ئەرێ چی بەسەر خەڵکی کوردستان هاتووە !!

ئەرێ چی بەسەر خەڵکی کوردستان هاتووە !!

جار بینراوە: (1.3K)

برادەرێم هەیە زۆر زیرەک بوو پلەی کۆلیژی پزیشکی زانکۆی بەغدای هێنا، بەڵام حەزی لە هەندەسەی میکانیک بوو و، دوای هەشتاکان چووە کەنەدا، لەبەر ئەوەی ئەندازیارێکی میکانیکی زۆر زیرەک بوو کۆمپانیاکانی ئەوێ کێبڕکێیان بوو لەسەری و لە دۆخێکی دارایی زۆر باش دایە، ماوەیەک لەمەوبەر بەسەردان هاتەوە هەرێمی کوردستان، شاگەشکە بوو بە ئاوەدانکردنەوەی هەرێمی کوردستان بەتایبەتی شاری هەولێر لە باڵەخانە و پارک و باخچە و جادە و شەقامی هاوچەرخ و بەنداو…تاد، سەردانی سلێمانی-یشی کرد بۆ لای هەندێک برادەری و، بەر لەوەی بڕواتەوە هاتە ماڵمان و، داواملێکرد کە بە یەکجاری بێتەوە هەولێر و ئەو بەهرەیەی هەیەتی لێرە تەرخانی بکات ، پێی گووتم: کورە ڕاستە هەرێمی کوردستان ئاوەدانکراوەتەوە، بەڵام نەمزانی کوردستان دووچاری وەسوەسەی خانووبەرە و شوقەی زۆر و ڤیلای گرانبەها و نەمانی چینی ناوەند بووە، ڕاستە هەرێمی کوردستان شەقامی جوان و فراوانی هەیە، بەڵام ڕەفتاری خەڵکی لەسەر ئەو شەقامانە کارەساتاویە و تائێستاش هاژوشتنی ترومبێل گەورەترین مەترسیە بۆسەر ژیانی مرۆڤ ئەوە جگە لە شکانەوە بەسەر یەکتری و جوێنی بە ئیشارەت، وەک ئەوەی تۆ لە سێرک-ێکی نەتەوەیی بیت و حکومەت لە حالەتێکی نیمچە نەتوانینێک دابێت سەبارەت ڕێکخستنی مرور و بەزەڕوڕەت دان بە لێسەندنەوەی ئیجازەی ترومبێلە پەککەوتە و سەماکەرەکان-دا نەنێت ، هەروەها گووتی: مەترسیدارتر ئەوەی بینیم ئەوە بوو کە خەریکە بەخێرایی ئەخلاق دادەڕمێت، درۆ و چڵێسی و قۆلبڕین و ساختە و دووڕیی « نیفاق » و ڕێزنەگرتنی وشە و مەوعید و ڕێککەوتن بۆتە ڕۆتینی ڕۆژانە لە غیابی ڕۆلی خێزان و قوتابخانە و زانکۆ و مزگەفت، جارێ لە شوناسی زمانەوانی گەڕی کە زۆربەی گوندە هاوچەرخەکان بە زمانی ئینگلیزین و منداڵ و گەنجەکان ئەگەر بە دوو وشە بە کوردی بئاخفن ئەوەی تر بە ئینگلیزیە، پێشی گووتم: زۆر خەفەتم خوارد کە بینیم کۆمەڵگا دابەش بووە و ناتەبایی و دووبەرەکی و پەرتەوازەیی باڵی کێشاوە و ناحەزانی خەنی کردووە کە زۆر بێهیوای کردم، ئەوەشم بینی کە دینداریەکی بە ڕوالەت و تەدەخولکردن لە خسوسیاتی خەڵک و دابڕانێکی تەواو لەنێوان ڕیوڕەسمە ئایینیەکان و نێوان جێبەجێکردنی جەوهەری ئەخلاقی و بەهای ئایینی هەیە، گوتیشی: ئەوەش سەیر بوو لام کە بینیم کە شێتاتیەکی سەمەرە بە سۆشیالمیدیا و ترێند و پڕوپاگەندە و بیردۆزی پیلانگێڕی هەیە و، هەستم بەوەش کرد کە کلتورێکی نوێ لە کوردستان سەریهەڵداوە، ئەویش کلتووری خێرایی، هەموو کەس ئەنجامی یەکسەر و فەوری دەوێت: قازانجی خێرا، پلەبەرزکردنی خێرا، سەرکەوتنی خێرا و خۆبەراودکردن لەگەڵ سەروی خۆی، لەبەردەم هەموو ئەمانەدا بەهاکانی کۆن وەکو کۆڵنەدان و چونەپێشی هەنگاوبەهەنگاو و پابەندبوونی درێژخایەن، وەک ئەوە وایە کە ئەمانە هی زەمەنێکی تربن و، وا هەستمکرد ڕێساکانی گەمەکە گۆڕابن و چیتر کەفائەت و کارامەیی پێوەری یەکلاکەرە نین، بەڵکو ئەوەی جێگەی گرتۆتەوە تۆڕی کەسیە، دواجار ئەو برادەرە بە خەمەوە ماڵئاوایی لە من و خێزانم و منداڵەکانم کرد و، ئەو برادەرەم ئەوەی بۆ ڕوونکردینەوە کە ئێمە لەسەر لێواری خلیسکانێکی ترسناکی کۆمەڵایەتی و ڕەفتاریی داین کە لەوانەیە بەهێزەوە لە ڕیشەی بنچینەیی بناغەی کۆمەڵگەی بدات، لەژێر سایەی غیابی ڕێنوێنی میدیایی و داڕمانی ڕۆلی خێزان و قوتابخانە و دابەزینی کلتوور و ئەو ئەخلاقەی کە بەهۆی نەزانی و ئیرەیی و تەماحکاری و هەوڵدان بۆ پەیداکردنی ڕزق بە ڕێگای چەوت و چەوێڵ سەریهەڵدا.

بابەتى تر


👤
Live: 95 Today: 1,929 📊 Click Here