فاروق ڕەفیق: مەرگ و جنێو و تێگەیشتن!

فاروق ڕەفیق: مەرگ و جنێو و تێگەیشتن!

جار بینراوە: (10)

لە پاش مەرگی لە ناکاویی فاروق رەفیق، دوو بەرە پەیدابوون. بەرەیەک بە هێرش و جنێو، بەرەیەکی تریش بە دواندن و بەرپەرچدانەوەی ئەو هێرشانە. لە نێوان ئەم دوو بەرەیەدا کێیەتی و شوناس و تراژیدیا فاروق وونبوو. هێرش بۆ سەر فاروق بەشێکە لە پرۆسەی گۆڕانی دین بۆ ئایدەلۆژیا. دین چیدی موڵکی هەموان نیە، بۆ هەموان نیە، بەڵکو خاوەنی هەیە و مەرجی هەیە و مەترسی یان مەترسی دروستکراوی لە سەرە. دیارە پرۆسەی ئاماژەدان بە مەترسی لە سەر دین، بە مەبەستی دروستکردنی دوژمن و تەکفیر و پاشان و کوشتنە.

ئەم دیاردەیە نوێیە. دین لە بەشێک لە ئاگایی و ئەخلاق و ڕەفتار و کەلتوری هەموانەوە دەبێتە موڵکی کەمینەیەک و پاشان سەرچاوەی داهات. بیرمەندی گەورە فەیسەڵ دیڤیا لە کتێبی پوکانەوە هیلال، هەڵکشان و داکشانی ئیسلامی گلۆبال، بە ووردی باس لە مێژوی ئەم دیاردەیە دەکات. سەرەتا لە نیمچە کیشوەری هیندەوە دەستی پێکرد. پاشان لە شەڕی ئیسلام و هیندۆس و دروستبونی پاکستان و کەسانی وەک ئەبو عەلای مەودودی و ئەوانیتر.

بۆیە ئێمە هەڵە دەکەیەن کە ئیسلامی سیاس بکەین بە نوێنەر و خاوەنی ئیسلام، چونکە ئەوان خۆیان ئەوەیان دەوێت بۆ ئەوەی حوکم بکەن یان بە سیاسیی بکەن.

فاروق نە ئەو ئەهریمەنە بوو کە نەیارەکانی دەڵێن. نە ئەو فریشتەیەش بوو کە هەوادارانی دەڵێن. فاروق مرۆڤبوو، لە سەردەمێکی تایبەتی حوکمی کوردیی باشوری کوردستاندا ژیا. ئەوەی بۆ ئێمە گرنگە، هەروەها بۆ خۆشی، کە بتوانین عەقلانیانە لە ژیانی ئەم کەسایەتییە تێبگەین، زۆرتر لە پێناو داهاتوی خۆمان، نەک تەنها لە بەر ئەو.

ئایا بیرکردنەوە لە کۆمەڵگای ئێمەدا کردەیەکی ترسناکە؟

ئایا هێزە سیاسییەکانی وەک یەکێتی و پارتی چۆن مامەڵە لە گەڵ کەسێکی بیرکەرەوەدا دەکەن؟ ئایا جگە لە کڕین و دوژمنایەتی دەتوانن بە جۆرێکی تر ڕەفتاری لە گەڵدا بکەن؟

من کە قسە لە سەر فاروق دەکەم، قسە لە سەر کەسێک دەکەم کە لە ڕێگای نوسینەکانیەوە دەیناسم. بۆیە ناتوانم هیچ شتێک ی تایبەتمەندی و ووردەکاری کەسایەتی و ژیانی بڵێم. دیارە ئەگەر لە داهاتودا بایوگرافیای ئەو بنوسرێتەوە، کە بتوانێت ژیان و بیرکردنەوەی تێکەڵ بکات، ڕەنگە بۆ ئێمە بە سودبێت. مێژوی ئێمە یەک دانە بایوگرافیای وەهای تیادا نەنوسراوە، بەشکم ئەمە ببێتە سەرەتا.

جارێکیان کەسێکی حیزبیی پێی گوتم، حیزب هەتا شیلەت تیابیێ دەیمژێت و پاشان فڕێت دەدا. دیارە حیزب ئەمە لە گەڵ کادیری خۆیدا دەکات. بەڵام لە گەڵ کەسێکدا کە بۆی ڕام نەکرێت، دیارە ئامرازی تر بەکار دەبات.

من لە گەڵ زۆربەی زۆری بیری فاروقدا تەبا نیم. من بڕوام بە دادپەروەریی و یەکسانی نێوان مرۆڤەکان هەیە. بروام وەهایە ئەگەر جیاوازییەک هەبێت دروستکراوە، ئەگەر دروستکراویش نەبێت نابێتە مایەی باڵایی کەسێک بە سەر کەسێکی تردا. بەڵام فاروق بروای بە هەرەمیەتی مرۆڤەکان هەبوو. ئەمەش وەهای لێکرد لە دوا ساتەکانی تەمەنیدا هەڵگری بیری ڕاستڕەوەکانی ڕۆژئاوابێت.

با نە جنێوەکان و نە پیاهەڵدانەکان بەرچاومان تەڵخ بکەن. بپرسین بۆچی مرۆڤێک بەو شێوە ژیا لە ئێستای باشوردا؟

ڕەنگە بەشێکی پەیوەست بێت بە تایبەتمەندی خۆیەوە، بەڵام بەشێکی زۆر تری بەرهەمی سیستەم و دەزگا فەرمی و نافەرمییەکانی ناو ئێستای باشورە. فاروق ڕەنگە خەونی ئەوەبوبێت لە نێوان ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوادا گفتوگۆ بکات، بەڵام بە ناچاری کەوتە ناو بەرداشی هەولێر و سلێمانی. چ قەدەرێکی تراژیدییە.

ڕۆحی شاد

بابەتى تر

👤
Live: 146 Today: 1,442 📊 Click Here