بریا لەتەک مەراسیمەکەی پاریسدا لە خەمی ژیانی پێشمەرگەشدا بوونایە
ناونانی شەقامەکان لە فەرەنسا وسوید و زۆر لە ئەوروپاش پرۆسەیەکە کە حکومەتی ناوخۆیی واتە دەسەڵاتدارانی شارەوانییەکان لە ناونانی پارک و شەقامەکان بەشداردەبن، کەم یان زۆر نە بە دەوڵەتی ناوەند یان سەرۆکی حیزبەکانی فەرنسەوە نییە جگە لە پێشنیار نەبێت. واتە بە گشتی ئەوە ئەنجوومەنی شارەکەیە کە ئەرکی ناونانی شەقامەکان و گۆڕینی ناوی شەقامەکان لە ئەستۆ دەگرێت.
وەکو لای خۆمان لە هەرێمی کوردستان نییە کە مناڵی سەرکردەکانی حیزب نەک خۆشیان، ڕۆڵی گەورەیان هەیە نەک، لە ناونانی شەقام و ڕێگاوبانەکان، بەڵکو لە پرسی گەورەتردا .
لە شارۆچکەی بێرسیتۆی ئیتالیا، پردێک بە ناوی سیاسەتمەداری کورد هێڤرین خەڵەفەوە وەک نیشانەی هاودەنگی ناونراوە. ئەو ئاماژەیە بە گوتەی لویجی لوچی سەرۆکی شارەوانی، دان بە خەباتی بەردەوامی گەلی کورد بۆ ئاشتی و دیموکراسی لە بەرچاودەگرێت. هێڤرین خەلەف ئەمینداری گشتی پارتی ئایندەی سوریا، هێمای ئومێد بوو بۆ سوریایەکی هەمەچەشن و دیموکراسی. بەداخەوە لە ساڵی ٢٠١٩ دا تیرۆرکرا. ڕێگاوبانی تریش لە جیهان بە ناوو کۆبانی و خەباتی رۆژئاوا ناونراون بە بێ ئەوەی ڕاگەیاندنی کوردی بیکاتە بابەتی گەورە.
ناونان و بڕیاری ناونانیش زۆرجار لەسەر بنەمای کۆمەڵێک بنەما دەبێت، لەوانە ڕووداوە مێژووییەکان، کەسایەتییە دیار و بەناوبانگە ناوخۆییەکان، یان هەندێجار نێونەتەوەیی، ئاماژەی کولتووری و هەندێکجاریش تەوەری نیشتمانی، یان نێودەوڵەتی کاری خۆی دەکات لە ناونای شەقامەکاندا. دەکرێت ناوی شەقامەکان بگۆڕدرێت بۆ ڕێزلێنان لەو تاکانەی کە کاریگەری بەرچاویان لەسەر کۆمەڵگا هەبووە، یان بۆ ناساندنی بزووتنەوەی کۆمەڵایەتی و سیاسییە گرنگەکان چ لە ئاستی ناوخۆ یان جیهان.
نموونەیەکی ئەم دواییەی لە پاریس بەڕێوەچوو کە لە شەقامێکدا بە ناوی “پێشمەرگە” ڕێز لە مەسعوود بارزانی گیرا. مەسعوود بارزانی کەسایەتییەکی دیاری سیاسی و سەرۆکی پێشووی هەرێمی خۆسەری کوردوستانی عێراقە و ئیستا جگە لە مام و باوکی سەرۆکی هەریم و سەرۆک وەزیران، تەنها سەرۆکی چەند ساڵەی پارتی دیمۆکراتی عیراقە.
پێشمەرگە ناوێكی کوردی خۆشەویستە و بە مانای “ئەوانەی ڕووبەڕووی مەرگ دەبنەوە”، ئاماژەیە بۆ ئەو هێزە کوردانەی کە بۆ سەربەخۆیی و ئازادی خەباتیان کردووەو، ڕۆڵی یان لە سەقامگیریی ناوچەکەدا گێڕاوە، بەڕای من هیزەکانی ڕۆژئاوا ڕۆڵیکی گرنگیان بینی لە دژ بە داعش. ئەم ناونانە لەبەرچەند هۆکارێک گرنگە.
