتیی نەتەوەییەوە دەستبار و پشتیوانی بێمەرجی پرۆسەی ئاشتی و بەدەستهێنانی دەسکەوتی ئاشتییانە بووە و هەرواش دەمێنێت.
جا بۆ ئەوەی هەرێم بتوانێت بە باشترین شێوە بەم ئەرکە هەستێت و ئەم ڕۆڵە هاوپشتییە نەتەوەییە بگێڕێت، سەرەتا دەبێت بۆ خۆی پارێزراو و سەقامگیر و دوور لە هەڕەشە بێت. ئەم هەرێمە دەستکەوتی سەد ساڵ خەباتی هەموو نەتەوەی کوردە و پاراستنیشی تەنها ئەرکی خەڵکی هەرێم نییە، بەڵکوو ئەرکێکی کوردانەی سەرانسەرییە. هەرێم وەک دەستکەوتێکی نەتەوەیی بۆ ئەوەی بمێنێت و بهێڵن گەشەبکات، نابێت ببێتە سەرچاوەی هەڕەشە بۆ وڵاتانی دەوروبەر؛ هاوپشتی و هاوسۆزی لەگەڵ کوردانی پارچەکانی دیکە، ڕێگە بە کوردی عێراق نادات یاسا و پابەندییە نێودەوڵەتییەکان ژێرپێ بنێت. هەرێم هەم وەک خۆی و هەم وەک بەشێک لە عێراق، ئیلتزاماتی یاسایی و نێودەوڵەتیی لەسەر شانە. ئەو هەڵچوون و سەرکێشی و نمایشە نامەدروسەی هەندێک لایەنی ڕۆژهەڵات لە سەروبەندی جەنگی ڕابردووی ناوچەکەدا کردیان، بێ ئەوەی هیچ خێرێک بە کوردی ڕۆژهەڵات بگەیەنێت، قەوارەی هەرێمی خستە بەردەم مەترسیی ڕاستەقینەوە و ئەوەش بە زیانی هەموو کوردە.
ڕەخنەی سەرۆک نێچیرڤان بارزانی لەو چەند لایەنە کورتبینە، لەو باوەڕ و پەرۆشییەوە سەرچاوەی گرتووە کە دۆز و داوا ڕەواکانی کورد لە هەر پارچەیەکی کوردستان، نابێت تێکەڵی ململانێ و هاوکێشە بەریەککەوتووەکانی دەرەکی بکرێت و ببێتە سووتەمەنیی شەڕی خەڵکی تر.
بە کورتی: ئەو مانیفێستە نەتەوەییەی سەرۆک نێچیرڤان بارزانی لە دیدارەکەی مێریدا بەیانی کرد، دەنگی عەقڵانییەت، پێگەیشتن و ئەزموونداریی نەتەوەیەکە کە دەیەوێت بە خەباتی سیاسی و ڕێکاری مەدەنی و بە ئاشتی، مافەکانی مسۆگەر بکات و هەر بە ئاشتیش لە ناوخۆ و لەگەڵ گەلانی ناوچەکەدا بژی.
لە دیدی سەرۆک نێچیرڤان بارزانیدا، بۆ گەلێکی خاوەن توانای سنوورداری وەک کورد و لە ناوچەیەکی گڕگرتووی وەک رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، ژیریی سیاسی و دیپلۆماسیی زۆر لە چەک و چەکداری بەسوودترە















Post Comment