ته‌مموز 21, 2025

بەهۆی ئاگری دارستانەکانەوە چەند گوندێکی لازقیەی سووریا چۆڵ کران

جار بینراوە: (8.3K)

بەرپرسانی سووریا رایانگەیاند، بەهۆی کەوتنەوەی ئاگرێکی گەورە لە دارستانەکان، تیمەکانی فریاگوزاری خەریکی چۆڵکردنی چەند ناوچەیەکی پارێزگای لازقیەن.

ماوەی چەند رۆژێکە ئاگر لە بەشێکی سووریا، بەتایبەتی ناوچە کەنارییەکان، تەشەنەی سەندووە و ئاگرکوژێنەرەوەکانیش بەهۆی بای بەهێز و وشکەساڵییەوە لە کۆنترۆڵکردنیدا رووبەڕووی ئاستەنگ دەبنەوە.

عەبدولکافی کەیال، بەڕێوەبەری فەرمانگەی کارەسات و فریاکەوتن لە پارێزگای لازقیە، بە ئاژانسی فەرمیی هەواڵی سووریا (سانا)ی راگەیاند، ئاگرەکەی ناوچەی قەستەل مەعاف تەشەنەی سەندووە و لە چەندین گوند نزیک بووەتەوە، ئەمەش وایکردووە تیمەکانی ئاگرکوژاندنەوە و بەرگریی شارستانی دەست بە گواستنەوەی خەڵک بکەن.

بەرگریی شارستانیی سووریا، کە بە کڵاوسپییەکان ناسراوە، هۆشداری داوە بە دانیشتووان لە “بڵاوبوونەوەی دووکەڵی چڕ بۆ بەشی باکووری چیاکانی ناوچەی کەناراو، شاری حەما و دەوروبەری، هەروەها ناوچەکانی باشووری ئیدلب.”

کڵاوسپییەکان هەروەها رایانگەیاند، “بەهۆی بڵاوبوونەوەی بەرفراوانی ئاگرەکە لە چەندین ناوچەی دەوروبەری لازقیە زیان بە باخەکان گەیشتووە”؛ داواشیان لە هاووڵاتییان کرد هەر کەسێک گومانیان لێی هەبوو ئاگری کردووەتەوە، دامودەزگەکانی لێ ئاگادار بکەنەوە.

گۆڕانی کەشوهەوا، کە ئەگەری وشکەساڵی و ئاگری دارستانەکان لە سەرانسەری جیهاندا زیاد دەکات، بووەتە هۆی ئەوەی لە ساڵانی رابردوودا سووریا رووبەڕووی شەپۆلی گەرما، کەمبارانی و ئاگری گەورەی دارستانەکان ببێتەوە.

مانگی حوزەیران، رێکخراوی خۆراک و کشتوکاڵی نەتەوە یەکگرتووەکان (فاو) رایگەیاند، سووریا “لە 60 ساڵدا کەشوهەوای وەها خراپی بەخۆیەوە نەبینیوە” و ئاماژەی بەوە کرد، وشکەساڵییەکی بێوێنە، زیاتر لە 16 ملیۆن کەس دەخاتە مەترسیی تێکچوونی ئاسایشی خۆراکەوە.

وڵاتەکە هەروەها بەدەست دەرهاویشتەکانی زیاتر لە دەیەیەک جەنگی نێوخۆییەوە دەناڵێنێت و قۆناخی گواستنەوە لە دوای رووخانی دەسەڵاتی بەشار ئەسەد لە مانگی کانوونی یەکەمدا بەردەوامە.

کەیال گوتیشی، بوونی مین و تەقەمەنی نەتەقیوە لە ناوچەکەدا، لەگەڵ بای بەهێز کە ئاگرەکە بڵاودەکاتەوە، بوونەتە ئاستەنگ لەبەردەم کاری تیمەکانی فریاگوزاریدا.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Copyright © All rights reserved For Koibas