یەکەم: دانپێدانانی نێودەوڵەتی بە پرسی کورد و هەوڵدانیان بۆ مافی ڕەوای کورد نیشان دەدات. ئەم جۆرە بایەخدانانە دەتوانێت ببێتە سەکۆیەک بۆ بڵاوکردنەوەی هۆشیاری لە ئاست ئەو تەحەددایانەی کە ڕووبەڕووی گەلی کورد دەبێتەوە لە ناوچە جیاجیاکانی جیهان و بە تایبەت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. ناونانی شەقامێک بە ناوی پێشمەرگە ئاماژەیە بۆ هاودەنگی لەگەڵ خواستەکانی کورد بۆ سەربەخۆیی و دانپێدانان.
دووەم: ڕووداوێکی کولتووری-مێژووییە کە ڕەنگدانەوەی ئەوەیە کە ناوی شەقامەکان چۆن دەتوانن مانا هەڵبگرن. لە فەرەنسا کە نەریتێکی دوور و درێژی هەیە کە پەناگەیەکی کولتوور و یەکسانییە جیاوازەکانە، ئەم جۆرە هەڵبژاردنە لە ناوناندا بەشێکە لە باسە بەرفراوانەکان سەبارەت بە کۆچ و یەکگرتن و ناسنامە. پاریس بە داننان بە خواستەکانی کورد، پەیامی دەرگا کراوە و دیالۆگ دەنێرێت، ئەمەش لە چوارچێوەیەکی دا گرنگە لە سەردەمێکدا کە زۆرێک لە گەلان لەگەڵ پرسی یەکگرتن و نەتەوەیی خەبات دەکەن. بەڵام مشتومڕێک هەیە لەسەر چۆنیەتی ناونانی شەقامەکان چ لە سوید، یان ئەوروپاش و چۆن ئەمە دەتوانێت کاریگەری لەسەر گروپە کۆمەڵایەتییە جیاوازەکان هەبێت.
هەندێک لە سیاسیەکانی شارەوانیەکان حەزدەکەن ناونانی زیاتر ناوخۆیی بێت و ڕەنگدانەوەی ئەو کەس و ڕووداوانە بێت کە ڕاستەوخۆ یان بە شار یان ناوچەکەوە هەیە. ڕەخنەگران دەڵێن ناوە نێودەوڵەتییەکان دەتوانن مەودایەک لە کولتوور و مێژووی ناوخۆیی دروست بکەن. لە کۆتاییدا، ناونانی شەقامەکان هەرگیز شتێکی بێ بایەخ نییە؛ ڕەنگدانەوەی بەها کۆمەڵایەتییەکان و دیدگا مێژووییەکان و پرسە سیاسییەکانی ئێستایە.
لە دۆسیەی مەسعوود بارزانی و شەقامی پێشمەرگەش لە پاریس، هەم پێزانینێک بۆ پرسی کورد ئاشکرا دەکات و هەم خواستی تیشک خستنە سەر گرنگییەکەی لەسەر ئاستی . ڕووداوێکە کە جەخت لەسەر گرنگی دانپێدانان و باسکردنی بەشدارییەکانی کولتوورە جیاوازەکان لە یادەوەریی بەکۆمەڵ و بەردەوامی گفتوگۆی نێوان کۆمەڵگا جیاوازەکان دەکاتەوە.
خۆزگە دەسەڵاتی کوردیش چەند پێخۆشحاڵن بە ئاهەنگی شارەوانی بۆ ناونانی پێشمەرگە، ئەمەندەش خەمی ژیانی پێشمەرگە و مناڵانی پێشمەگە و خێزانی پێشمەرگەدا بوونایە.
*دکتۆر ڕیبوار حسن ئەندامی پێشوی پەرلەمانی سوید – ستۆکۆڵم
چەند وێنەیەکی سومبلەکانی کورد لە دەرەوەی کوردستان















Post Comment