جەنگ لە پێناو مانەوە
شاخەوان عەزیز نادر
لە سیستەمی حوکمڕانی لە هەرێمی کوردستاندا، زۆر جار هەڵەیەکی مەزن دەکرێت کاتێک جووتیار تەنیا وەک قوربانییەکی بێدەسەڵات نمایش دەکرێت؛ لە کاتێکدا کێشەکە زۆر قووڵترە و پێویستە تێکڕای زنجیرەی بەرهەمهێنانی کشتوکاڵی لەبەر چاو بگیرێت: لە تۆوی چاندن، سیستەمی ئاودێری، کڕینی ئامێر و مەکینەی کشتوکاڵی، کۆگا و ساردکەرەوەکان، گواستنەوە، پرۆسەی پاککردنەوە و پیشەسازیکردن،
دابینکردنی دارایی و قەرز، بیمەی کشتوکاڵی، تا دەگاتە بازاڕەکانی ساغکردنەوە و هەناردەکردن بۆ دەرەوە. هیچ جووتیارێکی تاکەکەسی ناتوانێت بە تەنیا و بێ بوونی ژێرخانێکی دەوڵەتی، ئابوورییەکی کشتوکاڵیی سەرکەوتوو و خۆڕاگر بونیاد بنێت. کاتێک حکومەت تەنیا لە قۆناغی سەرەتای چاندندا دروشم بەرز دەکاتەوە یان پشتگیرییەکی ڕووکەش پیشان دەدات، کەچی لە دوای دروێنە و پێگەیشتنی بەرهەم بە تەواوی دەستی لێ هەڵدەگرێت و جووتیار لەبەردەم مەترسیی مایەپووچبووندا جێ دێڵێت، سیاسەتی کشتوکاڵی لە بنەڕەتدا بە شێوازێکی ناتەواو و فەشەل دیزاین کراوە. ئەم پشتگوێخستنە سیستماتیکییە، ئاسایشی خۆراک و داهاتووی ئابووریی نیشتمانی دەخاتە ژێر مەترسیی هەمیشەییەوە، چونکە چاکسازیی ڕاستەقینە کاتێک دەست پێ دەکات کە کۆمەڵگە ڕەتی بکاتەوە
قایل بێت بەم بەستێنە ناتەواوە و بە یەکدەنگی داوای بنیاتنانی زنجیرەیەکی تەواوی پشتگیریی ئابووری و کشتوکاڵی بکات، تا جووتیار لە سایەی دەوڵەتێکدا کار بکات کە هەم لە سەرەتای چاندن و هەم لە دوا قۆناغی فرۆشتندا پشت و پەنای بێت. لە هەناوی ئەم بێسەروبەرییە کارگێڕییەدا، تاڵترین تەنز لەوەدا بەرجەستە دەبێت کە دەبینین: لە هەرێمی کوردستاندا دەسەڵاتداران بەردەوام بە شانازییەوە باسی پشتیوانیی کەرتی کشتوکاڵ دەکەن، کەچی جووتیار لە کاتی دروێنەدا ناچارە بە چاوی خۆی ببینێت بەروبوومەکەی لە باخ و کێڵگەکاندا دەڕزێت، چونکە سیستمەکە هەموو شتێکی بۆ دابین کردووە جگە لە کۆگایەک بۆ پاراستنی یان بازاڕێک بۆ فرۆشتنی!















Post Comment