قەیرانی سیاسی یان قەیرانی ئیدارەدان؟ هەڵسەنگاندنێک بۆ ئەدای دەسەڵاتی هەرێم

قەیرانی سیاسی یان قەیرانی ئیدارەدان؟ هەڵسەنگاندنێک بۆ ئەدای دەسەڵاتی هەرێم

جار بینراوە: (3.8K)

ڕیڤان خدر عەوڵا

لە کۆنتێکستی سیاسیی هەرێمی کوردستاندا، زۆرجار بڕیاربەدەستان هەوڵ دەدەن ناکۆکی و قەیرانەکان تەنیا وەک پاشکۆی کێشە ناوچەیییەکان یان ململانێی لایەنەکان پێناسە بکەن، بەڵام خوێندنەوەی واقیعی حوکمڕانی دەریدەخات کە گرفتە بنەڕەتییەکە لە بنەمای ئیدارەداندا خۆی حەشارداوە. هەڵسەنگاندنی ئەدای جێبەجێکردن لە دامەزراوەکاندا دەری دەخات کە نەبوونی پلانێکی نیشتمانیی درێژخایەن و گۆڕینی دامەزراوە ڕەسمییەکان بۆ ئامرازی جێبەجێکردنی بڕیاری حزبی، بووەتە هۆی پەکخستنی کەرتی خزمەتگوزاری و ئابووری. ئەمە تەنیا قەیرانێکی سیاسیی کاتی نین، بەڵکو دەرئەنجامی شکستی مۆدێلێک لە حوکمڕانییە کە جیاوازی لە نێوان “ئیدارەدانی نیشتمان” و “بەڕێوەبردنی بەرژەوەندیی سیاسی” ناکات.
کەڵەکەبوونی قەیرانی ئابووری، نەبوونی شەفافییەت لە داهاتەکان و دابڕانی دەسەڵات لە داواکارییە سەرەتاییەکانی هاووڵاتییان، سەلمێنەری ئەوەن کە کێشەی لە دروستکردنی بڕیاری ئیداریدایە. کاتێک ئامرازەکانی کۆنتڕۆڵ و لێپرسینەوە بێکاریگەر دەکرێن، دەسەڵاتی جێبەجێکردن لە جیاتی شیکردنەوەی زانستی بۆ ئاڵۆزییەکان، بەکارهێنانی کات و دروشمی بێناوەڕۆک دەکاتە ستراتیژ. ئەم داخورانە ئیدارییە ڕاستەوخۆ کار دەکاتە سەر بڕست و متمانەی جەماوەر، بە جۆرێک کە چاکسازییە ڕووکارییەکان ناتوانن هاوسەنگی بۆ ی نێوان هاووڵاتی و دەسەڵات بگەڕێننەوە.
زانای کۆمەڵناسی و بیرمەندی بەرجەستەی ئەڵمانی ماکس ڤێبەر (Max Weber) لە شیکردنەوەناسیی خۆیدا بۆ دەسەڵات و ئیدارە دەڵێت: «دەوڵەتداریی هاوچەرخ و بەردەوام تەنیا لە ڕێگەی بیرۆکراسییەکی عەقڵانی و یاساییەوە بەڕێوە دەچێت، نەک لە ڕێگەی دەسەڵاتی کەسی و نەریتخوازییەوە.» جێبەجێکردنی ئەم چەمکە لەسەر واقیعی هەرێم پیشانی دەدات کە دوورکەوتنەوە لە حوکمڕانیی دامەزراوەیی و پشتبەستن بە هەژموونی کەسی و حزبی، ڕاستەوخۆ دەبێتە هۆی لاوازبوونی بنەماکانی بەڕێوەبردن و دروستبوونی قەیرانی بەردەوام لە ئەدای دەسەڵاتدا.
لە کۆتاییدا، جیاکردنەوەی قەیرانی سیاسی لە قەیرانی ئیدارەدان هەڵەیەکی مەعریفییە، چونکە شکستی ئیداری بەرهەمی ڕاستەوخۆی ڕێککەوتن و ساختاری سیاسیی ناڕاستە. بۆ دەرچوون لەم دۆخە چەق بەستووە، پێویستە سەرلەنوێ پێناسە بۆ چەمکی خزمەتگوزاری و بەرپرسیارێتیی گشتی بکرێتەوە. بەبێ دامەزراندنی سیستەمێکی ئیداریی سەربەخۆ، شەفاف و وەڵامدەرەوە کە لەسەر بنەمای لێهاتوویی بونیاد نرا بێت، هەر هەوڵێک بۆ چاکسازیی سیاسی تەنیا خولانەوە دەبێت لە بەستێنێکی ئاڵۆز و بێدەرئەنجامدا.

بابەتى تر


👤
Live: 96 Today: 1,721 📊 Click Here