دەنگی عەقل لەزەمەنی شێتایەتی و ڕۆژە ڕەشەکاندا !
لە جیهانێکدا کە قەیرانەکانی- سیاسی، ئەمنی و ئابووری هەروا لەسەر یەکتری کەڵکەدەبن و، هەڕەشەکان بوونەتە سەرچاوەی دڵەڕاوکێ و نیگەرانی و مەترسیەکان بەهۆی حساباتی هەڵەوە لەژێر کۆنتڕۆل دەردەچن، یان بەکارهێنانی هێز وەک تاکە ئامراز بۆ مامڵەکردن لەگەڵ قەیرانەکاندا، لێرەوە حیوار و گفوگۆ و نێوەندگیری تاکە ئامرازە کە بتوانێت ئەو قەیرانانە دامرکێنێت ، ئا لەناو ئەو دۆزەخی قەیران و ئاڵۆزیەدا کە هەمیشە زەرەرمەندی خەڵکە ، وا هەرێمی کوردوستان دوای کاراکردنەوەی پەرلەمان بەرەو قەیرانێکی تری ناخۆشدا ئەویش دابەشبوونی فعلی سیاسی و جوگرافی و نەمانی هاوسۆزی دەڕوات، کە من پێم وایە دەستی سەوزی عاقلمەندان و ئەو کەسەی کە بە دەیان وێستگەی ستراتیژیدا ڕۆیشتووە دەگاتێ کە ئاییندە دەخوێننەوە و، هەڕەشەی ئەو دابەشبوونە فیعلیە دەوەستێنێت و لێناگەڕێ ببێتە واقیع، کە ئەوەی سووریش بێت لە لەتکردنی، ئەمە لووتکەی ناپاکی و هەڵبژاردنی مردنە چونکە وازهێنانە لە زاکیرەی گەل و لەبیرکردنەوەی مێژوو و یادەوەری و سومبولەکانە، نیشتیمان میوانخانە و جانتایەک نیە لێیدابنیشی و پاشان بڕۆی و بەجێیبێڵی یان بە کەفی ئەم حزب یان ئەو حزب بۆ بەرژەوەندی خۆی بەکاریبهێنێت، نیشتیمان روح و هەست و کاتە ناتوانیت ماڵئاوایی لێبکەیت، دادەوەر حوکمی لەسێدارەدانی بەسەر « سوکرات »ی فەیلەسوفدا بە خواردنی ژەهر سەپاند، سەرپشکیکرد لە نێوان ڕەتکردنەوە و تەنازولکردن لە مەبدەئەکەی و تەعالیمەکانی یان مردن، سوکرات مردنی هەڵبژارد، قووتابیەکانی پێیان گووت ؛ ئەی سوکرات ڕێگایەکمان بۆ دۆزیەوە بۆ هەڵاتن، چونکە ئەو قانونەی بە پیاوێکی وەک تۆ حوکم دەکات، قانونێکی زاڵمە، سوکرات گووتی: شکاندنی قانون هەتا ئەگەر زاڵمیش بێت، دەبێتە مایەی فەوزا، بۆیە مانەوەی پەلەمان وەک خۆی فەوزای لێدروست دەبوو، ئێستا هەرێمی کوردوستان وەکو تڕومبێلێکی پەکەوتووی لێهاتووە و پێویستی بە دەستتێوەردان هەیە و، کاتیەتی بە هەموولایەک تەعمیر و نوێی بکەنەوە و بەنزینی تێبکەن ، کەچی دەبینین هەندێک گرنگی پێنادات و تەنها سوواربوونی تڕوبێلەکە نەبێت، ئێمەش ئەوڕۆ پێویستیمان بەوە هەیە کە کار بۆ قورتارکردنی ئەوەی دەکرێت قورتاری بکەین، خوانەخواستە کەوتن وەک ئەوەی بەسەر کۆماری مهاباد-دا هات، تەنها ئەگەرێک نابێت بەڵکو دەبێتە حەتمیەتێکی