قسەی خێر
ئاریان فەرەج
قسەی خێر
ئاریان فەرەج
«قسەی خێر» کە
دەکاتە لێدوانی بەرپرسیارانە و ڕاگەیاندنی
هێور و ئاشتەواییخواز و نووسین و بانگەواز بە ئاڕاستەی هاندانی ڕێککەوتن و پێکهاتنەوەی
پارتی و یەکێتی بەر لەوەی کارلەکار بترازێ، ئایا تەنها لە قازانجی هەرێمە و لە بەرژەوەندیی
گشتی و بە دڵی میللەتە؟ ئهدى لە قازانج و بەرژەوەندیی حزبەکان و بە دڵی ئەوانیش نییە؟
ئایا تەنها ئومێدی میللەتە و ئومێدی ئەوان نییە؟ مەگەر مان و نەمان و شین و شادیی
میللەتەکە و حزبەکان پێکەوە نییە؟ ئەگەر قەوما لە هەموومان ناقەومێ؟ ئەگەر هەرێم
بوو بە دوو کەرت و دوو زۆن، حزبەکانیش بەسەر دوو کەرت و دوو زۆندا دابەش نابن؟ کە
ئەم قەوارەیە لاواز بوو حزبەکانیش لاواز نابن؟ مەگەر حزبەکان هێز و وزە و توانا لەم
خاکە و لەم خەڵکە و لەم نیشتمانە وەرناگرن؟ مەگەر زادە و بەرهەمی ئەم خاک و نیشتمانە
و پێشڕەوی ئەم گەلە نین؟ ئەگەر خوانەکردە
ئەم دەستکەوتانە لەبەین چوون، جگە لە میللەتەکە، حزبەکانیش کە دەیان ساڵ لە پێناو
بەدیهێنانی ئەو دەستکەوتانەدا ڕەنجیان کێشاوە، ڕەنجبەخەسار نابن؟
ئەگەر وەڵامی
لۆژیکییانەی ئەم پرسیارانە بێ دوودڵی «بەڵێ» بێت، کەواتە بە هەمان لۆژیک هەر قسەیەکی
خێر بە ئاڕاستەی پشتگیری لە کۆبوونەوەی پارتی و یەکێتی و پەرۆشی بۆ ڕێککەوتن و پێکهاتنی
ئەو دوو حزبە و کردنەوەی ئەو گرێ کوێرە نەفرەتییەی یەخەی گرتووە، بەر لەوەی
پەرۆشی بێت بۆ کوردستان و لە قازانجی کوردستان بێت، لە خێر و قازانجی پارتی و یەکێتییە.
هەموو ڕاستییەکانی
مێژوو گەواهیدەرن؛ کاتێک ئەم دوو هێزە هاوسەنگەر و تەبا بوون، نەک هەر کوردستان خێر
و قازانجی دیوە، خۆشیان گەشەی سیاسی و دیبلۆماسی و پێگەی جەماوەرییان باڵای کردووە
و ئەرکی حوکمڕانییان سووک بووە، بەپێچەوانەشەوە،
کەی وەهمی کوشندەی یەکترسڕینەوە یەخەی گرتبن، وەک دوو هێزی ئەرک لەسەر شانی هاوچارەنووسی
ناو یەک کەشتی، زیانیان بە خۆیان و بەیەکدی و بە کوردستان گەیاندووە. هیچ بەڵگەهێنانەوەیەکیشی
ناوێت کە خوانەکردە هەر ڕۆژێ ئەم ئەزمونە لە کورد تێکبچێت، بەر لە هەمووان لە خودی
پارتی و یەکێتی تێکدەچێت کە هەر خۆیان ئەندازیار و پێشڕەو و بەدیهێنەری بوون.
کەواتە بێ
دوودڵی، جاران و ئێستاش بەرپرسیاری و دڵسۆزی بۆ حزب، بۆ هەر یەک لە پارتی و یەکێتی،
سەنگەرلێکگرتن و دیفاع لە هەڵوێستی دژبەیەک و خۆشکردنی ئاگری دووبەرەکی و قووڵکردنەوەی
دەلاقەکان نییە. چونکە هاندانی بێباکانەی ناکۆکییەکان دواجار دەگات بە لەبەینچوونی
کوردستان، کە دەکاتە بڕینەوەی قەد و لقی ئەو دارەی سێبەری بۆ هەردوولا کردووە و هەموانی
لەسەر وەستاون.
کەواتە کورت و
موختەسەر، لەم ڕۆژە سەختانەدا ئەو قسەی خێرەی بۆ کوردستان بەسوودە، هەر ئەویش بە
قازانجی هەردوو حزب و هەموو لایەکە.. قسە هەزارە و هەر قسەی خێر بەکارە.
هەموو ەکان کاتێک لەبڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی















Post Comment