کام هەرێمی کوردستانی یەکگرتوومان دەوێت؟

کام هەرێمی کوردستانی یەکگرتوومان دەوێت؟

جار بینراوە: (6)

پرسی یەکگرتوویی هەرێمی
کوردستان هەمیشە و لە قۆناغە جیاوازەکاندا، وەک یەکێک لە ئامانجە ستراتیژی و نەتەوەییەکان
ڕەچاو کراوە، کەچی لە دیدگای قووڵی سیاسی و کۆمەڵایەتیدا، ئەم پرسە تەنها لە سنووری
جوگرافیا و نەخشە و خاکی دابەشبوودا کورت نابێتەوە.

یەکگرتوویی لە بناغە ڕاستەقینەکەیدا،
پرسی ئیرادەی سیاسیی سەربەخۆ، دادپەروەریی کۆمەڵایەتی، مسۆگەرکردنی ئازادییەکان و
بەرجەستەکردنی مافی چارەنووسی گەلێکە کە ماندووبووە لە دەستی ستەم و نایەکسانی. لێرەدا،
پرسیارە جەوهەریەکە ئەوەیە کە ئێمە کام چەشنە لە کوردستانێکی یەکگرتوومان دەوێ؟ ئایا
ئامانجمان تەنها کۆکردنەوەی پارچەکانە لە چوارچێوەی خاکێکی یەکگرتوودا، یان پێکهێنانی
قەوارەیەکە کە تێیدا مرۆڤی کورد لە هەموو چین و توێژەکان خاوەنی کەرامەت، ماف و
ئازادی بێت؟ وەڵامی حیزبی شیوعی و ڕوانگە پێشکەوتنخوازەکەی بۆ ئەم پرسە، هەڵوێستێکی
ڕوون و مێژووییە کە جەخت لەسەر کوردستانێکی دیموکراتی و دادپەروەر دەکاتەوە؛
کوردستانێک کە دەسەڵات و بڕیاری سیاسی تێیدا موڵکی تایبەتی نوخبەیەکی بچووکی دەسەڵاتدار
و ئابووری نەبێت، بەڵکو خودی گەل خاوەنی ڕاستەقینەی چارەنووس و بڕیارەکانی خۆی بێت
و سەرچاوەی هەموو شەرعییەتێک لە ئیرادەی جەماوەرەوە سەرچاوە بگرێت.

لەو کۆمەڵگا یەکگرتووەی کە خەباتی
بۆ دەکەین، نابێت سامانی سروشتی، نەوت، گاز و داهاتە گشتییەکانی وڵات قۆرخ کرابن بۆ
خزمەتی کەمینەیەکی سەرمایەدار و دەسەڵاتداری بەرژەوەندیخواز، بەڵکو دەبێت بە شێوەیەکی
دادپەروەرانە لە پێناوی بەرژەوەندی و بژێوی گشتی و پێشکەوتنی تەواوی هاووڵاتییاندا
بەکاربهێنرێن. لەم ئاراستەیەدا، هەر هەرێمێکی یەکگرتوو کاتێک مانای دەبێت کە کرێکار،
جوتیار، مامۆستا، خوێندکار و تەواوی چین و توێژە هەژار و زەحمەتکێشەکانی کۆمەڵگا،
دەنگ و پێگە و مافی ڕاستەقینەی خۆیانی تێیدا هەبێت.

هاوکات داخوازییەکانی هاووڵاتییان
لە ژیان و ڕێکخستنی بازاڕ و دابینکردنی کارەبا و سووتەمەنی، چاکسازی لە سیستەمی سیاسی
و ئابووری و خوێندن و تەندروستی، ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و نادادی، و دابینکردنی
پلانی کەمکردنەوەی هەژاری و بێکاری، بە تەواوی ڕەنگدانەوەی ئەو دۆخە نەخوازراوەن کە
دەرئەنجامی سیاسەتی شکستخواردووی ئەم دەسەڵاتەن، و دەبێت ببنە بنەمای کاری تێکۆشان
بۆ گۆڕانکاری ڕیشەی.

ئەمە جیا لەوەی کە پێویستە جەخت لەوە بکەینەوە کە نابێت یەکگرتوویی
ڕاستەقینە پاساوێک بێت بۆ لەناوبردنی فرەیی سیاسی، ئایینی، نەتەوەیی و کەلتووری. پێکهاتە
جیاوازەکانی کۆمەڵگا، مافەکانی ژنان، ئازادی ڕادەربڕین و پاراستنی مافی مرۆڤ، چونکە
ئەمانە ئەو کۆڵەکە انەن کە دەبێت بناغەی دەوڵەت و کۆمەڵگای داهاتووی لەسەر
بنیاد بنرێت. هاوکات فۆرمی دیموکراتی و فرەلایەنی، زامنکەری پێکەوەژیانی ئاشتیانە
و پتەوبوونی یەکانی نێوان پێکهاتەکانە لە چوارچێوەی یەکڕیزییەکی نیشتمانی
و برایانەدا.

بە کورتی ئێمە کوردستانێکی یەکگرتوومان
دەوێ کە تەنها لە ڕووی ڕووبەری خاک و جوگرافیاوە یەکگرتوو نەبێت، بەڵکو پێویستە لێوانلێو
بێت لە پێوەرەکانی دادپەروەری، ئازادی، یەکسانی و مافی مرۆڤ و وەک
سیمبولێکی بەرزی مرۆڤدۆستی دەربکەوێت.

کوردستانێکی وەها کە نە تێیدا هەژار لەبەردەم
دەوڵەمەنددا بێئیرادە و بێدەسەڵات بێت، نە کرێکار لەبەردەم سەرمایەداردا ستەم لێکراو
بێت، و نە هیچ هاووڵاتییەک لەبەردەم دەسەڵاتی فەرمانڕەوادا بێماف و پەراوێزخراو بێت.
چونکە لە کۆتا ڕۆژدا، یەکگرتوویی ڕاستەقینە تەنها تابلۆیەک نیە بۆ یەکخستنی خاک ،
بەڵکو بریتییە لە یەکگرتنی قووڵی ئیرادەی نیشتمانی گەلەکەمان بۆ بنیادنانی کۆمەڵگایەکی
ئازاد، مەدەنی، پێشکەوتنخواز و دادپەروەر کە تێیدا مرۆڤ بەسەربەرزی و خاوەن بڕیارەوە
بژێت.

12/11/2026

ەکانی تری نوسەر

ئەستێرەکان