دهۆک؛ بە دەستڕێژی گوللە ژنێک کوژرا

دهۆک؛ بە دەستڕێژی گوللە ژنێک کوژرا

جار بینراوە: (1)

-

کەمێک پێش
ئێستا ژنێک لە دهۆک کوژرا و پۆلیسیش دەستی بە لێکۆڵێنەوە لە ڕووداوەکە کردووە و
تۆمەتبارەکە هەڵاتووە
.

پەیامنێری
لە پارێزگای دهۆک ڕایگەیاند، ڕووداوەکە لە شوقەکانی دابین دوو لە ناوەندنی شاری
دهۆک بووە و ژنێکی تەمەن
33 ساڵ بە سێ فیشەک کوژراوە.

ئاماژەی بەوەشکردووە،
تائێستاش هۆکاری پشت ئەم تاوانە بە تەواوی نەزانراوە، هەرچەندە هێزە
ئەمنییەکان لە هەوڵدان بۆ دۆزینەوەی سەرەداوەکان
.

سەبارەت بە
ڕووداوەکەش، بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای دهۆک ڕاگەیاندراوێکی بڵاو کردەوە و
تێیدا ئاماژەی بەوەدا کە دەستبەجێ دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی تاوانەکە، تیمەکانی
بەدواداچوون و لێکۆڵینەوە گەیشتنە شوێنی ڕووداوەکە و دەستیان بە پشکنینی مەیدانی و
کۆکردنەوەی بەڵگەکان کرد، هەروەها بە مەبەستی ئەنجامدانی ڕێکارە پزیشکییەکان و
توێکاری، تەرمی ژنەکە ڕەوانەی پزیشکی دادوەری لە دهۆک کرا
.

لای خۆیەوە
دادوەری لێکۆڵینەوە فەرمانی بە کردنەوەی پەڕاوی لێکۆڵینەوە بۆ ئەم ڕووداوە کردووە
و دۆسییەکە بە پێی ماددەی
406 لە یاسای سزادانی عێراقی مامەڵەی لەگەڵ
دەکرێت کە تایبەتە بە تاوانەکانی کوشتن، تیمەکانی پۆلیس و هێزە ئەمنییەکان لە هەوڵ
و بەدواداچوونی بەردەوامدا دان بۆ دۆزینەوە و ناسینەوەی تۆمەتباری هەڵاتوو و
ئاشکراکردنی هۆکارەکانی پشت ئەم ڕووداوە
.