مێژوویی، مێژوو تائێستاشی لەگەڵدابێت پڕیەتی لە وێنەی لە ململانێی نێوان مرۆڤ وەک تاک و گڕوپەکان و حزبەکان و دەوڵەتەکان کە ئەمە لەکن ئێمەش هەیە و، زۆر قوڕسە بۆ عەقل کە سەیری ئەو مێژووە دەکەیت تەسەوڕی کۆتاییەکەی بکەیت و، هەر ململانێیەکیش لەنێوان دوو لێکچوو ململانێیەکی دروست نەبووە، چونکە سەرکەوتنی هەر لێکچووێکیش بەسەر ئەوەی تردا هیچ شتێکی نوێی تێدا نابێت، بۆیە باشترین چارەسەر بریتیە لە حیوار و سەبرگرتن و دانبەخۆداگرتن بۆ شکاندنی ئەو وێنە بنبەستە و چەقبەستووەی هەردوو لێکچوو و، هەڵوەشانەوەی گوە دۆژمنکارەکان لە ڕێگەی گفتوگۆ و شەرعکردنی ئاڵۆزیەکانی واقیع دوور لە میدیای چەواشەکار و قەبەکردنی گۆشە تاریکەکان، ئێمە دەبێت بۆ پیرۆزی کوردوستان سیاسەت بکەینە هونەر، حیوار و گفتوگۆ بکەینە هێز و، وشە بکەینە چەک، ئەزموونە مێژووییەکان کە بەسەر میللەتاندا هاتووە سەلماندویانە کە گفتوگۆی سیاسی و دانوستاندکردن و کلیلی چارەسەرکردنی هەموو ململانێکانە، ئێمەش لەو چرکەساتە مەترسیدارەدا پێویستیمان بە بیرکردنەوە لە بەرژەوەندیە هاوبەشەکان و داننان بە لێکتێگەیشتن و لێبووردەیی و بەخۆداچوونەوە و ڕێکەوتن هەیە، کە ئەمە خوێندنەوەی دروستن بۆ ئەزموونەکانی مێژوو، ڕواندا کە لەنێو چڵپاوی خوێنی شەری ناوخۆدا هەڵسایەوە و بۆتە ڕاقیترین وڵاتی کێشووری ئەفریقیا، بۆیە ترسناکترین شت بۆسەر نەتەوە و نیشتیمان چەقبەستوویی و ڕەقیە لە هەڵوێستە سیاسیەکان و، پەیامی سەرۆکی هەرێمی کوردستان-یش لە کاراکردنەوەی پەرلەمان تەئکیدی لەسەر کردەوە کە گووتی: گفتووگۆ و سازان و هاوبەشی نێوان هەموو هێزە سیاسیەکان، بنەمای تێپەڕاندنی ناکۆکیەکان و ڕووبەڕووبونەوەی تەحەدیەکان و تێپەڕاندنی دۆخی بنبەستی سیاسی-یە، ئەم قسەیەی بەڕێزیان بایەخی پەرلەمان پێشان دەدات کە دەبێت هەموو لایەک بەشداری تێدا بکەن، ئەمە دەنگی عەقلە لەو زەمەنە ناخۆشە و لەو جیهانە هەلاوگێڕ و گۆڕانە ترسناکەدا، بایەخی پەرلەمان لەوەدایە کە هەمیشە ڕای گشتی جیهان گوێ لە حکومەتەکان ناگرن، بەڵکو بە بایەخەوە گوێ لە پەرلەمانتاران ، هەموو ئەو دەنگانەی نوێنەرایەتی خەڵک دەکەن دەگرن ، نەک دەسەڵات، پەرلەمان بەرلەوەی سەکۆیەکی سیاسی بێت، دەبێت وەک پرد بەکاربهێنرێت و ببێتە دەنگێکی ئارام بۆ جیهان و بەرژەوەندی نیشتیمان بێداخران هەڵگرێت .















Post Comment