ته‌مموز 20, 2025

دیۆگۆ جۆتا لە رووداوێکی هاتووچۆدا گیانی لەدەستدا

جار بینراوە: (6.7K)

ئەستێرەی بەنێوبانگی هەڵبژاردەی پۆرتوگال و یانەی لیڤەرپوولی ئینگلیزی دیۆگۆ جۆتا، لە رووداوێکی هاتووچۆدا گیانی لەدەستدا.

بەپێی راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان، هێرشبەری یانەی لیڤەرپوول و هەڵبژاردەی پۆرتوگال، لە رووداوێکی هاتووچۆدا کۆچی دواییکرد.

رۆژنامەی مارکای ئیسپانی نووسیوویەتی “رووداوەکە لە نزیک شارەوانیی پاڵاسیۆس دی سانبریا لە پارێزگای زامۆرای ئیسپانیا روویداوە و یاریزانەکە دەستبەجی گیانی لەدەستداوە.”

بەپێی زانیارییەکان، جۆتا و ئاندرێی برای بەیەکەوە بوون کە ئەویان تەمەنی 26 ساڵە و خۆیشی یاریزانی تۆپی پێیە، هەردووکیان لە رووداوەکەدا گیانیان لەدەستداوە.

یانەی لیڤەرپوول لە راگەیێنراوێکی فەرمیدا هەواڵەکەی راگەیاند و نووسیوویەتی ” هەواڵی گیان لەدەستدانی دیۆگۆ جۆتای 28 ساڵ بەهۆی رووداوێکی هاتووچۆوە لەگەڵ براکەی رادەگەیەنین.”

یانە ئینگلیزییەکە نووسیوویەتی “لیڤەرپوول هیچ لێدوانێکی دیکە لەبارەی رووداوەکەوە نادات. داوای رێزگرتن لە تایبەتمەندیی دیۆگۆ و ئاندرێ، هاوڕێکانیان و فەرمانبەرانی یانەکە دەکات. هەمووان هەوڵدەدەین ئەم لەدەستدانە قورسە تێپەڕێنین.

لە کۆتایی راگەیێنراوەکەیدا لیڤەرپوول دەڵێت “بەردەوام دەبین لەپشتگیریی تەواومان بۆیان.”

رووداوەکە چۆن بووە؟

بەپێی راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان، بەرەبەیانی ئەمڕۆ دیۆگۆ جۆتا و ئاندرێی برای لە نزیک شارەوانیی پالاسیۆس دی سانبریای پارێزگای زامۆرای ئیسپانیا، بەیەکەوەبوون و بە رێگەیەکدا رۆیشتوون و کە خێرای تێیدا لە کاژێرێکدا 65 کیلۆمەترە و لەسەر رێگەی A-52 رووداوەکە روویداوە.

ئۆتۆمبێلی دیۆگۆ جۆتا، لە جۆری لامبۆرگینی بووە، لە شەقامەکە چووەتە دەرەوە، تایەی تەقیووە و دەستبەجێ ئۆتۆمبێلەکە گڕی گرتووە و هەردوو براکە هیچ هەلێکی رزگارکردنیان بۆ نەماوەتەوە.

پەیامی کریستیانۆ رۆناڵدۆ

کریستیانۆ رۆناڵدۆ، ئەستێرەی پۆرتوگال و یانەی نەسڕ پەیامێکی دڵتەزێنی بڵاوکردووەتەوە و نووسیوویەتی ” هیچ مانایەکی نییە. هەر ئێستا پێکەوە بووین لە هەڵبژاردە، هەر ئێستا هاوسەرگیریت کردبوو. سەرەخۆشیی خۆم ئاڕاستەی ماڵباتەکەت، هاوسەرەکەت و منداڵەکانت دەکەم، و هیوای هەموو هێزێکی دنیایان بۆ دەخوازم. دەزانم کە هەمیشە لەگەڵیان دەبیتبە ئارامی بحەوێنەوە، دیۆگۆ و ئاندرێ.”

رۆناڵدۆ لە کۆتایی پەیامەکەیدا نووسیوویەتی ” هەموومان بیرتان دەکەین.”

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Copyright © All rights reserved For Koibas