هەڵبژاردن بڕیار بوو دووبارە کوردستان ڕێکبخاتەوە
بەهرۆز محمد غەفار
هەڵبژاردنەکان لە دوای قەیرانە سیاسییە درێژخایەنەکاندا وەک دوگمەیەک بۆ بەگەڕخستنەوە یان ڕێکخستنەوەی سەرلەنوێی جومگەکانی دەسەڵات تەماشا دەکرێن؛ دەرفەتێک بۆ دروستکردنی خاڵێکی دەستپێکی نوێ، هێنانەکایەی پەرلەمانێکی کارا، بەخشینی متمانەیەکی نوێ بە دامەزراوەکان، دروستکردنی کابینەیەکی نوێ، و داڕشتنەوەی هاوسەنگییەکی نوێی سیاسی لە نێوان هێزەکاندا.
کەچی کاتێک تەماشای دۆخی هەرێمی کوردستان دەکەیت، دەبینیت دوای ئەو هەموو بانگەشە گەرمە، خەرجکردنی سەرمایەیەکی زۆری دارایی و ڕاکێشانی خەڵک بۆ سەر صندوقەکان، تەواوی پرۆسەکە شکستی هێناوە لە دروستکردنی گۆڕانکاریی جەوهەری و هیچ شتێکی ڕاستەقینەی لە واقیعی حوکمرانیدا نەگۆڕیوە! کاتێک هەمان چەقبەستوویی سیاسی، هەمان ناکۆکیی حیزبی و هەمان ئیفلیجیی ئیداری دوای ڕاگەیاندنی ئەنجامەکانیش دووبارە دەبنەوە، پرسیاری جەوهەری ئەوەیە: لە بنەڕەتدا چی گۆڕاوە و سود لەم پرۆسەیەدا چی بوو؟ لەم واقیبە تاڵەدا، مرۆڤ ناچارە بە پێکەنینێکی تاڵەوە بڵێت:
“سیاسییەکانی ئێمە دوگمەی ڕێکخستنەوەی سەرلەنوێی پرۆسەی سیاسییان داگرت، بەڵام سەیری ئەوە بوو ئامێرەکە ڕێک بە هەمان کێشە و کەموکوڕییەکانی پێشوویەوە دووبارە دەستی بە کارکردن کردەوە!” ئەم ئەنجامە پووچە نیشانی دەدات کە گرفتەکە لەوەدا نییە خەڵک دەنگ دەدات یان نا، بەڵکو لەوەدایە کە دەستەبژێری سیاسی دەیانەوێت هەڵبژاردن تەنیا وەک ئامرازێک بۆ شەرعییەتدانەوە بە هەمان مۆدێلی ناکارای حوکمرانی بەکاربهێنن. ئەگەر هەڵبژاردنە بەردەوامەکان بە تەنیا تەنیا پەککەوتنی دامەزراوەیی و دابەشبوونی زیاتر بەرهەم بهێننەوە، ئیتر کاتی ئەوە هاتووە دیالۆگی گشتی لە پرسیاری سادەی “کێ هەڵدەبژێردرێت؟” تێپەڕێنرێت و ئاراستە بوبکرێت بۆ پرسیارە قووڵ و بکوژەکە کە بریتییە لە: “سەراپای ئەم سیستەمە چۆن کار دەکات و چۆن پێویستی بە هەڵوەشاندنەوە و دروستکردنەوەی بنەڕەتی هەیە؟” چونکە بەبێ چاکسازیی ڕاستەقینە لە پەیکەرەی دامەزراوەکان و ڕاگرتنی هەژموونی حیزب، هەزار هەڵبژاردنی تریش تەنیا دووبارەکردنەوەی هەمان شانۆگەریی بێئاکام دەبن کە تێیدا تەنیا تەمەنی هاووڵاتییان دەسووتێت و هیچ شتێک ڕێکناخرێتەوە.















Post Comment