سۆمۆ: واژۆکردنی رێککەوتنی دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان نزیکە

_
کۆمپانیای سۆمۆ دەڵێت، رێککەوتنی دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان گەیشتووەتە قۆناغی کۆتایی و نزیکە لە واژۆ کردن.
کۆمپانیای سۆمۆ لە راگەیەندراوێکدا رایگەیاند، “واژووکردنی رێککەوتنی کۆتایی نەوت نزیکە و پرۆسەکە گەیشتووەتە قۆناغی کۆتایی، کۆمپانیا نەوتییەکان دڵنیاکراونەتەوە کە شایستە داراییەکانیان وەک خۆی وەردەگرن”.
ئاماژەی بەوەش کردووە، حکومەتی عێراق بەم نزیکانە کاتی دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت رادەگەیەنێت.
بەگوێرەی رێککەوتنەکەی نێوان هەولێر و بەغدا، پلانی سەرەتایی ئەوەیە حکومەتی هەرێمی کوردستان رۆژانە لانی کەم 230 هەزار بەرمیل نەوت رادەستی کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) بکات، لە کاتێکدا دەتوانێت 50 هەزار بەرمیلی دیکە بۆ پڕکردنەوەی پێداویستیی ناوخۆیی بەکاربهێنێت.
بەپێی میکانیزمە نوێیەکە، بازرگانێکی سەربەخۆ پرۆسەی فرۆشتنی نەوتی هەرێمی کوردستان لە بەندەری جەیهانی تورکیاوە بەڕێوەدەبات و بە نرخە فەرمییەکانی سۆمۆ دەیفرۆشێت.
هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لە مانگی ئاداری 2023ـەوە راگیرا، ئەوەش دوای ئەوەی دادگەی نێوبژیوانیی ژووری بازرگانیی نێودەوڵەتی (ICC) لە پاریس، بڕیاریدا کە تورکیا بە بڕی 1.5 ملیار دۆلار قەرەبووی عێراق بکاتەوە بەهۆی رێگەدان بە هەناردەی “نایاسایی” نەوتی هەرێمی کوردستان بەبێ رەزامەندیی بەغدا.















Post Comment