منداڵ و جەنگ

منداڵ و جەنگ

جار بینراوە: (17)

ڕێگا ڕووف

کۆمەڵگا لەکاتی جەنگدا ئاڵوگۆڕی خێراو چاوەڕوان نەکراوی بەسەردادێت. منداڵ وەک بەشێکی کۆمەڵگا ئەو چینەن کەلەکاتی جەنگدا زۆرترین زەزەریان پێدەگات.

بەپێی ئەوەی لەباری فیزیکی و توانای دەروونی منداڵ بەتەواوی گەشەی نەکردووە تا وەک گەورەیەک تێبگات بۆ شەڕ هەڵگیرساوە یاخود بۆ تەقینەوەو بۆمب ڕوودەدات. زۆر گرنگە کە منداڵ وەک هەر ئەندامێکی تری کۆمەڵگا ئاگاداری و زانیاری هەبێ لەسەر ڕووداوەکان بەڵام چۆن چۆنی ئەو زانیارە بدەین بەمناڵەکە؟

دانی زانیاری و ئاگادارکردنەوەی منداڵ دەکرێت بەشێوازێکی زۆر سادە لەمناڵەکە بگەیەنرێت لێرەدا ڕاگرتنی هاوسەنگی زۆر گرنگە کە تا چ ئاستێک و چەندێک زانیاری ئەدەی بە مناڵ. هەمیشە بیرخستنەوەو فشارهێنان بۆ مناڵ کە جەنگە و ترساندنی بەشێوەیەکی ناڕاست زەزەری گەورە دەگەیەنێت بە دەروونی مناڵ و ڕەنگە تا ڕادەی درەنگکەوتنی گەشە کاریگەری هەبێت.

زۆر گرنگە کە ئاگادار بین و نەهێڵین مناڵەکانمان لەتیڤی و سۆسیال میدیاوە ڕووداوی کوشتن و تەقینەوەو تاوان ببینن، چونکە بینینی وێنەو فیلمی لەو بابەتە کاریگەری خراپی هەیە بۆ دەروونی منداڵ.

مەسەلەیەکی زۆر گرنگ ئەوەیە کە مناڵ ڕۆتیناتی ڕۆژانەی هەبێت و هەوڵبدەین قوتابخانەو خوێندنی لاخۆشەویست بێت لەجیاتی ساردبوونەوەو وازهێنان.

خاڵێکی تر کە دەبێت ببێتە جێگای بایەخمان ئەو پرسیارانەیە کە مناڵ لێمانی دەکەن لەسەر جەنگ. کاتێک پرسیار دەکەن بهێڵە ماناکەی تەواو بکات، بهێڵە خۆی بەزمانی خۆی بیڵێ چۆن بیر ئەکاتەوەو لەچی ئەترسێ، و تۆش وەک دایک یان باوک یان مامۆستا وەڵام بدەرەوە بە پرسیارەکانی. پرسیارەکەو باسەکە لەمناڵ مەسێنەو بهێڵە خۆی خاوەنی قسەو باسەکە بێت، تۆ تەنها هەوڵی شیکردنەوەی زانستیانەو بەبێی تەمەنی مناڵەکەبە.

خاڵی کۆتایی کە بەبڕوای من لەهەمووی گرنگترە ئەوەیە مناڵ هەمیشە پێویستی بەسەرپەرشتی و ئاگا لێبوون هەیە بۆیە پێی دەووترێ مناڵ، لەکاتی جەنگو دڵەڕاوکێی درووست بوونی جەنگ زۆر لەجاران زیاتر گرنگە خۆشەمیستی و سۆز پیشانی منداڵ بدەین، چ بەشێوەی باوەش و دەستهێنان بەسەریاندا یاخود گوێگرتن لەڕاووبۆچونیان و وەڵامدانەوە بەهەست و نەستیان لەکاتی دڵتەنگی و ترسدا.

باوەش و نەوازکردنی مناڵ لەکاتی ترسدا هەستی دڵنیایی و پارێزگاری وەرئەگرێت و ئەزانێت کە ئەگەر شتێک ڕووبدات تۆ وەک دایک یان باوک ئاگات لێیەتی و ئەیپارێزیت. ئەم هەستە لەڕووی دەروونیەوە منداڵ ڕزگار دەکات لەزۆر شت کە ئەکرێت بەهۆی ئاسەواری جەنگەوە بەر منداڵەکە بکەوێت و بۆ هەتا هەتایە پێوەی بناڵێنێت.

بەم شێوازە مامەڵەکردن لەگەڵ منداڵ سەرباری ناشرینی ڕۆژگارو شەڕە خوێناویەکان دەتوانێت نەوەیەکی باش و تەندرووستی داهاتوو بێت و دەتوانین بەربەست درووست بکەیان تا مناڵەکانمان تووشی تراوما نەبن. ڕەنگە نەتوانین لەسەدا سەد ئەم کارە بکەین چونکە شەڕو جەنگ و ترسی گشتی هەندێجار پێشبینی ناکرێت بەڵام ئەوەی گرنگە ئێمە وەک دایک و باوک هەوڵی لەسەدا سەدی خۆمان بدەین کە هەم ویژدانمان ئاسوودە بێت هەمیش لەکردەوەیا کاریگەرەکان کەم بکەینەوە.

بابەتى تر

👤
Live: 146 Today: 1,442 📊 Click Here